بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی 06ـی 2022 ڕێنمایی سەبارەت بە خۆپاراستن و چارەسەرکردن لە نەخۆشی کۆلێرا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتییەکە چەند ڕێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لە سکچوونی توند (کۆلێرا) و چارەسەرکردنی بڵاوکردۆتەوە کە ئەمانەن:-
1- ئەم ماوەیە خواردنی دەرەوە، خۆراكی سەردانەپۆشراو بەكارمەهێنە تاوەکو دەتوانیت ژەمی نانخواردنت لە ماڵەوە بێت.
2- پێش نانخواردن و پاش چوونە توالێت، بە ئاو و سابوون بۆ ماوەی 20 چركە دەستەكانت بشۆ.
3- دوور بكەرەوە لە بەكارهێنانی ئاوی بەلووعە، بەڵكو ئاوی ئامادەكراو و کوڵێنراو بۆ خواردنەوە بەكاربهێنە، ( ئامادەكردنی خواردن، ددان شووشتن و قاپ شووشتن).
4- هەتا دەتوانیت لەم كاتەدا خواردنی دەریایی وەک ماسی مەخۆ، ئەو خواردنانەشی لە ماڵەوە ئامادەی دەكەیت وەك گۆشت، بەشێوەیەكی باش بکوڵێنرێت و بەگەرمی بخورێن.
5- بۆ ماوەیەكی كاتی خۆت لە مەلەکردن لەناو مەلەوانگە و چەمەكان بپارێزە.
6- لە كاتی سكچوون و ڕشانەوە گیراوەی Rice_based ORS بەكاربهێنە، هەر كیسێک بخەرە ناو لیترێک ئاوی كوڵێندراو و لەدوای هەموو سكچوونێک، پەرداخێكی لێ بخۆرەوە تاوەکو قەرەبووی ئەو كانزا و ڤیتامینانەت بۆ بكاتەوە كە لێت ڕۆیشتووە.
7- ئەگەر گیراوەی ORS بەردەست نەبوو، دەتوانیت نیو كەوچكی چا (خوێ) لەگەڵ شەش كەوچكی چا (شەكر) بخەیتە ناو لیترێک ئاوی كوڵێندراو و گیراوەیەكی لێ دروست بكەیت. لە پاش هەر سكچوون و ڕشانەوەیەك پەرداخێكی لێ بخۆرەوە.
8- ئەگەر سكچوون و ڕشانەوەكەت لە ڕادەبەدەر بوو، بەجۆرێک توانای خواردن و خواردنەوەت نەما و تەواو شەكەت بوویت، باشترە لە ماوەی 24 کاتژمێر سەردانی نزیکترین دەزگای تەندروستی بكەی بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین لەگەڵ پزیشكی تایبەتمەند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.