ئارتور شۆپینهاوه‌ر به‌وه جیاده‌كرێته‌وه ره‌شبینی كرده ئه‌و گۆڵه‌گه سه‌ره‌كییه‌ی كه فه‌لسه‌فه‌كه‌ی له‌سه‌ر راگرتبوو. زۆر فه‌یله‌سوف و داهێنه‌ری گه‌وره‌ی وه‌ك فرۆید، جه‌یمس جۆیس، ساموێل بێكێت، شیوران، ئه‌لبێر كامۆ، ئۆجین یونسكۆ و چه‌ندانی دیكه پێوه‌ی كاریگه‌ربوون. هاینریش فلۆریس شۆپینهاوه‌ری باوكی بازرگانبوو له شاری دانتزیگی سه‌ر سنووری نێوان ئه‌ڵمانیا و پۆلۆنیا ده‌ژیا. ساڵی 1785 كچی بازرگانێكی هێنا ناوی (هنریات)بوو. بیست ساڵ له‌و گه‌وره‌تربوو. به‌ر له‌و هاوسه‌رگیرییه‌ش زۆر گه‌شتی به‌ناو وڵاتانی ئه‌ورووپیدا كردبوو، بۆیه به‌بیر و بۆچوونه لیبرالی و ئازادیخوازه‌كان كاریگه‌ربوو كه ئه‌وسا له فه‌ره‌نسا باوبوون. جه‌ختیشی له خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی (تایمز)ی به‌ریتانی ده‌كرد تاكو ئاگاداری هه‌واڵی جیهان و كۆمێنته‌كانی پسپۆرانی كاروباری سیاسی و دۆزه هزریه‌كان بێت. هه‌رچی دایكی ئارتور شۆپینهاوه‌ربوو، ژنێكی جوان و كه‌شخه و ئاشقه ئه‌ده‌ب بوو. به‌وپه‌ڕی تامه‌زرۆییش رۆمان و شانۆگه‌ری و چیرۆكی ده‌خوێنده‌وه. پاش دوو ساڵ له هاوسه‌رگیرییان، هاینریش فلۆریس شۆپینهاوه‌ر له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره گه‌نجه‌كه‌ی به‌مه‌به‌ستی سه‌یرانكردن به‌ره‌و به‌ریتانیا چوون. هه‌ر كه گه‌یشتنه له‌نده‌ن، ژنه‌كه هه‌ستی به‌وه‌كرد دووگیانبووه، بۆیه بڕیاریاندا یه‌كسه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه دانتزیگ. ئه‌و جاره‌یان به‌هۆی هه‌ڵكردنی گه‌ردولوول له مانش، رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان سه‌خت بوو.
دوای هاتنه‌دونیای ئارتور شۆپینهاوه‌ر له ساڵی 1788 باوكی بڕیاریدا له هامبورگ نیشته‌جێبن و له‌وێدا خه‌ریكی كاره بازرگانیه‌كانی بێت. ساڵی 1799 ئارتور شۆپینهاوه‌ر له‌گه‌ڵ باوكی گه‌شتێكی درێژی كرد و تێیدا زۆر شاری وه‌ك هانوڤه‌ر و ڤایمار و پراگ و به‌رلینی به‌سه‌ركرده‌وه. له‌و گه‌شته‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی بچووك بوو، ئارتوری منداڵ جه‌ختی له‌وه ده‌كرد یادگارییه‌كانی رۆژانه‌ی تۆماربكات كه له‌ناویاندا هه‌ست و هزر و ئه‌وانه‌ی به‌خه‌یاڵی داده‌هات تۆماركرد. له‌و گه‌شتانه‌ی كه له‌گه‌ڵ باوكی بۆ هۆله‌ندا و به‌ریتانیاش كردی، له نووسینی یادگاریه‌كانی رۆژانه‌ی به‌رده‌وامبوو كه له‌ناویاندا باسی له ئازاری مرۆڤ كردووه، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له گۆڕه‌پانێكی گشتی شاری له‌نده‌ن بینی كه‌سێك له سێداره ده‌درێ. ساڵی 1803 ئارتوری لاو گه‌شتی به‌ره‌و پاریس كرد تاكو شانۆگه‌ریه ناوداره‌كانی ئه‌وسا ببینێ و سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له موزه‌خانه‌ی لۆڤه‌ر و كۆشكی ڤارساش بكات. له پاریسیشه‌وه به‌ره‌و سویسرا و دواتر نه‌مسا چوو. له كاتی كۆتایی ئه‌و گشته‌ی كه چاوه‌كانی به‌رووی جیهاندا كراوه، ئارتور شۆپینهاوه‌ر له ده‌فته‌ری یادگارییه‌كانی نووسی (ژیان وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆر قورس و گرانبێ وایه... منیش بڕیارمدا ژیانم ته‌رخانبكه‌م بۆ بیركردنه‌وه لێی).
دوای نه‌گه‌یشتنه سه‌خت و تونده‌كان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی كه ناپاكی لێده‌كرد، ساڵی 1806 باوكی ئارتور خۆی كوشت. دواتر خێزانه‌كه له شاری ڤایمار نیشته‌جێبوون. له‌وێدا دایكی ئارتور شۆپینهاوه‌ر گرنگی به تیماركردنی زامداره‌كانی جه‌نگی (ئینا) ی نێوان سوپای پرۆسی و سوپای ناپلیۆن بۆناپۆرت دا. شۆپینهاوه‌ریش له په‌یمانگه‌ی (گۆتێ) * وه‌رگیرا. به‌ڵام هێنده‌ی پێنه‌چوو به هۆی نووسینی چامه‌یه‌ك كه تێیدا گاڵته‌ی به‌یه‌ك له مامۆستاكانی كردبوو، له خوێندن ده‌ركرا. دواتر پێوه‌ندی به كۆلیژی پزیشكی شاری توبنگن كرد بۆ ئه‌وه‌ی ته‌شریح بخوێنێ. جارێكی دیكه خوێندنی كۆلیژی پزیشكی به دڵنه‌بوو، بۆیه به‌بێ ئه‌وه‌ی پێی غه‌مباربێت ده‌ستبه‌رداری بوو و چووه كۆلیژی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌مان شار. له‌و ماوه‌یه‌شدا ئه‌فلاتۆن و ئارستۆ و كانتی دۆزیه‌وه، به جۆش و فزولیانه‌ش سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان بوو. ساڵی 1811 بۆ درێژه‌دان به خوێندنی فه‌لسه‌فه، پێوه‌ندی به زانكۆی به‌رلین كرد، به‌ڵام هێنده‌ی پێنه‌چوو له‌وێدا به وانه‌كانی فێخته بێزاربوو، بۆیه له تۆماری یادگاریه‌كانی نووسی (پێویسته دانبه‌وه‌دا بنێم ئه‌وانه‌ی لێره ده‌وترێن زۆر ئاڵۆز و ناروونن، به‌ڵام پێده‌چێت به چاكی له واتایه‌كه‌ی نه‌گه‌یشتبم). دواتر ورده ورده له بێمتمانه‌یی بووه تووڕه‌بون و ئارتور شۆپینهاوه‌ر له فێخته هه‌ڵگه‌ڕاوه و وانه‌كانیشی به (زۆربڵێیی بۆش) ناوده‌برد.
ساڵی 1813 له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ڤایمار، ناكۆكی توند له نێوان خۆی و دایكی سه‌ریهه‌ڵدا، دایكی ئاره‌زووبازانه ده‌ژیا و به‌دوای هه‌وه‌س كه‌وتبوو. له هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان ده‌رچووبوو. دوای وه‌رگرتنی دكتۆرا به پله‌ی نایاب له فه‌لسه‌فه، شۆپینهاوه‌ر به گۆتێ گه‌یشت و فریدریش مایاری رۆژهه‌ڵاتناسیشی ناسی كه ئه‌ویا هه‌ندێك له بنه‌ماكانی بوزایی فێركرد. به‌ر له كۆتایی ساڵی 1813 جارێكی دیكه ناخۆشی كه‌وته نێوان ئه‌و و دایكی، بۆیه ڤایماری جێهێشت و تاهه‌تایه پێوه‌ندی به دایكی بڕی. به‌ڵام ئه‌و هێدمه توند و ره‌قه نه‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵی نووسینی نووسراوه ناوداره‌كه‌ی (جیهان وه‌ك ئیراده و وه‌ك بیرۆكه) نه‌بێت.
له پایزی ساڵی 1818 دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی له‌گه‌ڵ ژنه كاره‌كه‌ره‌كه‌ی تێكه‌ڵكردبوو، ئه‌ویان دووگیانبوو لێی، هاوكات ئارتور شۆپینهاوه‌ر به‌ره‌و ئیتاڵیا چوو. نامه‌یه‌كی پێ‌بوو له گۆتێوه بۆ لۆرد بایرۆنی شاعیری به‌ریتانی. كه له گۆڕه‌پانی (ئه‌للیدۆ) له ڤینیسیا له‌گه‌ڵ ژنه ئاشقه ئیتاڵیه‌كه‌ی ده‌سووڕاوه، لۆرد بایرۆن به‌ته‌كیه‌وه ره‌تبوو. پشتی ئه‌سپه ره‌سه‌نه‌كه‌ی گرتبوو، ئه‌وسا ژنه ئیتاڵییه‌كه هاواریكرد و له چاوه‌كانیشی بریسكه‌ی سه‌رسامی هه‌بوو : "ئه‌وه شاعیره ئینگلیزه مه‌زنه‌كه‌یه!". دواتر به‌ره‌و ئه‌سپه‌كه‌ی رایكرد و ده‌یه‌ویست له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌ی قسه بكات. ئه‌وسا له دڵی شۆپینهاوه‌ر غیره هه‌ڵچوو و نامه‌كه‌ی گۆتێی دڕاند و هاواریكرد: "نامه‌وێت پیاوێك بم دوو قۆچی هه‌بێت".
ساڵی 1819 به پرۆفیسۆری فه‌لسه‌فه له زانكۆی به‌رلین دامه‌زرا. له‌سه‌ره‌تادا جه‌ختی له‌وه‌كرد وانه‌كانی له هه‌مان كات بڵێته‌وه كه هیگل موحازه‌ره‌كانی تێدا ده‌وته‌وه، به‌ڵام له‌و ته‌حه‌داكردنه‌ی سه‌رنه‌كه‌وت، چونكه جگه له سێ چوار قوتابی كه‌سێكی دیكه ئاماده‌ی وانه‌كانی نه‌ده‌بوو، كه‌چی ئه‌و هۆڵه گه‌وره‌یه‌ی كه هیگڵ موحازه‌ره‌كانی تێدا ده‌وته‌وه پڕده‌بوو له گوێگر.
دوای زنجیره‌یه‌ك بێئومێدبوونی تاڵ له بواری سۆزداری و له بواری وانه‌وتنه‌وه، شۆپینهاوه‌ر له شاری فرانكفۆرت نیشته‌جێبوو. له‌و ماوه‌یه‌ی ژیانی، ئاره‌زووی به‌ره‌و دابڕان بزوا. به‌رده‌وامیش له مه‌ترسی شاڵاوی له‌پڕ ده‌مانچه‌یه‌كی بچوكی هه‌ڵده‌گرت. هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی خۆبه‌دوورگرتن له نه‌خۆشی، پێداگربوو یه‌ك پیاڵه به‌كاربهێنێ. له شوقه‌كه‌یشدا وێنه‌ی سه‌گه‌كه‌ی و وێنه‌ی كانت و وێنه‌ی ئه‌فلاتۆنی هه‌ڵواسیبوو. ساڵی 1837 به‌خت یاوه‌ری بوو خه‌ڵاتی پێشبڕكێی فه‌لسه‌فی به‌ده‌ستهێنا كه ئه‌كادیمیای شاهانشاهی له نه‌رویج سازیكردبوو.
دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی له شه‌ست ساڵی ره‌تیدا، ناوبانگی زیاتر بڵاوبۆوه. هزر و بیروبۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌كانیشی له هه‌موو ناوه‌نده فه‌لسه‌فیه‌كانی ئه‌ورووپا خواستییان كه‌وته سه‌ر. له ساڵه‌كانی دوایی ژیانیشی ئه‌و پرۆگرامه‌ی گرتبووبه‌ر: به‌یانیان تایبه‌تیكردبوو به كار. دواتر له سه‌ر هارپ هه‌ندێك ئاوازی رۆسیللینی ده‌ژه‌نی. ئینجا هه‌ندێك كتێبی ده‌خوێنده‌وه. لای نیوه‌ڕۆش بۆ پیاسه له‌گه‌ڵ سه‌گه‌كه‌ی ده‌چووه ده‌ره‌وه. له دوای نیوه‌ڕۆش له گازینۆی شار (تایمز)ی ده‌خوێنده‌وه. دواتر له هوتێلی (ئینگلته‌را) نانی ئێواره‌ی ده‌خوارد. هه‌ندێك جاریش له ئۆپێرا سه‌هره‌ی ده‌كرد. رۆژی 21 ی ئه‌یلولی ساڵی 1860 له ته‌مه‌نی 72 ساڵی ئارتور شۆپینهاوه‌ر مرد.
* په‌یمانگه‌ی (گۆتێ) وه‌ك دامه‌زراوه به‌و ناوه ساڵی 1951 دامه‌زراوه. (وه‌رگێڕ)
نووسینی/ حه‌سونه موسباحی- وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵا
شۆپینهاوه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ی ڕه‌شبینی
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.