وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی 06ـی 2022 ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە باسکردنی پرسی مووچە لەگەڵ لێژنەی سامانە سروشتییەکان بڵاوکردەوە و ڕەتی دەکاتەوە بەهیچ شێوەیەک ئەو پرسە باس کرا بێت.
لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاتووە کە "ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی كارەبا كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی سامانە سروشتییەكان كۆبووەوە بە تێروتەسەلی باس لەهەنگاوەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كرا كە بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین و پاڵپشتی حكوومەت گیراوەتەبەر."
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "بەداخەوە بەناوی وەزیرەوە لە هەندێك پەیج و ئەكاونتی ساختەوە هەواڵێكی هەڵپەسێردراو بڵاو كراوەتەوە كە دوورە لە ڕاستییەوە، لەكاتێكدا لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (پاراستنی ئەمنیەت و مووچەی هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییەكان) لە ڕیزبەندی پێشەوەی بەرنامە و كارەكانی حكوومەت دێت و دابینكردنی بەنزین و پاڵپشتیكردنی لەلایەن حكوومەتەوە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە مووچەوە نییە و لەسەر حسابی فەرمانبەرانی خۆشەویست بەهیچ شێوەیەک باسی پرسی مووچە نەكراوە و ناكرێت.
ئاماژەی بەوەش داوە کە وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خاوەنی پەیجی فەرمی فەیسبووكی خۆیانە و بە فەرمی لەلایەن فەیسبووكەوە ناسێنراون و هەر هەواڵ و بۆچوونێك پێچەوانەی ئەم دوو پەیجەوە بڵاو بكرێتەوە وەزارەت لێی بەرپرسیار نییە و تەنیا بۆ بەلاڕێدابردن و سەرقاڵكردن و كۆكردنەوەی لایک و كۆمێنتە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.