بڕیارە ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری پارتی سەردانی بەغدا بکات و سەرچاوەیەکیش ئاشکرایکرد، لیژنەکە بە فەرمانی سەرۆک بارزانی پێکھاتووە و لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان دەست بە دانوستان دەکات بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
سەرچاوەیەکی باڵای پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بەفەرمانی سەرۆک بارزانی شاندێکی نوێی دانوستان پێکھاتووە و بە نوێنەرایەتی پارتی راسپێردراوە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان بکات بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، لیژنەکە بە سەرۆکایەتی دکتۆر فوئاد حوسێن و ئەندامیەتی ھەریەک لە دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا و بەنگین رێکانی پێکھاتووە.
لای خۆشیەوە بەنگین رێکانی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگهیاند: شاندەکەی پارتی ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان کۆدەبێتەوە بۆ دانوستان لەبارەی پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و رێککەوتن لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان.
بەنگین رێکانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پارتی ھەموو ھەوڵێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەدات لەپێناو دەرچوونی عێراق لەو رەوشە ناھەموارەی ھەیە و پێشتریش ھەنگاوی پارتی بەو ئاراستەیەبوون بۆ دروستبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسیەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.