Erbil 38°C ھەینی 11 تشرینی یەکەم 15:28

وەزیری دارایی لە پەروێزخان: بۆ کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری هەماهەنگ و هاوکاربن

کوردستان TV
100%

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022/06/02 لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان کۆبووەوە، داوای کرد کە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن بۆ ئەوەی ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێ بھێندرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری بە یاوەری یاسین واحید بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و بە ئامادەبوونی ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم و سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکە جیاوازەکانی ناو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنووری ئیدارەکە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجام دا.

ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکە وەزیری ئابووری گوتی کە لەژێر ڕۆشنایی بەدواداچوون و ئامارەکانی بەردەست جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە ڕێگەی دەروازەکەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لە کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و بودجەی پرۆژەکان هه‌بووه‌.

ئەوەشی خستەڕوو کە وەزیری دارایی داواشی کرد کە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن لە بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە ئیداری یاساییەکانی وەزارەتی دارایی و ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێ بھێندرێت، ئەمەش لەپێناو ڕەخساندنی ھەلی بازرگانی و ھاوردەکردن و ھەناردەکردن بۆ سەرجەم بازرگانان بەبێ جیاوازی.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش داوە کە هەر لە کۆبوونەوەکە سەرجەم ئامادەبووان سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکانیان بۆ ئەو مەبەستە خستەڕوو و لە کۆتاییدا وەزیری دارایی بڕیاری دا بە:

1- لەمەودوا بارەکانی ترانزێت کڵۆم دەکرێت و بەبێ مەئموور بەڕێ دەکرێت.

2- بازرگانان ئازادن لە بازرگانیکردن و حساباتی ڕەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.

3- لابردنی ڕەسید بۆ ھەموو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێت.

4-پیاداچوونەوە دەكرێت بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک.

5- پێداچونەوە بە لێخۆشبونی (202) ماددە کە حکوومەتی عێراق لێخۆشبوونی بۆ کردووە.

6- تەسریحەی گومرکی تەنھا یەک جار پارە وەردەگیرێت واته لە دووبارەبوونەوە هیچ بڕه‌پارەیه‌ك وەرناگیرێت.

7- کرێی بارھەڵگرەکان مەرزی پەرویزخان ڕێک دەخرێتەوە.

8- پێداچوونەوە بە کرێی پشكنینی كۆمپانیاكانی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەروازەكان دەکرێت.

9- پێداچوونەوە بە پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی دەکرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.

10- 200 دۆنم زەوی بۆ کۆگەکانی بازرگانان دابین دەکرێت كە ئەمیش دەبێتە هۆی ڕەخساندن دوو هەزار هەلی كار بو ناوچەی گەرمیان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.