پەرلەمانی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی 06ـی 2022ـی نێوان وەزیری سامانە سروشتییەکان و لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی بڵاوکردەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگ لەلایەن وەزیری سامانە سروشتییەکان لەبارەی بەنزین، نەوت و گاز خراوەتەڕوو.
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت پێشوازی لە شاندێكی لێژنەی وزە و سامانەسروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان کرد.
لە ڕاگەیەنراوەکە هاتووە کە وەزیری سامانەسروشتییەكان لە کۆبوونەوەکە بە لێژنەكەی پەرلەمانی ڕاگەیاند: ئێستا بڕیاریان داوه بڕی ملیۆنێک لیتر بەنزینی 690 دینارى بە دادپەروەری بەسەر سەرجەم پارێزگاكان دابەش بكرێت و هەوڵیش دەدرێت ئاستی بەرهەمی بەنزینی 800 دیناری ڕۆژانە بگاتە سێ ملیۆن لیتر.
ڕاشیگەیاندووە: بڕیارە له ئایندەدا پاڵاوگەی لاناز بەنزین بەرهەم بهێنێت و داواشمان کردووه ئەو بەنزینەش بە سیستهم و نرخێکی گونجاو دابەش بکرێت بەسەر سەرجەم شارەکاندا و بە پشتبەستن بە پاڵاوتنی ناوخۆش بەرهەمی بەنزین زیاد بکرێت.
پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە "لەبەشێكی دیكهی كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایەسەر گازوایل كە ئێستا جگە لە بەرزبوونەوەی نرخەكەی، ڕۆن و ماددەی دیكەی تێكەڵ دەكرێت و وەك گازوایل دەفرۆشرێت، ئەمە جگە لەوەی بەكارهێنانی لەلایەن موهلیدەی گەڕەكەكانەوە زیانی زۆر بە تەندروستیی هاووڵاتییان گەیاندووە، بۆ ئەمەش لێژنەكە بەڵگەی پێویستی خستە بەردەم ستافی وەزارەتهكه و داوایكرد ئەو گازوایلەی دەبرێتە دەرەوە لە ناوخۆ بەكار بهێنرێت."
لەبەرامبەردا وەزارەتی سامانەسرووشتییەكان بڕیاری دا بەدواداچوون بۆ ئهو پرسه بكات و بە لێژنەكەی پەرلەمانیشیان ڕاگهیاند كه تێكەڵكردنی ئەو ماددانە تاوانە.
سهبارهت به غازی LPG بۆ غازی ماڵان و بازرگانی و ئەو غازەی بۆ ئۆتۆمبێل بەکار دێت، شاندی لێژنهكهی پهرلهمان داوایانکرد کۆنتڕۆڵی نرخ بکرێت و داشبەزێت و تاوەکو خواستی ناوخۆ دابین نەکرێت هیچ بڕێک نەبرێتە دەرەوە، ههروهها چاودێری توند بکرێتەوە.
وهزیری سامانه سرووشتییهكان به وهكالهت ڕایگهیاند: وەزارەت پلانێک ئامادە دەکات بۆ سوودبینین لە غاز بۆ دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆ پێش هەناردەکردنی بۆ دەرەوە.
پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە كۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆ لەسەر نەوتی سپیی ماڵان كرا و لێژنە داوای كرد لە ئێستاوە وەزارەت ئامادەكاری بكات تاوەكو لە وەرزی زستاندا نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەش بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.