Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 11:35

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین  (  ئامێدی 1956_ 28/5/2011 دهۆك)

کوردستان TV
100%

هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ردا به‌گشتی و ، بواری گۆرانی و مۆسیقا به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌ڕاستی و له‌لوتكه‌ی خه‌مخۆرییان بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان تێكۆشان و زه‌حمه‌ت و ماندوبوونێكی زۆریان چه‌شتووه‌، هه‌میشه‌ پێویسته‌ به‌وپه‌ڕی حورمه‌ت و ڕێزه‌وه‌ له‌  هونه‌ره‌كه‌یان بڕواندرێت،

 كه‌م نین ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییانه‌وه‌به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیی و خه‌می به‌رزڕاگرتن و پاراستنی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌نگاوی بۆ دنیا جوان و پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و ئاوازو گۆرانی ناوه‌،  تازیاتر ڕۆنه‌چینه‌ ناو ئه‌و دنیا پڕ هه‌ورازو نشێوه‌ی ژیانی تایبه‌تی و هونه‌رییانه‌وه‌ ، ئه‌وكات بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت بۆ چ مه‌رام و مه‌به‌ستێك ئه‌وڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ریان گرتۆته‌ به‌ر..!

ده‌ڤه‌ری ئامێدی ، ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی كه‌ له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌باری  مێژوو و فه‌رهه‌نگ و كلتووره‌وه‌ گه‌لێك ده‌وڵه‌مه‌نده‌ ، زێدی میر و جوانخاس و ڕۆشنبیران و ئه‌دیبان و شاعیران بووه‌، به‌ڵام له‌لایه‌نی هونه‌ری گۆانییه‌وه‌، هیچی كه‌م نییه‌ له‌چاو بواره‌كانی دیكه‌ كه‌بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌ڵه‌مه‌ندبوونی مێژووی ئه‌و ناوچه‌ سه‌ركه‌ش و دڵڕفێنه‌ی كوردستان ، شاری ( ئامێدی) ، هه‌ركات باسی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له‌ده‌ڤه‌ری بادینان بكرێت ، كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ده‌نگبێژ و لاوكبێژ و مۆسیقاژه‌نی به‌توانا ناویان به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت ، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێت ناوی دوو هونه‌رمه‌ندی نه‌مری شاری ئامێدی  هونه‌رمه‌ندان  ته‌حسین ته‌ها 25/10/1941 _ 28/5/1995) و ( عه‌بدوڵڵا زێرین 1956_ 28/5/2011) نه‌هێندرێت و لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند فه‌رامۆش بكرێت.

وه‌ك ڕێزو وه‌فایه‌ك بۆ مێژووی پڕ به‌خششی (40) ساڵ خزمه‌تكردن به‌ پاراستنی زمانی شیرینی كوردی و، ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی گه‌نجینه‌ی مۆسیقا و گۆرانی ، له‌ڕێی ده‌نگی به‌سۆزی هونه‌رمه‌ند (عه‌بدوڵڵا زێڕین) ه‌وه‌ یادێك به‌نێو ئه‌ومێژووه‌  پڕ به‌خششه‌ی  ژیانی تایبه‌تی و كاره‌ هونه‌رییه‌كانیدا بكه‌ین و  بخه‌ینه‌ به‌ردییه‌ی خوێنه‌ر و هه‌وادار و هۆگرانی مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان .

باپێكه‌وه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆشه‌ تژی له‌به‌رهه‌می نایاب ، عه‌بدوڵڵا زێڕین بناسین..!

هونه‌رمه‌ند ( عه‌بدوڵڵا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئامێدی) ناسراو به‌ عه‌بدوڵڵا زێڕین ،  له‌ساڵی (1956) له‌خانه‌واده‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێش و تێكۆشه‌ر ، له‌شاری ئامێدی چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌ ، باوكی هونه‌رمه‌ند وه‌ستایه‌كی ده‌ست ڕه‌نگین و ناوداری ئامێدی بووه‌ له‌پیشه‌ی ( دارتاش) یدا.

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1962)  له‌قوتابخانه‌ی ( قوباد) خراوه‌ته‌به‌رخوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی، به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی زێده‌كه‌ی له‌بواری هونه‌ری  لاوك و به‌سته‌ و سترانه‌وه‌، عه‌بدوڵلا له‌ته‌مه‌نی منداڵیدا ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ده‌نگی به‌سۆزو چریكه‌ی خۆش و به‌جۆشی ئه‌و هونه‌رمه‌ند و ده‌نگبێژانه‌ی له‌ و سه‌رده‌مه‌دا پێشه‌نگ و سوارچاكی ئه‌وبواره‌بوون ، ئه‌و هه‌سته‌ له‌ناخیدا چرۆده‌كات و ڕۆژبه‌ڕۆژ هه‌ست و سۆزی بۆ هونه‌ری ستران چڕین گه‌شه‌ده‌كات ،

له‌ساڵی (1969) له‌ ئامێدی  ئه‌وشاره‌ی هه‌میشه‌ به‌سه‌ر چیاوه‌ له‌جوانیه‌‌كانی ژیانی ڕوانیوه‌ ، تیپێكی مۆسیقی  داده‌مه‌زرێت  به‌ناوی  ( تیپا ئیكه‌تیاپالا) (1) ، هونه‌رمه‌ند ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ئه‌و تیپه‌ و كاری هونه‌رییان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام ده‌دات.

به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن هونه‌رمه‌ند له‌پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی  ده‌چێته‌ قوتابخانه‌ی ( فراقد) له‌شاری موصڵ،

 ناوی ( زێڕین) بۆ بۆته‌ پاشگر و  نازناوی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ڕووخۆش و هه‌رده‌م به‌خه‌نده‌یه‌ ..؟!

محه‌مه‌د ئامێدی ، برای هونه‌رمه‌ند ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌كه‌ چۆن ئه‌و نازناوه‌ی پێبه‌خشراوه‌و  بۆته‌ نازناوی هونه‌ری عه‌بدوڵڵا زێڕین..!

( عه‌بدوڵڵای ڕه‌حمه‌تی پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی بوو له‌ قوتابخانه‌ی ( فراقد) له‌( نه‌بی یونس) ،  ( عه‌لی ئیحسان) به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكی قوتابخانه‌كان بوو، ڕۆژێك ده‌چێته‌ قوتابخانه‌كه‌یان و ده‌پرسێت كێ ده‌زانێ سترانی كوردی بخوێنێ..؟ عه‌بدوڵڵای ڕه‌حمه‌تی سترانی  وابزانم ( شیرین ده‌لال) ی بۆ ده‌خوێنێ ، ئه‌ویش زۆر سه‌رسام ده‌بێت به‌و ده‌نگه‌خۆشه‌و شێوازی چڕینی گۆرانییه‌كه‌ ، له‌وێدا پێی ده‌ڵیت( تۆخاوه‌نی ده‌نگێكی زێڕینی) له‌وكاته‌وه‌  ناوی زێرین ده‌بێته‌  نازناوی و به‌و ناوه‌وه‌ ده‌ناسرێت) (2).  

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین له‌ته‌مه‌نی (13) ساڵییه‌وه‌ وه‌ك ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ند ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌ناسرێت ، هونه‌رمه‌ند جگه‌ له‌به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییكه‌ی ،  عه‌شق و خولیا و به‌هره‌ی نواندنیشی هه‌بووه‌ ، له‌ساڵی (1970) ده‌چێته‌ شاری دهۆك ، له‌وشاره‌دا په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌ تیپی  مۆسیقا و شانۆی (11ی ئادار) و ده‌بێته‌ ئه‌ندام ،

له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه‌ هونه‌ر به‌هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌ بۆ پیاو  له‌ڕوانگه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ كارێكی نه‌شیاو و گونجاو نه‌بووه‌و زۆر جاران كه‌وتونه‌ته‌ به‌رتانه‌و ته‌شه‌ر ، بێگومان ئه‌وه‌ بۆ ئافره‌ت و كچی كورد بڤه‌و قه‌ده‌غه‌ بووه‌ ، هه‌روه‌ك چۆن له‌شاری سلێمانی و هه‌ولێر چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی پیاو ، له‌نمایشی شانۆ و دراماكاندا له‌به‌ر نه‌بوونی  هونه‌رمه‌ندی ئافره‌ت، ڕۆڵی ئافره‌ت و كچیان له‌شانۆكاندا بینیوه‌، هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێرین له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپه‌دا له‌چه‌ند كارێكی شانۆیی به‌شداربووه‌ و ڕۆڵی ئافره‌تی به‌سه‌ركه‌وتوویی بینیوه‌،

( لسالا 1970 ئه‌ز هاتمه‌ دهۆكێ ولگه‌ل تیپا (11ی أدارێ ) یا موسیقی و شانۆی و بویمه‌ ئه‌ندامی ڤێ تیپێ و چه‌ند شانۆگه‌رییه‌ك مه‌ پێش كێش كرن ، لبن ناڤێ بزاڤا قوتابیا ( نضال الطلبه‌) و ئوتیلا سحركه‌ر ( الفندق المسحور ) و دوو شاهی ( الزوجان) ، ئه‌زبوم  و نزار بزاز ، ده‌شتی شهاب ، جمیل زكری و زیره‌ك  و گه‌له‌كێت دی ژهه‌ڤالان باش بیرا من ناهێت) (3) .

 له‌ڕێی كاری نواندن و ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌یه‌وه‌ ، له‌نێو خه‌ڵكیدا هونه‌رمه‌ند ده‌ناسرێت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شاعیران و هونه‌رمه‌نداندا دروست ده‌كات ، ئه‌و په‌یوه‌ندی و ناسینه‌ ده‌بێته‌ هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنی له‌دنیای هونه‌ر ،

له‌ساڵی ( 1971) هونه‌رمه‌ند به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی ستران ، ده‌چێته‌ شاری موصل، یه‌كه‌م به‌رهه‌می خۆی به‌ناوی ( شیرین ده‌لال) له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( شێرزادمحه‌مه‌د سه‌عید) له‌ته‌له‌فزیۆنی موصل  تۆمارده‌كات، ئه‌و گۆرانیه‌ به‌هۆی تێكست و میلۆدی و ئه‌دای چرینی به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی له‌نێو جه‌ماوه‌ر و هۆگرانی سترانی كوردی زۆر به‌زوویی كه‌وته‌ به‌ر‌گوێ و هه‌ستی گوێگران.

ساڵی (1974) شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید، براگه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا ده‌خوێنێ و دوای خوێندنه‌كه‌ی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا كارده‌كات، پێشتر په‌یوه‌ندی هاوڕێیانه‌و هونه‌رییانه‌ له‌نێوان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( عه‌بدوڵڵا زێرین و شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید) هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ عه‌بدوڵڵا زێڕینی هونه‌رمه‌ند بچێته‌ به‌غداو له‌ڕێگه‌ی شێرزاده‌وه‌ بچێته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ژماره‌یه‌ك ستران له‌ڕادیۆی ناوبراو تۆماربكات و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاببێته‌وه‌، هونه‌رمه‌ند له‌هه‌مان ساڵدا (1974) به‌بۆنه‌ی ڕۆژی ( هونه‌ر)  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ئایاز زاخۆیی و سه‌میر زاخۆلی) و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تر، به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید)   له‌ هۆڵی ( خولد) له‌به‌غدا به‌چه‌ند گۆرانییه‌ك به‌شدار ده‌بێت.

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین له‌ساڵی (1976) بڕوانامه‌ی دبلۆمی له‌په‌یمانگای فێركردن و ڕاهێنانی ڕادیۆیی و ده‌رهێنانی مۆسیقا به‌ده‌ست هێناوه‌ ، دوای تۆماركردنی ئه‌و چه‌ند به‌رهه‌مه‌ له‌ڕادیۆ ، ده‌بێته‌ كارمه‌ندی ڕادیۆی به‌غدا به‌شی عه‌ره‌بی ، له‌م بواره‌دا گه‌لێك زانیاری له‌سه‌ر تۆماركردن به‌ده‌ست ده‌هێنێت ، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تێكی زۆر باشیش بووه‌ كه‌له‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و ژه‌نیاری ئه‌وسه‌رده‌مه‌ بگات  كاری هونه‌ری له‌گه‌ڵیان ئه‌نجام بدات، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( عه‌لی مه‌ردان ، محه‌مه‌د عارف جزیری ، حه‌سه‌ن جزیری ، عیسی به‌رواری و ته‌حسین ته‌ها ، فوئادئه‌حمه‌د، ئه‌حمه‌د خه‌لیل و سه‌میر زاخولی  ) ، ئه‌و قاڵبوونه‌وه‌یه‌ له‌و ژیانه‌ پڕ كار و دڵسۆزییه‌بۆ هونه‌ره‌كه‌ی، هونه‌رمه‌ند تێكه‌ڵاوی زۆرێك له‌ شاعیران ده‌بێت و سوود له‌هۆنراوه‌كانیان وه‌رده‌گرێت و له‌ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌و تێكستانه‌ له‌چوارچێوه‌ی میلۆدیی به‌سۆزه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ هه‌واداره‌كانی .

شاعیرانی وه‌ك ( سه‌بری بۆتانی ، حافزمائی ، مه‌حفوزمائی، موئه‌یه‌دته‌یب، ڕێكیش ئامێدی ، عه‌بدلعه‌زیز خه‌یات، جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ، كه‌ریم به‌ده‌ل ، عه‌لی وه‌یسیهێڤی به‌رواری ، محسین قۆچان ، سه‌گڤان عه‌بدلحه‌كیم و عه‌بدوڵڵا ئامێدی ) ، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ڕۆڵی دڵسۆزانه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئاوازدانه‌رانه‌ بده‌ین كه‌ هاوكار و پشتیوان بوون به‌ئاوازه‌كانیان له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی هونه‌ری عه‌بدوڵڵا دڵسۆز ( مینا ئه‌حمه‌د خه‌لیل ، شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید، سه‌میر زاخولی ، عه‌دنان زه‌نگه‌نه‌) ، هونه‌رمه‌ند  له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه‌ تا دواساته‌كانی ژیانی زیاتر له‌ (100) سترانی خستۆته‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی ، جگه‌له‌و ئاوازانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ پێیدراوه‌ ، خودی هونه‌رمه‌ندیش ئاوازی بۆ زۆرێك له‌گۆرانییه‌كانی خۆی داناوه‌،

له‌نێو دنیای هونه‌ری ستران و ئاوازی كوردی هونه‌رمه‌ند زۆر سه‌رسام بووه‌ به‌ده‌نگی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عارف جزیری ) و هونه‌رمه‌ند ( ته‌حسین ته‌ها) له‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانیدا زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ری هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌هادا بووه‌، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ته‌حسین ته‌ها و عه‌بدوڵڵا زێڕین ) نموونه‌ی دوو هونه‌رمه‌ند زیندوو، دوو ده‌نگی زوڵاڵ كاریگه‌ری ده‌ڤه‌ری ئامێدین و كه‌جێی شانازی ده‌ڤه‌ره‌كه‌و هه‌موو كوردستانن.

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین ، كه‌سێكی ساده‌و خاكی ، خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی خوڕه‌وشت به‌رزو ڕۆشنبیر و ڕاستگۆ ومتمانه‌ به‌خۆ و دڵسۆز به‌هونه‌ره‌كه‌ی و‌،  هه‌میشه‌ له‌خه‌می هونه‌ره‌كه‌یدا بووه‌ ، هونه‌ره‌كه‌ی بۆ یه‌كخستن و یه‌كڕیزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ته‌رخانكردووه‌  و ،  سترانه‌كانی  په‌یوه‌ستن به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئه‌وینداری، هونه‌رمه‌ند كه‌سێكی خۆشه‌ویستی نێو خه‌ڵك و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی بووه‌ ، په‌یوه‌ندییه‌كی  پته‌وی له‌گه‌ڵ  هونه‌رمه‌ندانی ده‌ڤه‌ری بادینان دا هه‌بووه‌ به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندان ( سه‌میر زاخۆلی و ئه‌یاز و ئه‌رده‌وان زاخۆیی)

له‌ساڵی (1979) ساڵێكی دره‌وشاوه‌ بووه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند ، ئه‌لبومێكی گۆرانی تۆمارده‌كات و بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌وبه‌رهه‌مه‌دا (5) هۆنراوه‌ی مه‌حفوز مائی شاعیر ده‌كاته‌ گۆرانی و ناوبانگێكی زیاتر له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا ده‌رده‌كات. یه‌كێك له‌و گۆرانیانه‌ كه‌ ناوبانگێكی زۆری له‌ناو جه‌ماوه‌ردا په‌یداكرد، گۆرانی ( وه‌ی لۆلۆ ده‌لال) له‌گه‌ڵ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( گوڵبه‌هار ) پێكه‌وه‌ خوێندویانه‌و له‌ڕێی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

  ستۆدیۆی ( زێرین) و تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌ری ...!

له‌كردنه‌وه‌ی  ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ته‌له‌فزیۆنه‌كانی به‌غدا و كه‌ركوك ،تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌ری بۆهونه‌رمه‌ندانی كورد ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نه‌بووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌ت و خۆشه‌ویست و خۆنه‌ویستیه‌ی هونه‌رمه‌ندان ته‌نها مه‌به‌ستیان خزمه‌تكردن بووه‌ به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان‌ و دوای زه‌حمه‌تێكی زۆر خۆیان گه‌یاندۆته‌ به‌غدا ، كه‌چی  له‌لایه‌ن كه‌سانی شۆڤێنیسته‌وه‌زۆرجار له‌مپه‌ر و كێشه‌ له‌به‌رده‌م كاره‌كانیان بۆدروست كردوون و زۆر ئازاری ده‌روونیان داون و چه‌ند رۆژێك كاره‌كانیان دواخستوون..؟! له‌ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كارانه‌ به‌رامبه‌ر هونه‌رمه‌ندان ده‌كرا ، هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین له‌و خه‌مه‌وه‌ ، بیرۆكه‌یه‌كی لا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت و له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی ستۆدیۆیه‌ك له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا داده‌نێت و زۆركاری هونه‌ری بۆهونه‌رمه‌ندان به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش تۆماركردووه، ئه‌وه‌ش خه‌سڵه‌تێكی جوانی لێوان لێو له‌دلسۆزییه‌ بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی له‌ده‌ڤه‌ری بادینان‌، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وبه‌رهه‌مه‌ له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه‌جوان ده‌رچووه‌ و تۆماركراوه‌ به‌شێوه‌ی ئاماده‌كراو بردوویانه‌ته‌ ڕادیۆ تا بڵاوبكرێته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی تیپی مۆسیقای دهۆك داده‌مه‌زرێت به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند ( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) ، له‌ساڵی (1983) وه‌ هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین ده‌بێت ئه‌ندامێكی چالاكی تیپی ناوبراو و، له‌هه‌موو ئاهه‌نگ و فیستڤاڵ و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای دهۆك به‌شداریكردووه‌،

هونه‌رمه‌ند شاره‌زایی هه‌بووه‌ له‌ژه‌نینی ئامێری ( عوود و ساز) له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا عه‌بدوڵڵا زێڕین (40) گۆرانی بۆ ڕادیۆ و ( 15) گۆرانی بۆته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماركردووه‌،به‌ڵام به‌ڕێز ( هاشم جه‌باری ) له‌كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ ( 19) گۆرانی داوه‌ كه‌له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك دا په‌خشكراوون (4) .

هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای دهۆك له‌ساڵی (1984) گۆرانییه‌ك تۆمارده‌كات  به‌ناوی ( وارێ خوه‌ به‌رناده‌ین) له‌ئاوازی خۆیی و هۆنراوه‌ی ( هوشیار ڕێكانی) ناوه‌رۆكی تێكست و ئاوازه‌كه‌ سیاسی یه‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ رژێم كه‌هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت واز له‌ وڵاتی خۆمان ناهێنین،

( وارێ خوه‌ به‌رناده‌ین ، هێرشان ئه‌م دێ كه‌ین

دێ شكێنین دوژمنان دا بژین سه‌رفراز).

وێستگه‌كانی ژیانی هونه‌ری له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی (1991) وه‌  به‌گوڕتر و به‌جۆش و خرۆشێكی تره‌وه‌ له‌ودنیا ئازادییه‌دا هاتۆته‌وه‌ مه‌یدان و كار و چالاكی نوێی خوڵقاندووه‌ ، له‌ده‌ڤه‌ری بادینان به‌گشتی و شاری دهۆك ته‌له‌فزیۆنێك به‌ناوی ( خه‌بات) ده‌ست به‌په‌خش و كاری ڕاگه‌یاندن ده‌كات ، هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین به‌ومه‌به‌سته‌ی خزمه‌ت به‌به‌رنامه‌و پرۆگرامه‌كانی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌ بكات ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ تیپێكی مۆسیقاپێك دێنن و ناوی ده‌نێن ( تیپی مۆسیقای زێڕین)  چه‌ندین كاری هونه‌ری بۆ هونه‌رمه‌ندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

دوای گه‌شتكردنی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( دلشاد محه‌مه‌د سه‌عید) بۆ هه‌نده‌ران ، هونه‌رمه‌ند عه‌بدو‌ڵڵا زێڕین  به‌هاوكاری ( جه‌میل ئیبراهیم عیسی) له‌ڕووی كارگێرییه‌وه‌ تیپی مۆسیقای دهۆك به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، تا دوای ڕاپه‌ڕین ،

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین له‌ساڵی (1996) كوردستان به‌جێدێلێت  و ڕوو ده‌كاته‌ هه‌نده‌ران و له‌وڵاتی ( ئه‌ڵمانیا) نیشته‌جێ ده‌بێـت،

دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ ( اقامه‌) له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا ، به‌گوڕو تینێكی زۆره‌ وه‌ به‌شداری ده‌كات له‌بۆنه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كاندا و چه‌ندین ئاهه‌نگ له‌ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی ئه‌وروپا سازده‌كات، هه‌روه‌ها دوو ئاهه‌نگیش له‌ كیشوه‌ری ئه‌مریكا.

ماوه‌ی (10) ساڵ ژیان به‌ڕێكردن له‌ تاراوگه‌و ژیانی غه‌ریبی ، هونه‌رمه‌ند هه‌میشه‌ بیر و هزری له‌لای زێد و نیشتمانه‌كه‌یه‌تی و چونكه‌ ده‌ردی غه‌ریبی ده‌ردێكی كوشنده‌و مردنێكی له‌سه‌ره‌خۆیه‌ ، به‌رده‌وام بیری له‌لای په‌نده‌ كوردییه‌كه‌ بووه‌ ( به‌رد له‌جێی خۆی سه‌نگینه‌) هونه‌رمه‌ند  له‌غوربه‌تدا به‌سترانێك  ئه‌و هه‌سته‌گڕگرتووه‌ی بۆوڵات ده‌رده‌بڕێت و داواده‌كات كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كوردستان  و وڵات و گوندو شارۆچه‌كه‌و شاره‌كانمان ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه‌ و هه‌موو پێكه‌وه‌ ئاڵاجوانه‌كه‌ی كوردستان به‌رزتربكه‌ینه‌وه‌،هه‌ست و سۆز و خۆشه‌ویستی نیشتمان دوای ده‌ساڵ ژیان له‌تاراوگه‌ ساڵی (2006)  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو ئامێزی نیشتمانه‌كه‌یی و به‌هه‌مان نه‌فه‌س و خۆشه‌ویستی بۆ خاك و زمان و هونه‌ره‌كه‌ی ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌چالاكی هونه‌ری ،  

هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب) سه‌رله‌نوێ تیپی مۆسیقای دهۆك دادمه‌زرێننه‌وه‌ و ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانیان.

هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (2008) له‌سه‌ر میلاكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری دهۆك / ،به‌پله‌ی ( به‌ڕێوه‌به‌ر) داده‌مه‌زرێت و  ده‌بێته‌ به‌رپرسی تیپی مۆسیقا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ره‌كانی موزیك له‌شاری دهۆك.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و كوردپه‌روه‌ر و هونه‌ر خۆشه‌ویسته‌ی گه‌له‌كه‌مان دوای (40) زیاتر له‌خزمه‌تی هونه‌ری ستران و ئاوازی كوردی ، دووچاری نه‌خۆشیی ( فه‌قه‌رات ) ده‌بێت ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌بێته‌ كۆسپ له‌ڕێی چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی ، به‌ ئازاری پشت ئێشه‌وه‌ ژیان به‌ڕێ ده‌كات  تا ڕێكه‌وتی ( 28/5/2011) خۆری ته‌مه‌نی هونه‌ری  عه‌بدوڵڵا زێرین ئاواده‌بێت و بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایی له‌ ئامێدی و دهۆك و هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ده‌كات ، له‌مه‌راسیمێكی شایسته‌ به‌مێژووی پڕ به‌خششی هونه‌ری و دڵسۆزی بۆ هونه‌ر به‌ئاماده‌بوونی زۆر هونه‌رمه‌ندان و كه‌س و كارو ئازیزانی له‌ گۆرستانی ( شاخكێ ) له‌شاری دهۆك به‌خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌سپێرن.

چه‌رده‌یه‌ك له‌ به‌رهه‌م و سترانه‌كانی كه‌هه‌میشه‌ وێردی سه‌رزاری هۆگران و هه‌وادارانی ده‌نگی هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕنن .

( نازدار چاڤێ ته‌ده‌ریانه‌ ، شیرین ده‌لال ، وه‌ی لۆلۆ ، سلاڤێت ته‌ ، ئه‌ڤین ، ڕێبازا پیرۆز ، خانا به‌سه‌ ، بیژه من كه‌توسل كری ، غه‌ریبی ، ئه‌ڤینێ قوتا ، نه‌نه‌ئه‌ڤین ، دلی من كانیا ئه‌ڤین ، ته‌ڤیا باران، سه‌ر خاتیرا وان چاڤان ، من دڤیت ، شیرین شیرینه‌ ته‌شیت ڕست و بۆچی ) .

جه‌مالی ده‌لاك  26/2/2022 هه‌ولێر  

سه‌رچاوه‌ :

( 1 و 3) گۆڤاری ڕه‌نگین ، دگه‌ل هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵازێڕین ، ئاماده‌كردن ( ئیحسان چدیق ئامێدی)  ژماره‌ (8) حوزه‌یرانی (1988) لاپه‌ڕه‌ (12) .

 دیكۆمێنتارییه‌ك له‌سه‌ر ژیان و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین ، ئاماده‌كار و خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كان ، حه‌سه‌ن بیبۆ ،  كه‌ناڵی یوتوب له‌ 30/5/2021 .

كتێبی مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك (1967_ 1999) هاشم جه‌باری ، لاپه‌ڕه‌ ( 80).

 سوپاس و پێزانینم بۆ به‌ڕێز  ( حه‌سه‌ن بیبۆ) هاوكارم بوو  له‌پێدانی دیكۆمێنتارییه‌ك له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو عه‌بدوڵڵا زێڕین.

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.