دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ له پەیامێكدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵان داوای لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان كرد کار بکەن بۆ ئەوەی کارکردن بە منداڵان و گێچەڵکردن بە منداڵانی سەرشەقام و بەکارهێنانیان بۆ سواڵکردن ڕابگیرێت.
دهستهكه له پهیامهكهدا ڕایگهیاند: ئەمڕۆ یەكی حوزەیران رۆژی جیهانی منداڵانە كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1954 داوای لە وڵاتان كرد لەم رۆژەدا ئاهەنگ و چالاكی تایبەت بە منداڵان ئەنجام بدەن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم منداڵانی کوردستان كرد و پشتگیری تەواوی مافەکانیان كرد، هەروەها داوای لە دایک و باوکانیش كرد كار بە منداڵهكانیان نەکەن و زیاتر پشتیوانییان بن بۆ خوێندن، چونکە کارکردنی منداڵان پێچەوانەی یاسا نێودەولەتییەکانە و پێشیلکاری مافەکانی منداڵانە.
ڕاشیگهیاند: هەر لەم بۆنەیەدا داوا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە کار بکەن بۆ ئەوەی کارکردن بە منداڵان و گێچەڵکردن بە منداڵانی سەر شەقام و بەکارهێنانیان بۆ سواڵکردن رابگیرێت و ڕێگری لێ بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتی هۆشیاری فراوان ئەنجام بدرێت و لەم لایەنەوە هەنگاوی جددی بهاوێژرێت بە هەماهەنگی و کار بۆ ئەوەش بکەن كه سەرجەم منداڵانی کوردستان بخرێنە ناو پرۆسەی خۆێندنەوە لەپێناو ئایندەیەکی باشتر و گەشتر بۆیان.
جهختیشی كردهوه كه ئهوان لە دەستەی مافی مرۆڤ بە پشتبەستن بە رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن بۆ پاراستنی مافی منداڵان لە کوردستان و باشتربوونی دۆخی منداڵان داکۆکیکردن لە مافەکانیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.