وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 05ـی 06ـی 2022 ژمارەیەک بڕیاری تازەی تایبەت بە ساڵی نوێی خوێندنی 2022 – 2023 بڵاو کردەوە.
وەزارەتی پەروەردە لە کۆبوونەوەی فراوانی وەزارەتەکە کە لە ڕۆژی دووشەممە 30-05-2022 بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پەسەندکردنی پلانی کاری وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پڕۆسەی تۆمارکردنی قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی جگە لە قوتابخانە بیانی و نێودەوڵەتییەکان لە ڕێکەوتی 26ـی 06ـی 2022 دەست پێ دەکات و له 26ـی 07ـی 2022 کۆتایی پێ دێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە و وەرگرتنی منداڵان لەدایکبووی 01ـی 01ـی 2018 تاوەکو 31ـی 12ـی 2018 لە قۆناخی یەکەمی باخچە لە باخچە حکوومی و ناحکوومییەکان وەردەگیرێن، هەروەها لە01ـی 01ـی 2017 تاوەکو 31ـی 12ـی 2017 لە قۆناخی دووەمی باخچە لە باخچە حکوومی و ناحکوومییەکان وەردەگیرێن.
باس لەوەش کراوە کە وەرگرتنی قوتابی لەدایکبووی لە01ـی 01ـی 2016 تاوەکو 31ـی 12ـی 2016 لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی لە قوتابخانە حکوومی و ناحکوومییەکان وەردەگیرێن.
وەزارەتی پەروەردە ڕوونیشی کردۆتەوە کە پێویستە دەرچووانی پۆلی 6ـی سەرەتایی و 9ـی بنەڕەتی بەهەمانشێوە 26ـی 06ـی 2022 دەست پێ دەکات و له 26ـی 07ـی 2022 کۆتایی دێت، هەروەها پێویستە ئەوانەی وەرگیراون و دەرچووانیش لەو ڕێکەوتەدا تۆمار بکرێن.
وەزارەتەکە جەختیشی کردۆتەوە کە پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان وابەستەبن بەم کاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.