Erbil 38°C ھەینی 11 تشرینی یەکەم 13:17

سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان و توونس ڕێككه‌وتنیان ئیمزا كرد

کوردستان TV
100%

هەردوو سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی توونس له‌ شاری مەسقەتی عومان رێككەوتنامەی كاری هاوبەشیان ئیمزا كرد، ئەم هەنگاوەش لە داهاتوودا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن.

لە پەراوێزی 31ـەمین كۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی IFJ ‌و دوای دوو رۆژ گفتگۆی شاندی هەردوو سەندیكا لەبارەی كاری هاوبەش ‌و گۆڕینەوەی شارەزایی ‌و چۆنیەتی هاوكاریكردنی یەكتری، شاندی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی توونس كە بەشداری لە كۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان دەكەن، گەیشتنە بنەمایەكی هاوبەش ‌و بەڵگەنامەی لێكگەیشتن‌ و كاری هاوبەشیان ئیمزا كرد.

رێككەتنامە لەسەر بنەمای 3 خاڵی سەرەكی نووسراوە كە بریتیە لە هەماهەنگی ‌و هاوكاری هاوبەش لە دۆسییەكانی پەیوەست بە كەرتی رۆژنامەگەری ‌و ئازادییەكان ‌و گۆڕینەوەی شارەزایی و پشتگریكردنی باشتركردنی كاری رۆژنامەگەری ‌و بنەما یاساییەكانی پەیوەست بە پیشەی رۆژنامەگەری‌ و چاودێریكردنی سەلامەتی پیشەیی ‌و رۆژنامەنووسان بە هەردوو رەگەز و چۆنییەتی پاراستنی كۆمەڵگە لە هەواڵی درۆ و ناراست و پشتگیریكردنی مافەكانی مرۆڤ، بەپشت بەستن بە میكانزمێكی كار لە ڕێگەی ئامادەكردنی پرۆژە‌ و چاڵاكی هاوبەش.

پرۆسەی بەڵگەنامەی كاری هاوبەش لەلایەن هەردوو نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان ‌و رۆژنامەنووسانی توونس لەناو هۆڵی كۆنگرەی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی ئیمزا كرا.

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەیاسای ژمارە 4ی ساڵی 1998ی هەمواركراو بە ژمارە 40ی ساڵی 2004 دامەزراوە و كاری سەندیكای خۆی دەكات، سەندیكای رۆژنامەنووسانی تونسیش وەكو رێكخراوێكی پیشەی لە ساڵی 1969 دامەزراوە و دواتر لە ساڵی 2008 خۆی گۆڕیوە بۆ پەیكەری سەندیكایی‌ و یەكێكە لە سەندیكا چاڵاكەكانی ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا ‌و باكوری ئەفریقا، هەردوو سەندیكای كوردستان ‌و توونس ئەندامی كارای فیدراسیۆنی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتین.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.