بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەھۆی ئەوەی لۆدێکی زۆر لە پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون ھەبوو، ھەندێک گرفت ڕووی دا و ئەمڕۆ چارەسەر دەکرێت، باسی لەوەش کرد کە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون تەنیا یەک قۆناخ نییە و قۆناخی دیکەشی بەدواوە دێت.
ھێمن ھەینی بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ھۆکاری ئەوەی ھەموو خەڵک ناتوانێت فۆڕمی پڕکردنەوەی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون پڕ بکاتەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لۆدێکی زۆری لەسەرە، بەڵام ئێستا کاری لەسەر دەکرێت و سیستەمەکە فراوانتر دەکرێت بۆ ئەوەی ھەموو خەڵک بتوانێت فۆڕمەکە پڕ بکاتەوە.
ڕاشیگەیاند: ئەمڕۆ ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت و ھەموو کەسێک دەتوانێت فۆڕمەکە پڕ بکاتەوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان ئاماژەی بەوەش دا کە تەنھا ئەو ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە نییە کە دروست دەکرێت، بەڵکوو بە قۆناغ دەبێت و ئەوە قۆناغی یەکەمە و قۆناغی دیکەشی بەدواوە دێت، بەڵام جارێ تەنھا ئەو قۆناغە ڕاگەیەندراوە.''
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.