وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی 06ـی 2022 ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین دەکرێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاووڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە كە لە ڕێگەی پاڵپشتی نرخی بەنزین و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو ڕێكارێک دەگرێتەبەر بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆو خستنەڕووی بەنزینێكی زیاتر لەبازاڕەكان.
ڕاشیگەیاند: بۆ ئەم مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی دارایی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكات و بەشێكی زۆری ڕسومات و باجەكان لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەڵدەگرێت و كارئاسانی پێشكەش بە هەموو كۆمپانیاكان دەكات بۆ هێنانی بەنزین بە مەرجێک كاریگەریی لەسەر كوالێتی بەنزین و تەندروستی هاووڵاتییان نەبێت و لەگەڵ ڕێنماییەكانی پاراستنی ژینگەدا بگونجێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش دا کە حکوومەتی هەرێم هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لە ماوەیەكی كورتدا كۆنتڕۆڵی نرخەكان دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.