ئەمڕۆ پێنجشەم ئەنجوومەنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی بە سەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی، پێشوازی کرد لە تیمێکی باڵای سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی و سەرۆکی فەرمانگەکانی ئەنجوومەن كرد .
دواتر کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی فراوان ئەنجامدرا کە ئامانج لەم کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە نزیکەوە هەماهەنگی و ئاگاداربوون لە کار و چالاکی و پڕۆژەکان و کێشە و داخوازی و ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری و بەڕێوەبردنی دۆخی کارگێڕی وەزارەت.
لە سەرەتادا یاداشتێکی ورد و تایبەت پێشکەشی سەرۆکی دیوان و تیمی ئەنجوومەنی وەزیران کرا کە پێکهاتبوو لە (34) خاڵ کە تیادا گەڵاڵەی سەرجەم داواکاری و پێشنیار و کێشەکانی فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لەخۆ گرتبوو، لەچوارچێوەی گرینگیدانی زیاتر بە پاڵپشتیکردنی جوتیاران و خزمەتگوزاری کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری و ئاودێری و بەنداوەکان و باخداری ودارستان و پاوان .
هەروەها لە یاداشتهكەدا باسی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئاسایشی خۆراک و زامنکردنی پێداویستی هاووڵاتییان و گەڕاندنەوەی ئیعاناتی کشتوکاڵی و بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران و مەترسی و گۆڕانکاری خێرای کەشوهەوا و کەمئاوی و وشکەساڵی و کەمی ڕێژەی دابارین و چەندین پرسی گرینگی تر کرا.
لەلایەن سەرۆکی دیوان ڕەزامەندی درا لەسەر زۆربەی داواکاری و پێشنیار و پلانەکانی کە پێشکەشکران، جگە لە ناوەرۆکی یاداشتەکەی وەزارەت چەندین پێشنیار و سەرنجی گرینگ گەڵاڵە کران کەوا بڕیارە لەنێوان تیمی هاوبەشی هەردوولا دیراسە و بەدواداچوونی زیاتری لەبارەوە بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.