Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 19:43

سەرخەو نیشانەیەكی پێشوەختەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە؟

کوردستان TV
100%

سەرخەو شكاندن یان( ئەنووزكردن) خەوتنێكی كورتە لە نیوەی ڕۆژدا و خوویەكی بنەڕەتییە بۆ ملیۆنان كەس، بەڵام توێژەران لە توێژینەوەیەكی نوێدا هۆشدارییان داوە كە ڕەنگە سەرخەو نیشانەیەكی زوو بێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە (ئەلزەهایمەر) لە تەمەنی پیریدا.
توێژینەوەكە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ بەدواداچوونی بۆ 1400 كەس كردووە كە تەمەنیان لە سەرووی 80 ساڵەوە بووە و چاودێری كراوە كە چەند جارێك رۆژانە سەرخەویان كردووە.
لە توێژینەوەكەدا دەركەوتووە كە ئەو كەسانەی رۆژانە یەكجار یان زیاتر سەرخەو دەكەن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر لەسەدا 40 زیاترە، بە بەراورد بەو كەسانەی لە رۆژدا سەرخەویان نەكردووە.
سەرۆكی توێژینەوەكە یو لینگ، مامۆستای یاریدەدەری پزیشكی دەروونی لە زانكۆی كالیفۆرنیای سانفرانسیسكۆ دەڵێت: "ئەگەر سەرخەو ئاسایی نەبێت و زۆرجار ڕووبدات و ماوەكەی درێژ بێت، پێویستە ئاگادار بیت، ئەوە نیشاندەرێكی پێشوەختەیە بۆ نەخۆشی بیرچوونەوە. 
هەروەها سوزان میچڵ، بەرپرسی سیاسەت لە كۆمەڵەی توێژینەوەی ئەلزەهایمەر لە بەریتانیا لەگەڵ بۆچوونی لاینگ هاوڕا بوو، بەڵام ئاماژەی بەوەدا " كە هیچ مەترسییەكی ڕاستەقینەی تەندروستی لە خەوتنێكی كورت دوای نانخواردنی نیوەڕۆ نییە.
هەروەها دەڵێت: شێوازی خەوتنی نائاسایی لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی بیرچوونەوە باو و ئاساییە، بەڵام توێژینەوەكان باس لەوە دەكەن كە گۆڕانكاری لە خەودا دەتوانێت زۆر پێش دەركەوتنی هەر نیشانەیەكی وەك لەدەستدانی بیرەوەری دەربكەوێت.
نەخۆشی ئەلزەهایمەر بە هێواشی گەشە دەكات و وردە وردە بەدرێژایی چەند ساڵێك خراپتر دەبێت، لە كۆتاییدا كاریگەری لەسەر زۆربەی ناوچەكانی مێشك دەبێت، بیرەوەری، بیركردنەوە، حوكمدان، زمان، چارەسەركردنی كێشەكان، سیفەتەكانی كەسایەتی و جووڵە هەموویان دەتوانن كاریگەری ئەو نەخۆشییەیان لەسەر بێت.
بەپێی ماڵپەڕی پزیشكی كلینیكی مایۆ، نەخۆشی بیرچوونەوە زاراوەیەكە بۆ وەسفكردنی كۆمەڵێك نیشانە بەكاردێت كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر توانا دەروونی و كۆمەڵایەتییەكان هەیە.
 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.