Erbil 38°C پێنجشەممە 10 تشرینی یەکەم 21:24

دادگەی لێكۆڵینەوەی هەولێر: سکاڵاکانی وەزیری نەوتی عێراق دەبێ دوابخرێن

کوردستان TV
100%

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، کە لە رۆژی یەکشەممە 05 حوزەیرانی 2022، دادگەی لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاری دا ژمارەیەك سكاڵای مەدەنی كە لەلایەن وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵەوە دژی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت و غاز (IOCs) كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن تۆمار كراون، دەبێت دوابخرێن.
لە 19ی ئایاری 2022 دادگەی بازرگانی (الکرخ) لە بەغدا،  لەسەر داوای وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ هەستا بە  بانگکردنی ( استدعاء) کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە لە سنووری هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەوانە Addax، DNO ، Genel، Gulfkeystone، HKN، Shamaran، و Westernzagros.
بە پێی یاسای عێراق ناتوانرێت رێوشوێنی دادگەی مەدەنی ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکاری پەیوەندیدار بەڕێوەدەچێت. 
لە 04 حوزەیرانی 2022، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری لە دەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان (ژمارە 22ی ساڵی 2007) کرد. 
رۆژی 15ی شوباتی 2022، دادگەیەک لە بەغدا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007ی دا. سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم ڕایگەیاند: ئەو دادگەیەی بەغدا هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری نییە ئەو کارە بکات، چونکە ئەو دادگایەی بەغدا بەپێی ماددەی (92)ی بڕگەی (دووەم)ی دەستووری فیدراڵی دانەمەزراوە و ئەو سکاڵایانەی کە وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ لە دژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان تۆماری کردوون، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە نادەستوورییەی 15ی شوباتی 2022ـە، هەر بۆیە ئەو سکاڵایانە،  هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاساییان نییە. هەروەها ڕایگەیاند کە یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007 بەرکارە و ئەو گرێبەستانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو یاسایە ئەنجامی داون، بە کارایی دەمێنێنەوە.
بۆیە دادگەکانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی حەسریان هەیە بۆ لێکدانەوەی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007 و هیچ دادگایەک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی لەو شێوەیەی نییە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.