ڕۆژی یەکشەممە 19ـی 06ـی 2022 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی نووسەر و ئەکادیمست و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ناساندنی زنجیرەیەک کتێبی پڕۆژەی دۆکیۆمێنتاریی شۆڕشەکانی بارزان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و وێڕای دەستخۆشی بۆ بارام وەڵەدبەگی بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگیی کوردستان لە تاران و تەواوی ئەو کەسانەی لە پڕۆژەی دۆکیومێنتاریی شۆڕشەکانی بارزان ڕۆڵیان گێڕاوە و کتێبەکانیان ئامادەکردووە، دەستخۆشیی لە زانکۆی سەڵاحەدین و ئەو کەس و لایەنانە کرد کە مەراسیمی ناساندنی پڕۆژەکەیان بەڕێوەبردووە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ پڕۆژەکە خواست.
سەرۆک بارزانی ڕۆڵی ڕۆشنبیران و ئەکادیمیست و نووسەرانی لە ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و گرێدانی پردی پەیوەندیی لەگەڵ گەلانی دیکەی ناوچەکە بەرز نرخاند و برەودان بەکاری فەرهەنگی وەک بەشێک لە خەباتی گەلەکەمان پێناسە کرد و داوای کرد ڕێگە نەدەن چیتر مێژووی گەلی کوردستان چەواشە بکرێت و خۆیان بەپشت بەستن بەبەڵگە و زانیاریی دروست و متمانەپێکراو کار لەسەر ناساندنی مێژوو بکەن.
شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بە دیدارەکە، سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد و ئاماژەیان بە پێگەی جەنابیان لەناو کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان کرد کە جگە لە پێگە سیاسییەکەی، وەک ئومێد و هیوای ڕزگاری، پێگەیەکی مەعنەویی بەرزی لەناو کورد هەیە و لەناو پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێرانیشدا جێی ڕێز و تەقدیرە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، شاندی میوان ژمارەیەکی زۆر کتێب و بەرهەمی چاپکراوی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.