Erbil 38°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 01:43

له‌ هه‌ولێر 48 پڕۆژه‌ی نوێی پیشه‌سازی پێشكه‌ش كرابوو

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئاشكرای كرد، بۆ دروستكردنی 48 پڕۆژه‌ی نوێی پیشه‌سازی قورس و مامناوه‌ند داواكاری دابینكردنی زه‌وی كرابوو.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەم لە دیوانى پارێزگا سەرپەرشتى کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکانمان کرد.

ڕاشیگه‌یاند: لە کۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسەنگاندنى پڕۆژەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستیان، لە کۆى (48) پڕۆژە کە داواى دابینکردنى زەویان کردبوو، زەویمان بۆ دروستکرنی (10) پڕۆژەى پیشەسازى و وەبەرهێنانى قورس و مامناوەند لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر تەرخان کرد، (2) پڕۆژە ڕەتکرایەوە، (36) پڕۆژەش دواخرا.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: لە ساڵی ڕابردوو 2021، بەمەبەستى پەرەپێدان بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایەگوزارى لە هەولێرى پایتەخت لەبوارەکانى (کارگەی هەیکەلی ئاسن، کەل و پەلى کارەبا، گۆڕەر، پیشەسازیی خۆراک، کارگەی بەرهەمهێنانی کاغەز ... هتد) بە ڕووبەرى فراوان زەویمان بۆ بونیاتنانى (70) کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند لە سنوورى شارەوانى هەولێر تەرخان کردووە، کە لە داهاتوویەکى نزیکدا ئەم پڕۆژانە سوودی زۆریان دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و زیادکردنى دەرفەتى کار بۆ لاوان و گەنجانى هەولێرى پایتەخت.

 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.