Erbil 38°C پێنجشەممە 10 تشرینی یەکەم 19:31

CPJ ڕاپۆرتێکی لەبارەی دەستگیرکردنی تیمی ڕۆژنامەوانی کوردستان تیڤی لە کەرکووک بڵاوکردەوە

کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی لە 25ـی 05ـی 2022 تیمی ڕۆژنامەوانی کوردستان تیڤی لە کەرکووک لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوی سووتاندنی دانەوێڵەی جوتیاران لە گوندی زەنقەر لە قەزای داقووقی باشووری پارێزگای کەرکووک لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵییەوە دەستگیر کران، CPJ لەمبارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە سەبارەت بە دەستگیرکردنییان پەیوەندییان بە پۆلیسی فیدڕاڵییەوە کردووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)ـی سویدی کە بنکەی سەرەکییان لە نیویۆرکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ پەیامنێر و وێنەگری کوردستان تیڤی ئەنجام داوە لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاری دەستگیرکردنی تیمی ڕۆژنامەوانی (کوردستان تیڤی) لە کەرکووک کە پێکهاتوون لە پەیامنێر هەڵۆ جەباری و وێنەگر ئاکۆ بنەیی بڵاو کردۆتەوە.

هەڵۆ جەباری بۆ (CPJ) باسی لەوە کردووە کە لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوی سووتانی دانەوێڵەی جوتیاران لەلایەن تیرۆریستانی داعش لە گوندی زەنقەر کە گوندەکە دەکەوێتە شارۆچکەی داقووقی باشووری پارێزگای کەرکووک و زۆربەی دانیشتووانی کاکەیین، لەلایەن شەش ئۆتۆمبێلی سەربازیی پڕ لە هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی چواردەوریان گیراوە و پێیان ڕاگەیاندن کە مۆڵەتیان نییە سەردانی ناوچەکە بکەن.

باسی لەوەش کردووە کە لەکاتێکدا پەیامنێری کوردستان تیڤی ناسنامەی ڕۆژنامەوانی هەبووە، پێی ڕاگەیاندوون کە دەزگای سەتەلایتی کوردستان تیڤی دەزگایەکی میدیایی تۆمارکراوە لە سەرتاسەری عێراق، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پۆلیسی فیدڕاڵی ڕێگریان لێ دەکات و هەڵۆ جەباری و ئاکۆ بنەیی دەستگیر دەکات.

هەڵۆ جەباری دەڵێت: ئێمەیان بردە بارەگای خۆیان لە داقووق بۆ لێکۆڵینەوە، زۆر بەتووڕەیی پێیان ڕاگەیاندین کە ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی سەربازییە و هیچ میدیایەک بەبێ مۆڵەت ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنە و ڕووماڵ بکات.

هەر سەبارەت بە دەستگیرکردنی تیمی ڕۆژنامەوانی کوردستان تیڤی ئاکۆ بنەیی وێنەگری دەزگاکە بەمجۆرە بۆ (CPJ) باسی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت: پێیانمان گوت کە ئێمە لە ڕێگەی خاڵی پشکنینی فەرمی خۆیان (پۆلیسی فیدڕاڵی) چووینەتە ناوچەکە و گوندەکەش پڕە لە خەڵک، بەڵام پێداگیریان کرد کە پێویستە شوێنەکە جێبهێڵین.

بنەیی دەشڵێت: داوایان لێکردم هەموو ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بە کامێراکەم گرتبووم بیانسڕمەوە، بەڵام خۆشبەختانە لەکاتێکدا ئێمەیان برد بۆ بارەگاکەیان، من میمۆرییەکەم گۆڕی و میمۆرییە بەکارهاتووەکەم شاردەوە.

تیمی ڕۆژنامەوانی کوردستان تیڤی دوای زیاتر لە کاتژمێرێک ڕاگرتنیان لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵییەوە ئازاد کراون، هۆشداریشییان پێ دراوە کە نەگەڕێنەوە ناوچەکە و هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سووتاندنی دانەوێڵەی جوتیاران لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بڵاونەکەنەوە.

هەر لەمبارەیەوە ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندییان بە پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقەوە کردووە سەبارەت بە دەستگیرکردنی تیمی ڕۆژنامەوانی کوردستان تیڤی، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

https://cpj.org/2022/06/iraqi-federal-police-detain-kurdistan-tv-crew-in-kirkuk/

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.