هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی عێراق ماڵئاوایی له پاڵه‌وانێتی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئاسیا بۆ تۆپی پێ له ئاستی یاریزانانی ژێر ته‌مه‌نی بیستوسێ ساڵی كرد كه ڕكابه‌ریه‌كانی له وڵاتی ئۆزبه‌كستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له قۆناغی چاره‌گی كۆتایی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌و له یاریه‌كی ماراسۆنیدا، هه‌ڵبژارده‌ی ئۆزبه‌كستانی میواندار به جیاوازی لێدانی یه‌كلایی كه‌ره‌وه له هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی برده‌وه‌و گه‌یشته قۆناغی پێش كۆتایی، یاریه‌كه له یاریگای پاختاكۆر له تاشقه‌ندی پایته‌ختی ئۆزبه‌كستان به‌ڕێوه‌چوو.
له خوله‌كی دوازده‌دا، ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق هه‌ژماركردو به كارتی سوور عه‌بدولواحید نیعماتۆڤی گۆڵپارێزی ئۆزبه‌كستانی كرده ده‌ره‌وه‌ی یاریگاو به‌و هۆیه‌وه تیپی میواندار یاریه‌كه‌ی به ده یاریزان ته‌واوكرد، له جێبه‌جێ كردنی لێدانی سزاكه‌دا، یاریزان وه‌كاع ڕه‌مه‌زان گۆڵێكی بۆ عێراق له خوله‌كی نۆزده تۆماركرد، له دواساته‌كانی گێمی یه‌كه‌میش، ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ ئۆزبه‌كستان هه‌ژماركردو یاریزان جاسوربێك جالۆلی دینۆڤ گۆڵی به‌رامبه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌ی به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامه‌كه‌ی له گێمی یه‌كه‌م یه‌كسان كرده‌وه، له گێمی دووه‌م و له خوله‌كی په‌نجادا، حوسێن عه‌مار به‌رگریكاری عێراق گۆڵی دووه‌می ئۆزبه‌كستانی به هه‌ڵه له گۆڵی تیپه‌كه‌ی خۆی تۆماركرد، پاشان یاریزان عه‌مار غالب ده‌رفه‌تێكی قۆسته‌وه‌و گۆڵی دووه‌م و به‌رامبه‌ری عێراقی له خوله‌كی شه‌ستوهه‌شت به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، به كۆتایی هاتنی هه‌رچوار گێمی یاسایی و زیادكراوی یاری به به‌رامبه‌ر بوونی هه‌ردوو هه‌ڵبژارده به دوو گۆڵ بۆ هه‌ریه‌كه‌یان، په‌نابرایه به‌ر لێدانه‌كانی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌و له‌ئه‌نجامدا هه‌ڵبژارده‌ی ئۆزبه‌كستان به سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به دوو گۆڵ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناو گه‌یشته قۆناغی پێش كۆتایی و له‌م قۆناغه‌ش یاری له‌گه‌ڵ براوه‌ی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باشوور‌و ژاپۆن ده‌كات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.