بەڕێزان خانەوادەی مامۆستا و نووسەر (د.عەزیز گەردی)
بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا و نووسەری گەورەی گەلەکەمان (د.عەزیز گەردی)مان بیست، بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و کەسوکار و بنەماڵەکەتان و سەرجەم نووسەر و ئەدیبانی کوردستان دەکەین و، ھاوبەشی خەمتانین.
(د.عەزیز گەردی) کەسایەتیەکی ئەکادیمی و نووسەرێکی بەتوانا و لێهاتوو و زمانزانێکی پسپۆڕ و شارەزا بوو، هەروەها وەرگێڕێکی کەم وێنە و بەهرەمەند بوو، بۆیە بە بەرهەمە دانسقە و شاکارە وەرگێڕدراوەکانی خزمەتێکی زۆری زمان و ئەدەبی کوردیمانی کردووە.
خوالێخۆشبوو (د.عەزیز گەردی) لە رێگەی دەیان بەرهەمی رۆشنبیری و ئەدەبی و زانستی زمانەوانی گەنجینەیەکی گرنگ و دەوڵەمەندی بۆ بەجێهێشتووین کە مایەی شانازییە بۆ بزووتنەوەی رۆشنبیری و ئەدەبی و کوولتووری نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلەکەمان، بۆیە بە دواماڵئاوایی و بە لەدەستدانی (د.عەزیز گەردی) درزێکی دیار و بەرچاو دەکەوێتە ناوەندە رۆشنبیری و ئەدەبییەکان و کتێبخانەی کوردی.
هیوادارین هاوسۆزی و هاوخەمی ئەدیبان و نووسەران و هۆگران و خوێنەرانی بەرهەمەکانی خوالێخۆشبوو ببێتە مایەی سەبووری و ئارامگرتنتان و لە خەم و خەفەتتان کەم بکاتەوە.
جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووبارە دەکەینەوە و، داواکارین لە خوای گەورە خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئێوەش لە خەم و خەفەت و کۆستی دیکە بەدوور بن..
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.