زۆرێك لە ئێمە خۆمان لە پێویستییەكی "بەپەلە"دا دەبینینەوە بۆ تەقاندنی پەنجەكانمان، هەریەكەمان شێوازی جیاوازی خۆی هەیە، بەڵام ڕاستییەكەی چییە لەسەر زیانەكانی ئەم بابەتە بۆ تەندروستی؟
بەگوێرەی ماڵپەڕی "ئینڤێرس"، 54%ی دانیشتوانی جیهان بەردەوام پەنجەكانیان دەتەقێنن. ئەو دەنگەی لە پەنجەكانەوە دێتە ئاراوە، دەرئەنجامی درێژبوونەوەی جومگەكانە، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی فشار لەسەر شلەی جومگەكانی نێو ئێسك، كە دەبێتە هۆی دەرچوونی هەر گازێكی تواوەی ناو شلەكە لەگیراوەكە و یەكگرتنەوە بۆ بڵقێك، ئەم دروستبوونەی بڵقە ئەوەیە كە دەنگی تەقاندنی لێوە دێت.
ئایا پەنجە تەقاندن زیانبەخشە؟
تیۆرێك هەیە لە دونیای ئێمەدا بڵاوبووەتەوە، كە پەنجە تەقاندن زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، لە تەمەنی پیریدا دەرئەنجامی "مەترسیدار"ی هەیە، بەڵام ڕاستییەكەی وا نییە.
بە گوتەی كیرا كاپوزولو، پزیشكی جومگە و پسپۆڕی تەندروستی، پەنجە تەقاندن هیچ لێكەوتەیەكی نەرێنی لەسەر تەندروستی نییە.
كاپوزولو بە ماڵپەڕی ئینڤێرسی وتووە: پەنجە تەقاندن شتێكی خراپ نییە مەگەر بە شێوەیەكی زیانبەخش ئەنجام بدرێت.
توێژینەوە و پزیشكان ئەو تیۆرە بەناوبانگەیان پووچەڵكردەوە كە دەڵێت: پەنجە تەقاندن دەبێتە هۆی هەوكردنی جومگەكان، یان دەبێتە هۆی لاوازبوونی پەنجەكان، بۆیە ئەگەر سوودی نەبێت بۆ ئیسقانی پەنجەكان، ئەوا لانیكەم پرۆسەیەكی "ئارامی"یە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.