دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری پشتبەست بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو ڕێکارانە خرانەڕوو، وەک یەکەم هەنگاو بۆ گرتنەبەری ڕێکارەکان دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بازرگانان ئاگادار دەکاتەوە کە لە ئەمڕۆ هەینییەوە ڕێکەوتی 17ـی 06ـی 2022 ڕسومات و گومرگی هاوردەکردنی تایبەت بە بەنزین هەڵدەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە ئاگادارییەکەدا بڵاوی کردۆتەوە کە لە دەروازەکەیان ئامادەکاری و ڕێکاری پێویست بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر، بازرگانان دەتوانن بەبێ باج و ڕسومات لە ڕێگەی دەروازەکەمانەوە بەنزین هاوردە بکەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەپێی فەرمانێکی وەزاری، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێکەوتی 16ـی 06ـی 2022 پشتبەست بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (1682) لە ڕێکەوتی 16ـی 06ـی 2022 ئەوە خراوەتە ڕوو، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزینی هاوردە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیار درا بە :-
1- هەڵگرتنی تەواوی باج و ڕسوماتی گومرگی تایبەت بە بەرهەمی بەنزینی هاوردە، بە ڕەچاوکردنی کوالێتی.
2- کەمکردنەوەی ڕسوماتی کارگێڕی هەناردەکردن و هاوردەکردنی سامانە سروشتییەکان، تەنها بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین بۆ (7$) حەوت دۆلار بۆ هەر تەنێک.
3- دەرفەتی یەکسان بە سەرجەم لایەنەکان بدرێت بەمەبەستی هاوردەکردنی بەنزین بەبێ جیاوازی و ڕێگری لە قۆرخکاری بکرێت، بە مەرجێک ڕەچاوی کوالێتی بکرێت.
4- ئەم فەرمانە لە ڕێکەوتی 17ـی 06 ـی 2022 جێبەجێ دەکرێت تاوەکو ڕێکەوتی 31ـی 12ـی 2022.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئاگاداری سەرجەم بازرگانان دەکەنەوە، دەتوانن بەو ڕێکار و شێوازە نوێیە سووتەمەنی لەڕێگەی دەروازەکەیانەوە هاوردە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش کارئاسانی پێویستیان بۆ دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.