پارێزگاری هەولێر لەمیانی کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە کێشەکانی ئاو و وشکەساڵی ڕایگەیاند، کەمتەرخەمى لەهیچ بەڕێوەبەر و کەس و لایەک قەبووڵ ناکەین، بە تایبەتى لە پرسى دابینکردنى ئاوى پاک بۆ ماڵان.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 04ـی 06ـی 2022 بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگرانی پارێزگار، له‌دیوانى پارێزگا، بۆ چارەسەرکردنی کەمئاوی و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و گرفتەکانى وشکەساڵی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى پەیوەندیدار ئەنجام درا.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: سەرەتا پارێزگارى هه‌ولێر سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان له به‌شێک له گه‌ڕه‌كه‌كانی شارى هه‌ولێر، بەدواداچوونى بۆ کارەکانى ژوورى ئۆپەراسیۆنی پارێزگاى هەولێر کرد کە تەواوى دەسەڵاتەکانى پێ دراوە بۆ چارەسەرى کەمئاوی و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و گرفتەکانى، هەروەها جەختی له‌سه‌ر خێراکردنى پڕۆسەى لێدانى بیرى ئاوى خواردنەوەى شوێنگرەوە و نوێ لە هەولێر و دەوروبەر و نۆژەنکردنەوەى بیرەکان و دابینکردنى کارەباى بەردەوام لە ڕێگەى مۆلیدەى تایبەت و کارەبایی نیشتیمانى بۆ بیرى گەڕەکان کردەوە.
ڕاشیگەیاند: بۆئه‌و مه‌به‌سته بڕیاری دا جگە لەژوورى ئۆپەراسیۆن، هەردوو جێگرانى پارێزگار بەهەموو دەسەڵاتێکەوە سەرپەرشتى ئاوى ناوشار و دەوروبەر و ئەو لیژنانە بکەن کە له فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه په‌یوه‌ندیداره‌كان پێکهێنراون بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌بوونی ئاو لە بەشێک لە گەڕەکەکانى شارى هەولێر و گرفت و کەموکوڕییەکان، هەروەها سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێرى ڕاسپارد، لە رێگەى سەرجەم بەرێوەبەرایەتى شارەوانییەکانى سنوورى سەرۆکایەتیەکەى ژمارە تەلەفۆنى تایبەت بڵاو بکاتەوە تاوەکو لە زووترین کات هەر گەڕەک و شوێن و جێگەیەک ئەگەر گرفتى کەمى ئاوی هەبوو بۆیان چارەسەر بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەوە دا لەلایەن جەنابى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە ڕاسپێردراوین بۆ ئەوەى لە تواناماندا بێت و بەزیادیشەوە لەخزمەتى هاووڵاتییانى خۆماندابین، بۆیە بەهیچ شێوەیەک لە جێبەجیکردنى ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان کەمتەرخەمى لەهیچ بەڕێوەبەر و کەس و لایەک قەبووڵ ناکەین، بەتایبەتى لە پرسى دابینکردنى ئاوى پاک بۆ ماڵان، هەر کەس کەمتەرخەم بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا پێویستە دەست بە هەڵمەتى هۆشیارى بکرێت و هاووڵاتییانیش زیاتر هاوكار و هه‌ماهه‌نگبن له به‌فیڕۆنه‌دانی ئاو و ئه‌نجامنه‌دانی سه‌رپێچی له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه، له‌مباره‌یه‌شه‌وه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد لەسەر هەڵمەتى بڕینی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌رتۆڕی ئاو و لێپرسینەوە و وەرگرتن لەگەڵ هەموو ئەوکەسانەى ئاو بەفیڕۆ دەدەن و سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییان کردۆتە سەر تۆڕەکانى ئاوى پاکى ماڵان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.