Erbil 38°C ھەینی 11 تشرینی یەکەم 01:29

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چه‌ند پرسێك تاوتوێ كرا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەکشەم 5ی حوزەیرانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بە بۆنەی (47)مین ساڵیادی دامەزراندنی و ئەنجامدانی دیداری یەکێتی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان.

پاشان کورتەیەکی دەربارەی بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس خستەڕوو کە لە ڕۆژانی 2022/5/26-22 بەڕێوەچوو.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان کراوەتەوە بە تایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا. ڕوونیشی کردەوە کە ئامانجی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەند و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان، گەیاندنی دەنگ و هەڵوێستی هەرێمە بە سەکۆ جیهانییەکان و پتەوکردنی پێگه‌ی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە وەک هاوبەشێکی هەرێمی و جیهانیی.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، خاليد هادی چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان کۆنووسی کۆتایی تیمی چاودێری دارایی هاوبەشی هەرێمی کوردستان وعێراقی فیدرالی خستەڕوو کە لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەنجامیانداوە و لە کۆنووسە هاوبەشەکەدا، ئاماژە دراوە بەوەی کە وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێمی کوردستان تەرازووی پێداچوونەوەی لەسەر ئاستی سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی خەرجی بۆ تەواوی ساڵی 2021 بە شێوەیەکی شەفافانە پێشکەش بە لیژنە هاوبەشەکە کردووە کە بە ژمارە و زانیاری، داهات و خەرجییە گشتییەکانی هەرێمی تێدا خراوەتەڕوو، بە داهات و خەرجیی نەوتیی ونانەوتیشەوە، سەرەڕای خستنەڕووی میلاکی وەزیفی مەدەنی و سەربازیی لە سەرتاسەری هەرێم.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، لە هەمانکاتدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشە و بە پشتبەستن بە ماف وشایستە داراییەکانی جێگیرکراو بە پێی دەستوور، بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی شایستەکانی هەرێم بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بکرێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی کوردستانیش ڕۆڵی خۆی لەم بوارە بگێڕێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەش خرایەڕوو کە مانگانە حکوومەتی فیدڕاڵیی بە پێی یاسای بودجەی فیدڕاڵ پابەندییە داراییەکانی هەرێمی داشکاندووە لە شایستەکەی و لەبەرامبەردا پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵی بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی ڕاپۆرتێک بوو لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دۆخی کەرتی گشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و دیدگه‌ و ستراتیجی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە بواری پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار.

دواتر ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بە وردەکاییەکانی ڕاپۆرتەکە کرد و چەندین ئامار و زانیاری دەربارەی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. 

سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ زۆر گرینگی بە گەشتوگوزار بدرێت بە ئاراستەی زیاتر ناساندنی سروشتی جوان و گەشی کوردستان و ناساندنی کولتوور و ناسنامەی گەلی کوردستان و هەروەها لە ڕووی داراییشەوە ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی گرینگەکانی داهات.

باشان ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ ڕاپۆرتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕاسپاردە و پێشنیار و ستراتیجی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای (هەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان) ژمارە ( 8 ) لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو، لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.