Erbil 38°C ھەینی 11 تشرینی یەکەم 15:22

سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتی ناوخۆ: هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارامە لە ناوچەیەکی نائارام

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 2 ی حوزەیران لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، سەردانی وەزارەتی ناوخۆی کرد.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و بریکاری وەزارەت و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارەکانی ئیدارە سەربەخۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو.

ڕاشیگەیاند: لە سەرەتای کۆبوونەوەکە وەزیری ناوخۆ پوختەیەکی دەربارەی کار و پڕۆژەکانی وەزارەت و ئەو چاکسازیانەی لە وەزارەتی ناوخۆدا کراون، لە چوارچێوەی پلان و کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی لە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانی وەزارەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتییان لە بوارەکانی هاتووچۆ و نشینگە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری و هەماهەنگیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان. 

ئەوەشی خستەڕوو کە دواتر لە وتەیەکدا سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگی وەزارەتی ناوخۆ کرد کە وەزارەتێکی گەورە و گرنگ و یەکێک لە سەرکەوتووترین وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستانە، وێڕای ئەوەی وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە و چەندین جۆری خزمەت پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات، لە هەمانکاتدا جێبەجێکاری یاسا و بەرپرسیاریشە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتییان بە هەماهەنگی و هاوکاری دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە کە جێی خۆشحاڵیی و دەستخۆشییە، هەماهەنگییەکی باش لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەهۆی ئەم هەماهەنگیی و بەیەکەوە کارکردنە و بە هۆی هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی هەرێم لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، ئێستا هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارامە لە ناوچەیەکی نائارامدا.

ئاماژەی بەوەش دا کە سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە دەبێ یاسا بە یەکسانی بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ بکرێت و نابێت کەس لە سەرووی یاساوە بێت، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆشمان ڕاسپارد کە لە جێبەجێکردنی یاسا و سزادانی تاوانباران، ئەوانەی بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و کۆمەڵگە، زۆر توندبن و هیچ چاوپۆشی و کەمتەرخەمییەک نەکەن لە بە سزاگەیاندنیان، بە تایبەتی نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی تاوانی ڕێکخراو ئەنجام دەدەن و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکەن و لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێ شیرازەی کۆمەڵگەی کوردستان تێک بدەن، بۆیە دەبێ بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەم جۆرە تاوانانە ببنەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش هاتووە کە ئاماژە بە زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کرا و باس لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و سزادانی ئەو شوفێرانە کرایەوە کە زۆر بەخێرایی و سەرەڕۆییانە و دوور لە هەموو ڕێنماییەک، ئۆتۆمبێل لێ دەخوڕن .

ئەوەش خرایەڕوو کە سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە لە فەرمانگەکانی حکوومەت، زۆر بە ڕێزەوە پێشوازی لە هاووڵاتییان بکرێت و بە باشترین و شایستەترین شێوە خزمەتیان بکرێت، پێویستە خزمەتکردن و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاووڵاتییان، ئامانجی سەرەکی بەرپرسان و فەرمانبەرانی حکوومەت بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.