Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 20:52

ئێرانییەكان بەهۆی هەڵاوسان و گرانی نرخەكانەوە تەنها توانای كڕینی نانیان هەیە

کوردستان TV
100%

نرخی خۆراك لە ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە و ئێرانییەكان بەهۆی هەڵاوسان و گرانی نرخەكانەوە تەنها توانای كڕینی نانیان هەیە و لەدۆخێكی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن.
عەلی سەرقاڵی بڕینی ئەو لاشە مەڕانەیە كە تازە لە قەسابخانەكەی لە باشووری تاران وەریگرتووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ فرۆشتنی بەو كڕیارانەی كە هاوشێوەی ئەو گلەیی لە دابەزینی توانای كڕینیان دەكەن لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی هەڵاوسان .
لەوبارەیەوە عەلی تەمەن 50 ساڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، فرۆشی كۆمپانیاكە بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە بۆ نزیكەی نیوەو توانای كڕینی خەڵك بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.
هەروەها دەڵێت: من قەسابم، بەڵام هەندێك جار هەفتەی جارێك گۆشت ناخۆم ،چونكە هەموو شتێك نرخەكەی بەرزبووەتەوە.
هەروەها ئەسغەری تەمەن 63 ساڵ كە فەرمانبەرێكی خانەنشینكراوی حكومەتە دەڵێت: هەموو شتێك نرخەكەی بەرزبووەتەوە، بە گۆشتەوە، پێشتر بڕی زیاترمان دەكڕی، ئێستا هەمووان كەمتر دەكڕن، هەمووان لە ژێر فشاردان.
ماوەی چەند هەفتەیەكە هەڵاوسان زیاتر خێراتر دەبێت دوای ئەوەی حكومەتەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی لە نیوەی دووەمی مانگی ئایاردا هەمواركردنی سیستەمی یارمەتییەكان ڕاگەیاند و نرخی كەرەستە سەرەتاییەكانی وەك ئارد و گۆشت و هێلكە و زەیتی چێشت لێنان بەرزكردەوە.
هاوكات ئامارەكانی میدیا ناوخۆییەكان جیاوازییەكی ڕیشەیی لە نرخەكان لە نێوان هەردوو قۆناغەكەدا نیشان دەدەن، چونكە نرخی گۆشتی سوور بەڕێژەی 50% بەرزبووەتەوە، نرخی مریشك و شیریش دوو هێندە زیادیكردووە و ڕۆنی چێشت لێنان بووە چوار ئەوەندەی ئێستا.
لە چەند هەفتەی رابردوودا بە سەدان كەس لە چەند شارێك رژانە سەر شەقامەكان، ئەمەش وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە گرانی نرخەكان. 
لەلایەكی دیكەوە محەممەد -ی كاسبكار لەبەردەم دوكانەكەیدا وەستاوە، كە پڕە لە پەنیر و دانەوێڵە و مەعكەرۆنی و زەیتی چێشت لێنان، بەڵام لە كڕیاری نییە،دەڵێت،:لەم دواییانەدا فرۆشەكانی دابەزیوە، لە كاتێكدا نرخی هەندێك كەرەستە بەرزبووەتەوە،.
هاوكات شادی، كە ژنی ماڵەوەیە دەڵێت: مووچە دوو هێندە زیادی نەكردووە، بەڵام تێچووی ژیان دوو هێندە زیادی كردووە.
ئەو دەشڵێت، لەبەر ئەوەی نرخی برنج بەرزبووەتەوە، خەڵك لەبری برنج پەنا بۆ كڕینی نان دەبەن.
هەروەها موجتەبا كە پیشەی نانەوایە ئەمە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت: خەڵك دوای ئەوەی توانای كڕینی برنج و زەیتی چێشتلێنان و مەعكەرۆنی و دۆشاوی تەماتەیان نەمابوو، پەنایان بردە بەر نان. هەروەها دەشڵێت: ئەوان بە تەنیا نان دەخۆن.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.