حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی 06ـی 2022 لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت بڕیاری گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین دا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو ڕێکارانەوە ڕایگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر بەکاربەر و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند رێکارێکی پێویست دەگیرێتەبەر، یەکێک لەو ڕێکارانەش کەمکردنەوەی ڕسوماتی کارگێڕی و ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی سامانە سروشتییەکان بۆ بڕی تەنیا 7 دۆلار بۆ ھەر تۆنێک.
ڕاشیگەیاند: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردرا کاری پێویست ئەنجام بدات بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ گرتنەبەری ھەر ڕێوشوێنێک بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزین.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختیشی کردۆتەوە کە پێویستە ڕێگری بکرێت لە قۆرخکاری و دەرفەتی یەکسان بدرێت بە سەرجەم لایەنەکان بە ھاوردەکردنی بەنزین بەبێ جیاوازی بە مەرجێک کوالیتی ڕەچاو بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.