ڕێشان حه‌مۆ.. عه‌رشی شانۆی هه‌ژاند!
شانۆگه‌ریی (دوا ڕۆژه‌كانی بابلۆ) له ده‌رهێنانی (شوان كه‌ریم) و نواندنی هه‌ریه‌ك له هونه‌رمه‌ندان (ڕێشان حه‌مۆ، ڕووبار خالید، سۆران ئه‌كره‌م، تاهیر عه‌بدولواحید، تێشوو نامیق، فه‌رهاد سه‌عدی، هه‌نار كامه‌ران، سێوان یاسین، ژیوار حوسێن، ڕه‌نجده‌ر سه‌عد، هانۆ سه‌باح، نێچیر خه‌لیل، ڕۆژ ئازاد، سه‌رخان یاسین، ڕۆزان كارزان، ئاری وشیار)ـه و (لاوك ئه‌بوبه‌كر) وه‌ك یاریده‌ده‌ری به‌رهه‌مه شانۆییه‌كه به‌شداره و له دوای ٥٥ ڕۆژ له نمایشه‌كانی ئه‌و شانۆگه‌رییه كۆمێدی و ته‌نز ئامێز و موزیكاڵیه له سلێمانی و ئاماده‌بوونی 26هه‌زار بینه‌ر، بۆ یه‌كه‌م جار له هه‌ولێر به سپۆنسه‌ری تۆڕی میدیایی ڕووداو و به ئاماده‌بوونی بینه‌رێكی به‌رچاو و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هه‌ولێر و (هیوا سوعاد) به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی هه‌ولێر نمایش كرا.
بابلۆ عه‌رشی شانۆی كوردی له هه‌ولێر هه‌ژاند
له ده‌ستپێكی كاره شانۆییه‌كه‌دا، هۆڵی میدیا جمه‌ی هات له بینه‌ر و ته‌نانه‌ت هیچ شوێنێك نه‌ما بۆ بینینی شانۆگه‌رییه‌كه و چیرۆكه‌كه‌شی هه‌مووانی هێنایه هه‌ژان، به‌جۆرێك به جووڵه كۆمێدی و دیالۆگه پڕ له ته‌نزه‌كانی عه‌رشی شانۆی هه‌ولێری هه‌ژاند.
به‌یانییه‌ك ژیانی بابلۆی بازرگان ده‌گۆڕێت!
(بابلۆ) ناوی ئه‌و بازرگان و سه‌رمایه‌داره گه‌وره‌یه‌یه، كه (ڕێشان حه‌مۆ) به كۆمێدیا ئه‌و ڕۆڵه به‌رجه‌سته ده‌كات و پاڵه‌وانی چیرۆكی ئه‌و شانۆگه‌رییه‌یه.
(بابلۆ) له‌گه‌ڵ چریكه‌ی به‌ره‌به‌یانێكدا ژیانی لێ ئاوه‌ژوو ده‌بێت و له سهرمهیادارێكی گه‌وره‌وه ده‌بێت به پیاوێكی سه‌ر لێشێواو، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ڕووداو و كێشه و گرفتانه‌ی له ڕێگه‌ی خانه‌واده‌كه‌یه‌وه تووشی دێت، به‌تایبه‌ت چیرۆكی عاشق بوونی كچه‌كه‌ی به شوفێره‌كه‌ی بابلۆ و ئاشكرابوونی نهێنیه‌كانی نێو كۆمپانیاكه‌ی به‌ده‌ست كارمه‌ندێكی كۆمپانیاكه‌یه‌وه، كه وا له‌و كاره‌كته‌ره ده‌كات، ببێته پیاوێكی نه‌خشه‌داڕێژه‌ر بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر گیرفانی ئه‌ودا ده‌وڵه‌مه‌ندبن، تاڕاده‌یه‌كیش پلانه‌كانی سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، به‌ڵام له كۆتایی شانۆگه‌رییه‌كه‌دا بابلۆ هه‌موو پلانه‌كانی شكست ده‌هێنێت و سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌شی له‌ده‌ست ده‌دات.
شوفێرێك دڵی كچه سه‌رمایه‌دارێك داگیر ده‌كات!
بابلۆ به‌خته‌وه‌رییه‌كانی خۆی له دنیای موزیك و گۆرانی دا ده‌دۆزییه‌وه، له‌گه‌ڵ گرووپێكی موزیكدا سه‌رگه‌رمی هۆنینه‌وه‌ی چه‌ند كۆپڵه گۆرانیه‌ك بوو، ده‌یویست له ڕێگه‌ی گۆرانی و موزیكه‌وه ڕووی دووه‌می خۆی نیشانی خه‌ڵك بدات، كه ژیانی ئه‌و ته‌نیا له به‌ده‌ستهێنانی پاره و ساماندا كۆ نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو عه‌شقی بۆ موزیك و گۆرانی زۆر له سامان گه‌وره‌تره، به‌ڵام له پڕ گه‌نجێك خۆی كرد به ماڵه‌كه‌ی و نووسراوه نهێنیه‌كانی كۆمپانیاكه‌ی وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی و دیار نه‌مانی بڕێك له پاره به‌كارهێنا بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخاته سه‌ر بابلۆ و تا بتوانێت كچه‌كه‌ی بخوازێت، ئه‌ویش له وه‌ڵامی داواكه‌ی ئه‌ودا گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵدا مۆركرد، كه ئیتر لێ ده‌رباز نابێت و به‌هه‌ڵه كچێكی دیكه‌ی پێشكه‌ش ده‌كات، كه له ڕاستیدا ئه‌وینداره‌كه‌ی ئه‌و گه‌نجه كچۆڵه‌یه‌كی دیكه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ی پێشكه‌شی كرا.
عه‌شق وه‌ك به‌شێك له‌و شانۆیه‌دا
له گه‌رمه‌ی پلاندانان بوو، بۆ ئه‌و گرفتانه‌ی كه ناخیان ئازار ده‌دا و له سوچێكی ماڵه‌كه‌ی دا قه‌تیس مابوو به‌ده‌م چیرۆكی خۆشه‌ویستی كچه‌كه‌ی و له‌ده‌ستدانی به‌شێك له سامانه به‌هۆی هه‌ڵه‌یه‌كی خێزانه‌كه‌ی و گۆڕانی جانتای پاره‌كانی، كه‌چی له پڕ ئه‌وینداره كۆنه‌كه‌ی كه كچه خزمه‌تكارێكی ماڵه‌كه‌ی بوو، له سه‌رده‌می لاوی خۆی دا عه‌شقی ببوو، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ژاری ماڵی كچه‌كه‌وه نه‌یانتوانیبوو بڕیاری هاوسه‌رگیریی خۆیان بده‌ن، له دوای ٢٩ ساڵ دا جارێكی تر باوه‌شیان به یه‌كتردا كرد و نهێنی گه‌وره‌بوونی كچه‌كه‌شی بۆ ئاشكرا بوو، كه دوای ته‌مه‌نێك بۆ یه‌كه‌مجار به‌دیداری یه‌كتر شادبوونه‌وه و له‌وێشدا چیرۆكی خه‌مه‌كانی بابلۆ گه‌وره‌تر بوون، تا گه‌یشت به‌وه‌ی خۆی له كونجی (شێتخانه‌یه‌ك)ـدا ببینێته‌وه و ئیتر ژیانی ئه‌و ته‌نیا بوو به دانانی نه‌خشه بۆ منداڵه‌كانی و جووت هاوسه‌ره‌كه‌ی، كه ته‌نیا حه‌ز و ئاره‌زووییان ئه‌وه‌بوو چێژ له سامانه‌كه‌ی وه‌رگرن و ڕابردووی خۆیان له‌گه‌ڵ بابلۆ له‌بیر بكه‌ن.
موزیك و كۆمێدیا له شانۆنامهیهكدا
ڕێشان حه‌مۆ، جگه له‌وه‌ی وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و شانۆگه‌رییه ڕۆڵه‌كه‌ی به‌رجه‌سته‌كردبوو، به ژه‌نینی ئامێره‌كانی درامس و ته‌پڵ، دڵی بینه‌رانی به‌لای خۆی دا ڕ‌اكێشا و بۆ یه‌كه‌م جار نهێنی ئه‌وه‌ی دركاند كه ئه‌و ته‌نیا شانۆكار نیه، به‌ڵكو یه‌كێكه له موزیكژه‌نه هه‌ره به تواناكانی كوردستان و هه‌م له كۆمێدیا ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌یه و هه‌میش له موزیكدا.
شیڤان شێرزاد
له هه‌ولێر شانۆگه‌ریی دوا ڕۆژه‌كانی بابلۆ نمایش كرا
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.