سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی 06ـی 2022 وەزیری تەندروستی ڕاسپارد بۆ بەدواداچوونی ڕێکارەکانی چارەسەری نەخۆشانی کۆلێرا سەردانی سلێمانی بکات و بڕیاری گەیاندنی زیاتر لە 10 تەن پێداویستی پزیشکی بۆ شارەکە دا.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری تەندروستی لە ڕەوشی نەخۆشییەکانی سکچوونی توند و نەخۆشی کۆلێرا دەپرسێتەوە و وەزیری تەندروستی ڕادەسپێرێت بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی نەخۆشان و گرتنەبەری ڕێکاری توندی ڕێگەگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی سکچوون و کۆلێرا و تەواوی ئامادەیی و پاڵپشتی خۆیان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ هەر پێویستیەک لەپێناو بەرژەوەندی و سەلامەتی هاووڵاتییان.
ڕاشیگەیاند: هەر ئێستا بەنوێنەرایەتی مەسرور بارزانی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی گەیشتە شاری سلێمانی بۆ بەدوداچوونی ڕێکارەکانی چارەسەری نەخۆشانی سکچوونی توند و کۆلێرا و گرتنەبەری ڕێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی نەخۆشی کۆلێرا و گەیاندنی بڕی زیاتر لە 10 تەن پێداویستی پزیشکی گەیەنرایە شاری سلێمانی.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا کە بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و سەردان لەشاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.