جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵیادی کەوتنی مووسڵ و کارەساتی سپایکەر ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، جێگەی داخە زۆرینەی تۆمەتبارەكان هێشتا ئازادن.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێک بەبۆنەی تێپەڕبوونی 8 ساڵ بەسەر كەوتنی پارێزگای مووسڵ و كارەساتی بە ئازاری سپایكەر لەسەر دەستی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 ڕایگەیاند: ئەوەی ڕووی دا لە كارەسات و تاوانی ترسناک دەرهەق بە گەلەكەمان لە چەندین ناوچەی عێراق كە بووە مایەی شەهیدبوون و برینداربوون و سەرونگمبوونی دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیل و كۆچپێكردنی ملیۆنەها هاووڵاتی دیکە لە شارەكان.
ڕاشیگەیاند: لەو یادە پڕ ئازارەدا بەداخەوە زۆرینەی تۆمەتبارەكان هێشتا ئازادن بێ لێپرسینەوە و بەسزاگەیاندنیان، كاردەكەین بۆ كاراكردنی ڕاسپاردەكانی لێژنەی لیكۆڵینەوەی پەرلەمانیی كە لە ساڵی 2014دا پێكهات دوای ڕووداوەكانی مووسڵ، ئەو دۆسیەیە هێشتا وەک خۆیەتی و دانەخراوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا کە داوا دەکەن قەرەبووی خانەوادەی شەهیدان بكرێتەوە، خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان پێشكەش بە ناوچە ئازادكراوەكان بكرێت و زامنی گەڕانەوەی ئاوارەكان بكرێت بۆ سەر ماڵ و دۆخی پێشووی خۆیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.