ژمارەیەك دز لە رێگای كونكردنی دیواری بانكێكی حكوومییەوە لە تارانی پایتەخت 162 قاسەی بەكرێدراویان تاڵان كرد و هەڵهاتن.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران IRNA بڵاوی كردەوە قاسە بەكرێدراوەكانی هۆبەی زانكۆی بانكی میللی كە بانكێكی حكوومییە لە تاران دزراون.
لە هەواڵەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە دزەكان لە باڵەخانەی تەنیشتەوە دیواری بانكەكەیان كون كردووە و چەندین قاسەی بەكرێدراویان بڕیووە.
بەهۆی ئەوەی نازاندرێت قاسە بەكرێدراوەكان چییان تیادا بووە هێشتا لەلایەن بانكەكەوە نەتواندراوە زیانەكان بخەملێندرێن.
بەرپرسێكی پۆلیس، عەلی وەلیپور گودەرزی ئاماژەی بەوە دا كە بەهۆی خەمساردی لە رووداوەكەدا ژمارەیەكی زۆر كارمەندی بانكەكە دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوەی بەرایی لە رووداوەكە بەردەوامە.
ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانكی میللی، حەسەن مۆنیسان رایگەیاند كە لە كۆی 250 قاسەی بەكرێدراوی بانكەكە 162یان شكێندراون و بەتاڵ كراون و گوتی: "بەداخەوە دزەكان بە ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی پێشكەوتووەوە چوونەتە بانكەكە".
ناوبراو جەختی لەوەیش كردەوە كە قاسەكان بە سیستەمی ئەمنییەوە بەستراونەتەوە بەڵام لەلایەن دزەكانەوە سیستەمەكە لەكار خراوە و گوتی: "قەرەبووی زیانبەركەوتووان دەكەینەوە".
ئێران .. ژمارەیەك دز لە رێگای كونكردنی دیواری بانكێك 162 قاسەیان تاڵان كرد
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.