سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/6/2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆمیتەی دۆستایەتیی فه‌ره‌نسا ـ عێراق لە سەناتی فەرەنسا بە سەرۆكایەتیی خاتوو نیكۆل نورانتۆن و یاوەریی به‌ڕێزان ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمیتەكە و كونسولى گشتیى فه‌ره‌نسا له هه‌رێمى كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان پشتگیریی فەرەنسایان بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دووپات كردەوە و ڕێز و پێزانینیان بۆ قوربانییەكانی پێشمەرگە و ڕۆڵیان لە تێكشكاندنی داعشدا نیشان دا، هەروەها دووپاتیان كردەوە كە فەرەنسا بە بایەخەوە لە دۆستایەتیی خۆى لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و خوازیاره لە هەموو بوارەكاندا برەو بە پەیوەندییەكانی له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان بدات.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی سەربازی و مرۆیى و سیاسیی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان و عیراق دووپات كردەوە و خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندەكە بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا، هەروەها ئاماژەی بە دۆستایەتی و پەیوەندیی دێرینی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا كرد.
له‌باره‌ى دۆخى عێراقیشه‌وه، نێچیرڤان بارزانى داكۆكى له‌وه كرده‌وه كه چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا كلیلى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراقه و ئاماژه‌ى به گرنگیى ڕۆڵى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و فه‌ره‌نسا به‌تایبه‌تى له یارمه‌تیدانى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرد.
دوایین پیشهاتهكانى پرۆسه‌ى سیاسیی عیراق، دۆخی ناوچەی شەنگال و ناوچەكانی مادەی سەد و چلی دەستوور، مەترسیی تیرۆر، كردەوە و هەڕەشەكانی داعش، دۆخی سووریا و ناوچەكە بە گشتی، چەند تەوەرێكی دیكەی دیداره‌كه بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.