ئهمڕۆ پێنجشهم به ئامادهبوونی وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی، ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى سلێمانى كرا کە د. کۆسار محهمهد لە شوێنى د. ڕەزا حەسەن وەک سەرۆکى نوێى زانکۆى سلێمانى دەستبەکار بوو.
ئاڵوگۆڕییهكه لە ڕێوڕەسمێکى تایبەتدا لە ئەنجوومەنى زانکۆی سلێمانی به ئامادهبوونی د. ئارام محهمهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانکۆى سلێمانى و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئەنجامدرا.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەوڵ و کارەکانى سەرۆکى پێشووى زانکۆى سلێمانى بەرز نرخاند و ڕایگهیاند كه دەستکەوتە زانستییەکانى زانکۆى سلێمانى رۆژ دواى رۆژ باشتر لەسەر نەخشەى ئەکادیمیاى جیهانى دەدرەوشێتەوە و لە ڕیزبەندى جیهانى زانکۆکاندا زانکۆى سلێمانى لە پێشەنگەکانە.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: بەو پێیەى زانکۆى سلێمانى ناوەندێکى گرینگى ئەکادیمى و زانستییە، خەڵکى سلێمانى و هەرێمى کوردستان و کۆمیونیتى ئەکادیمى چاویان لە داهێننان و پرۆژەى زانستى زیاترە لە زانکۆ و پاراستنى دەستکەوتەکانى لە ڕووى زانستى و پێشکەوتنەوە.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا هەریەک لە د. ڕەزا حەسەن سەرۆکى پێشوى زانکۆ و د. کۆسار عەلى سەرۆکى نوێى زانکۆ لە دوو وتەى جیادا ئاماژەیان بە رۆڵ و پێگەى زانکۆى سلێمانى لە هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و دووپاتیان کردەوە وەک هەمیشە لەناو زانکۆ و دەرەوەى زانکۆ لە خزمەتکردن و پێشخستنى زانکۆى سلێمانى درێغى ناکەن و ئەوەى لە تواناى ئەواندا بێت بۆ پێشکەوتنى بەردەوامى پێ دەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.