سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردن له ڕێوڕه‌سمی ده‌رچوونی خولی یازده‌هه‌می قوتابییانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له عێراق – سلێمانی بانگهێشتی كۆی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی ڕووبه‌ڕووی وڵات بوونه‌ته‌وه.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: لەسەر ئاستی سياسى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، تەنها ڕێگە بۆ پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و یەکترخوێندنەوە و پێکەوە نەرمونیانی نواندنه. ئێمە جگە لە لێبوردەیی بژاردەیەکی دیمان نیيە! جێگرەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان، بریتیە لە جەنگ و پەراوێزخستنى يه‌كتر.
ڕاشیگه‌یاند: وڵات ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە ئاشتی و پێکەوەژیان هەیە، بەڵام ئاشتی و پێکەوەژیان پێشمەرجی خۆی هەیە، پێشمەرجی پێکەوەژیانیش بریتیيە لە ویستی لێکنزیکبوونەوە و لێکگەیشتن.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: سەرکردەکانی عێراق هەموو هەست بە مەترسيی ئەم دۆخەی ئێستای وڵات دەکەن، لە کاتێکدا کە چارەسەری کێشەکانی وڵات و کۆتاییهێنان بەو چەقبەستوویى و بنبه‌ستی سیاسی له وڵات، لە دەستی بڕیاربەدەستانی وڵاتدایە. هەنگاوی یەکەمی چارەسەریش بریتیيە لە ویست و ئيراده بۆ چارەسەر. ئەگەر بێت‌و هەریەکەمان هەنگاوێک بە ئاراستەی چارەسەر بڕۆین، هەنگاوی کردەیی، ئەوا لە زۆر خاڵی هاوبەشدا یەک دەگرینەوە و کۆتایی بەو دۆخه ناهه‌مواره‌ى وڵات ده‌هێنین كه گه‌لی عێراق شایسته‌ی ژیانێكی باشتر و دۆخێكی باشتره.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: لە عێراق ئێمە و هەموو پێکهاتەکان، بە زۆرینە و کەمینەوە لە ژیانێکی هاوبەشداین، چوارچێوەی یەک وڵات کۆمان دەکاتەوە، یەک دەستوور ماف و شایستەکانمان پێناسە دەکات. لەو چوارچێوەیەدا مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە. مەبەستم مێژووی هەنووکەیيی عێراقی فیدراڵە. ئێمە هەموو پێکەوە لە ئێستایەکی هاوبەشداین، داهاتوو و چارەنووسیشمان لەچوارچێوەى سنووری عێراقدا هاوبه‌شه.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: دەمەوێ ئەو ڕاستییە بەبیر هەموو لایەک بهێنمەوە، عێراقی نوێی فیدراڵ کە سیستەمێکی پەرلەمانيی دیموکراسی هەیە، بە بەشداريی هەمووان هاتۆتە ئاراوە. هەموو پێکهاتەکان لە دروستکردنی ئه‌م عێراقه نوێیه بەشدار بوون. هەر بۆیەش پێشمه‌رجی مانەوەی عێراق و بەرەوپێشچوونی عێراق، بریتيیە لە پاراستن و چەسپاندنی مافی هەموو پێکهاتەکان.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، چارەسەری کێشەکانی عێراق لە جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیيی عێراقدا دەبینین و داخوازییەکانمان لە عێراقی فیدرال دەستوورین، مافن. شتێکی زیاتر لەوەی کە لە دەستووری عیراقدا هه‌يه، داوا ناکەین و داوامان نه‌كردووه. لەو ڕوانگهيەوە من وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆی لایەنە سیاسیيەکانی عێراق دەکەم بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دەستوور و بەسەروەرکردنی یاسا، هەوڵی چارەسه‌ركردنی هه‌موو ئه‌و كێشانه بده‌ین كه ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووی وڵاته‌كه‌مان بوونه‌ته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ئێمە ئامادەی هەموو هاوکارییەکین. ویستمان هەیە و هەنگاومان ناوە بەرەو چارەسەرکردنی دۆخی وڵات. لە هەنگاوه‌كان بەردەوام دەبین تاکو دەگەین بە چارەسەرێک کە عێراق دەرباز دەکات لەو دۆخەی كه ئه‌مڕۆ پێیدا تێدەپەڕێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.