ئهمڕۆ پێنجشهم لهسهر ھۆکارەکانی سستی لە کۆکردنەوەی داھات، بۆ جارێکی دیکە وهزیری دارایی و ئابووری حكوومهتی ههرێمی كوردستان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری باجەکانی سلێمانی کۆبوەوە.
ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێم بە ئامادەبوونی دکتۆر کەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باجی ھەرێم، سەبارەت بە ھۆکارەکانی سستی لە کۆکردنەوەی داھات و پێنەدانی باج و ڕسومات لەلایەن کۆمپانیاکان و بازرگانان و شوێنە گەشتیاری و ھۆتێلەکان و سەرجەم ئەو سێکتەرانەی کە بهپێی یاسا و ڕێنماییەکان سیستهمی باج و ڕسومات دەیانگرێتەوە، بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری باجەکانی سلێمانی کۆبووەوە.
وەزیری دارایی ڕایگەیاند: لهسهر بنهمای داتاکانی بەردەست و بەراورد بە سەرچاوەکانی داھات لە شاری سلێمانی ڕێژەی داھاتی کۆکراوە لە ئاستی پێویستدا نییە و ئەوەش ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران و پرۆژەکان دەبێت.
ڕاشیگهیاند: ھەموو ھەوڵەکان لەم چوارچێوەدایە کە جۆری خزمەتگوزارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەت بە ھاووڵاتییانی ھەرێم بە گشتی و دانیشتووانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە ئاستێکی بەرزدا بێت.
لای خۆیانەوە سەرجەم بەڕێوەبەری باجەکان بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم کارەکانیان خستەڕوو.
لەبەرامبەریشدا وەزیری دارایی بڕیاری پێویستی لەمبارەوە دەرکرد و بەڵێنی دا بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەت و لایەنە پەیوەندارەکان ئاستەنگەکانی بەردەم کۆکردنەوەی باج و داھات چارەسەر بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.