ئهندامێكی لیژنهی ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم ئاشكرای كرد كه ئەفسەرێکی کورد لە دووزخورماتوو بەبێ هیچ تاوانێک بە 27 ساڵ زیندانی سزا دراوە، داواشی له ههموولایهك كرد لەسەر بارودۆخی نالەباری کەرکووک بێنە دەنگ.
لیزا فهلهكهدین كاكهیی ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ڕایگهیاند: ئیدارەی سەپێنراوی خۆجێی کەرکووک بەبێ جیاوازی دەستی کردووە بە سزادانی هاووڵاتییانی کوردی پارێزگاکە، بە بیانووی جۆراوجۆری بێ بنەما کوردانی ناوچەکە پەلکێشی دادگا دەکرێن و بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی، ڕۆژانە بەناو یاساوە بە نایاسایی سزا دەدرێن.
ههرچهنده ناو و ناونیشانی ئاشكرا نهكرد، بهڵام ڕایگهیاند: ئەفسەرێکی کورد لە دووزخورماتوو بەبێ هیچ تاوانێک بە 27 ساڵ زیندانی سزا دراوە و ڕۆژانە کەیسی هاوشێوە دەگاتە دەستمان.
ههروهها ڕایگهیاند: هەموو ئامانجیان هەراسانکردنی کوردانی ناوچەکەیە بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن کەرکووک جێبهێڵن کە ئەمەش میکانیزمێکی دیکەی تەعریبکردنی کەرکووک و گشت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانە.
لیزا فهلهكهدین كاكهیی گوتیشی: دۆخی کوردی کەرکووک لەوپەڕی خراپیدایە و گرینگە هەرچی زووە حکوومەتی عێراقی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بابەتی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە ھەند وەربگرن و کار بکەن بۆ لادانی پارێزگاری بە وەکالەتی سەپێندراوی نایاسایی و نەھێشتنی ستەمی سەر دانیشتوانە دڵسۆزەکانی کەرکووكی بە گشت پێکھاتەکانییەوە و بەتایبەت ئەو کارە نایاساییانەی دژ بە پێکھاتەی کورد دەکرێت.
ئەندامهكهی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم داوای لە لایەنە سیاسییەکان و گشت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی لە کەرکووک) و خاتوو جینین ھنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزانی وڵاتانی دیموکراتی لە بەغدا و کونسوڵەکان لە ھەرێمی کوردستان كرد لەسەر بارودۆخی نالەباری کەرکووک بێنە دەنگ و گفتوگۆی جدی لەسەر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی دروست و تەواو و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.