بووژانه‌وه‌ی ژیله‌مۆ ڕۆمانه‌كانی (هه‌یئه) و (سێگۆشه‌ی سنوور) و (كاروانی چه‌ك) و (زیندانی گه‌ڤه‌ڕ) ی سه‌لام عه‌بدوڵڵای گرتۆته‌خۆ. له‌لاپه‌ڕه‌كانی دوایشدا له‌چه‌ند دێڕێك پرۆفایلی نووسه‌ر و لیستی به‌رهه‌مه بڵاوكراوه‌كانی و وێنه‌ی به‌ركی هه‌ندێك له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌بینرێ. ئه‌و به‌رهه‌مه به‌پێزه ئه‌م ساڵ به‌تیراژی هه‌زار دانه به‌زنجیره‌ی 79 له‌ده‌زگای رۆشنبیری جه‌مال عیرفان بڵاوكرایته‌وه. زمانی نووسین له‌هه‌ر چوار رۆمانه‌كه ساده و پوخته، خوێنه‌ر چێژی لێوه‌رده‌گرێت. رووداوه‌كانی ناویشیان كه حیكایه‌تخوان به‌ڕاناوی كه‌سی یه‌كه‌م ده‌یانگێڕێته‌وه هێند به‌تاسه نووسراون له‌گه‌ڵ خۆیاندا خوێنه‌ر كێش ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كێكیشیان ده‌كرێت به‌ته‌نیا بخوێنرێنه‌وه (وه‌ك پێشتر له‌كاتی چاپكردنیشیان به‌سه‌ریه‌ك و له‌دوای یه‌ك بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه. له‌سه‌ر به‌رگیشیاندا ئاماژه به‌وه نه‌دراوه تهواوكهریان هه‌یه)، به‌ڵام رووداوه‌كانی ناویان وه‌ك زنجیره، ته‌واوكه‌ری یه‌كترین، بۆیه ره‌وایه وه‌ك كارێكی چوارینه‌ی بواره‌كه پۆلین بكرێت. ئه‌مه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌به‌رگی دواوه‌ی كتێبه‌كه‌ش ئاماژه كراوه رووداوه‌كانی ناویان به‌شێك له‌خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی نووسه‌ریان به‌رجه‌سته‌كردووه له‌ماوه‌ی ساڵه‌كانی 1977 تا 1979، كه‌واته ده‌كرێت وه‌ك ڕۆمانی بایۆگرافیش لێیان بڕوانین.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نووسه‌ر له‌و كاره‌یدا یاداشتی خه‌باتی خۆی نه‌نووسیوه. هه‌روه‌ها مێژووی تێكۆشانیشی، به‌لكو له‌جیهان و فه‌زای رۆمان دا خوێنه‌ر به‌ره‌و ناسۆر و به‌رگه‌گرتنی ئازاری لهتوانابهدهری مرۆڤ ده‌بات. كاریگه‌رانه‌ش وه‌سفی ئه‌و ساته سه‌ختانه‌ی كردووه كه تێیدا مرۆڤ ناتوانێ به‌رگه بگرێت مه‌گه‌ر په‌یامێكی گرنگ، گیانی تۆكمه‌یی و وره‌ی پۆڵاینی و بیروباوه‌ڕی سه‌ختی له‌ناخدا چه‌كه‌ره نه‌كردبێ. به‌ڵێ چیڕۆكخوێن له‌سه‌ر پرسی كوردایه‌تی خرا زیندان. له‌وێشدا به‌وپه‌ڕی سه‌ختی سزادرا و فه‌رمانی له‌سێداره‌دانیشی به‌ڕوودا درا. به‌ڵام چۆكی نه‌دا و هێمن وته‌نی رق ئه‌ستوورتر بوو. دواتریش كه هێشتا زامه‌كانی جه‌سته‌ی سارێژنهبووبوون، له‌چیا هه‌ڵپه‌ی چوونه ناو شۆڕش و گڵپهكردنی بوو. ئه‌و ههڵپهیهش وه‌های لێ‌كرد له‌سه‌ختترین كاتی ساڵ، به‌ڕێگه‌ی قاچاخ و پڕ له‌هه‌ڵدێر و مه‌ترسی روبه‌ڕووبونه‌وه، به‌گه‌ر كاروانه سه‌خته‌كه‌ی گه‌یاندنی چه‌ك بكه‌وێت.
وه‌ك له‌لیستی به‌رهه‌مه‌كانی ناو ئه‌و كتێبه‌دا ده‌بینرێت جگه له‌ڕۆمانی كاروانی چه‌ك، پێشتر رۆمانه‌كانی دیكه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه و دوانیشیان بۆ زمانی دیكه وه‌رگێڕدراون. من به‌ر له‌و كتێبه ته‌نیا رۆمانی هه‌یئه‌ی ناوبراوم خوێندبۆوه. كه ئه‌وسا ئه‌وه‌نده بهپاڵهوانیهتی چیرۆكخوێن و جهربهزهییهكانی و بیرۆكه‌ی راكردنی سه‌رسام بووم، ئه‌وه‌نده نهپهڕژامه سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌هونه‌ری رۆمانی كاره‌كه بڕوانم. له‌وه‌ش ناحه‌ق نه‌بووم چونكه ئه‌وه‌ی له‌و رۆمانه خراوه‌ته‌ڕوو له‌خه‌یاڵ و كارێكی مه‌حاڵ ده‌چێت چ جای ئه‌وه‌ی واقیعی بێت. دواتر كه یاداشتی بڵاوكراوه‌ی كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌م خوێنده‌وه بۆم ده‌ركه‌وت سه‌لام عه‌بدوڵڵاش یه‌كێك بووه له‌و پێشمه‌رگه جه‌ربه‌زانه‌ی له‌كاروانه مێژوویه‌كه‌ی گه‌یاندنی چه‌ك به‌شداریكردووه. بێگومان ئه‌و كاروانه خۆی له‌خۆیدا داستانێكی سه‌خت و پڕ لهتهنگهتاوی بوو. بۆیه كه به‌بووژانه‌وه‌ی ژیله‌مۆ گه‌یشتم به‌هه‌ڵپه‌وه خوێندمه‌وه. به‌وه‌ش بۆم ده‌ركه‌وت ناوبراو هاوشێوه‌ی چه‌ندان تێكۆشه‌ری دیكه، له‌پێناو رێبازه‌كه‌ی چ سه‌ختییه‌كی كێشاوه.
رۆمانی هه‌یئه
رۆمانی هه‌یئه و له40 به‌شی كورت پێكهاتووه كه به‌ژماره ریزبه‌ند كراوه. به‌سه‌رهاتی كۆمه‌ڵێك كه‌سی خه‌باتگێڕی نهێنین له‌ساڵی 1977. چیڕۆكخوێنی ئه‌و به‌رهه‌مه سۆران ئه‌حمه‌دی ناوه. (دارا) ناوی نهێنیتی. ئه‌ندامی (رێكخراوی تۆڵه‌ی شه‌شی ئازار- ڕێتشا)یه. له‌نیوه شه‌وێك هه‌ڵده‌كوتنه ماڵه‌كه‌ی و به‌په‌له له‌خه‌و ڕاده‌په‌ڕێ و راده‌كات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوونابێت و به‌ده‌ست و چاوی به‌ستراو به‌ره‌و ئیستیخباراتی سلێمانی ده‌بردرێت. له‌وێدا رووبه‌ڕووی (عومه‌ری خه‌یات) ی هاوڕێی رێكخراوه‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه. كه ئه‌ویش ده‌ستگیركرابوو. دوای ئه‌وه‌ی نهێنی رێكخراوه‌كه‌یانی بۆ كوڕێك دركاندبوو كه خۆفرۆش بوو. له‌ژێر زه‌بری لێداندا عومه‌ر ناوی هه‌موو ئه‌ندامانی شانه‌كه‌ی هێنابوو. چیڕۆكخوێن له‌لاپه‌ڕه 12 به‌و جۆره وه‌سفی ئه‌و حاڵه‌ی ئه‌وسای خۆی كردووه (سه‌رم كاس بوو، دڵم به‌توندی لێی ده‌دا، خه‌ریك بوو بڕشێمه‌وه، ئازاری برینداریهكهم له بیر چووه‌وه، هه‌ر سه‌یرم ده‌كرد به‌و هیوایه‌ی قسه‌كانی بگۆڕێ و په‌شیمان بێته‌وه). دواتر به‌رده‌وام ئه‌شكه‌نجه ده‌درێت. بۆ نموونه له‌لاپه‌ڕه 19 له‌كاتی ئازاردان و هه‌ڵواسینی كه سه‌ربازه‌كان هه‌وڵی زۆری له‌گه‌ڵ ده‌ده‌ن، نووسیویه‌تی (هه‌ردوو باڵیان توند گرتم. به‌شێوه‌یه‌ك كه به‌هیچ جۆرێك نه‌مده‌توانی بیان بزوێنم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆری ویست تا ده‌ستیان به گوریس له پشته‌وه به‌ستمه‌وه، مرۆڤ له‌و ساته‌دا، ساتێ به‌ره‌نگاری مه‌رگ ده‌بێ، هێزێكی نادیار له جه‌سته‌یدا په‌یدا ده‌بێ، وزه‌یه‌كی هێنده به‌هێز كه مرۆڤ خۆشی سه‌ری سوڕ ده‌مێنێ...!).
دواتر به‌ره‌و شوێنێكی دیكه‌ی ده‌به‌ن كه ده‌رده‌كه‌وێت هه‌یئه‌ی ناوه، وه‌ك دواتر له‌سه‌ر زمانی یه‌ك له‌زیندانییه‌كانی، به‌و جۆره باسی ده‌كرێت (هه‌یئه خاسه نهێنیترین به‌ندینخانه‌ی به‌عسه و ته‌نیا بۆ كورده، هه‌ر بۆیه له‌ناو سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره‌یه (سه‌ربازگه‌ی خالیدی ده‌ره‌وه‌ی شاری كه‌ركووك). له لاپه‌ڕه 38 پاش ئازاردانێكی زۆر تاكو به‌هۆش خۆی بێته‌وه، چیڕۆكخوێن به‌و جۆره باسی كردووه (ئامێره‌كه‌ی نایه په‌نا گوێمه‌وه. مێشكم خه‌ریك بوو بته‌قێ. هه‌موو گیانم هه‌ڵده‌له‌رزی. شه‌پۆڵی ته‌زوویی كاره‌با بوو. ده‌ماره‌كانی له‌شم ژانیان ده‌كرد. چه‌ند جارێك هێڵنجم دا. سه‌رم گێژی ده‌خوارد. هه‌موو ده‌وروبه‌رم ده‌خولایه‌وه. سه‌رم بۆ ڕانه‌ده‌گیرا. ڕووناكی ژووره‌كه تا ده‌هات كزتر ده‌بوو. هه‌موو شتێك له‌به‌ر چاوم بچووك ده‌بۆوه تا بووه یه‌ك نوقته و ئیتر هیچ له‌به‌رچاوم نه‌ما...).
له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌لاپه‌ڕه 41 كه فه‌رمانی هه‌ڵواسینی سه‌ره‌و خواری بۆ ده‌ركراوه نووسیویه‌تی (هه‌ر خێرا گوریسێكیان له قوله پێمه‌وه ئاڵان، و له چاو ترووكانێكدا سه‌ر به‌ره‌و خوار، شۆڕیان كردمه‌وه. ته‌وژمی خوێن ڕیچكه‌ی سه‌ر به‌ره‌و خوار به‌ست. سه‌رم خوێنی تێزا، چاوه‌كانم خه‌ریك بوو بته‌قێن. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی به‌سۆنده، كه‌وتنه شان و مل و پشت و باسكم. نازانم چه‌ندیان لێدام یان كه‌ی بێ هۆش كه‌وتم، كه چاوم هه‌ڵبڕی له ژووره‌كه‌ی خۆمدا فڕێدرابووم. هه‌موو گیانم ژانی ده‌كرد. گوێم كاس بوو، پشتم ده‌كزایه‌وه و دڵم تێكه‌ڵ ده‌هات).
دواتر چیڕۆكخوێن به‌هاوه‌ڵه‌كانی (موختار و عومه‌ر و عه‌بدوڵڵا و سه‌روه‌ر) ده‌گاته‌وه كه ئه‌وانه له‌ڕووی ته‌مه‌ن جیاوازن، هه‌رزه‌كار و به‌ته‌مه‌نیان تێدایه. چه‌ندان رۆژ ئازار ده‌درێن. پرسی ئه‌وه‌شیان به‌گوێ داده‌درێت له‌سێداره ده‌درێن. شه‌وێكیش كه گوێیان لهكوتانی دار له‌حه‌وشه‌ی زیندان ده‌بێت وه‌هایان به‌خه‌یاڵ دادێت داری سێداره‌یان بۆ ئاماده ده‌كه‌ن. چیڕۆكخوێن وه‌ك كه‌سی كارێزمی رۆژێك به‌هاوڕێكانی ده‌ڵێت : "رێی خه‌بات، هه‌میشه به‌گوڵ و گوڵزار نه‌ڕازاوه‌ته‌وه. ئێمه هه‌رده‌م ده‌مانزانی، تووشی گرتن و زیندانی و كوشتن ده‌بین. ئێمه خۆمان ئه‌م ڕێگه پیرۆزه‌مان هه‌ڵبژاردووه و هه‌رگیز لێشی په‌شیمان نین."
پاش له‌یه‌ك دهبڕانیان چیڕۆكخوێن وه‌های به‌خه‌یاڵدادێت ئه‌وان كوژرابن. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ویش به‌سه‌ختی ئازار ده‌ده‌ن، به‌ره‌و ژوورێكی دیكه‌ی ده‌به‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژووره‌كه بچووك بوو كه‌چی 51 زیندانی تێدابوو. ئه‌وسا به‌ندییه‌كان ده‌كه‌ونه شێلانی بنی پێی، بۆ ئه‌وه‌ی پێیه‌كانی هه‌و نه‌كات. له‌و ژووره ئاشنای خه‌ڵكانێك ده‌بێت كه له‌سه‌ر تۆمه‌تی جۆراوجۆر گیراون، له‌وانه (خالید، مامه ساله، حه‌مه ته‌ها، شه‌ریف، غازی، مارف، خدر). له‌وێشدا جگه له‌لێدان ئازاری جۆراوجۆر ده‌درێت. له‌وانه جارێك ته‌زووی كاره‌بای پانكه‌ی ژووره‌كه‌یان لێده‌بڕن. ئه‌و ساته ناخۆشه‌شی له‌لاپه‌ڕه‌كانی 87 و 88 به‌و جۆره وه‌سف كردووه (به‌نده‌كان كه‌وتنه فڕێدانی جله‌كانیان. هه‌موو ته‌نیا بهدووتۆێی ده‌رپێوه دانیشتبوون. گوشینی فانیله و كراس هه‌ر زوو، زه‌وی ژووره‌كه‌ی ته‌ڕكرد. بوخار و بۆقی ژووره‌كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌حه‌مول نه‌ده‌كرا. خه‌ریك بوو له هۆش خۆمان بچین)... (هه‌موو كه‌وتینه هاتوهاوار. به‌هه‌موو هێزی خۆمان ده‌مانقیژاند كه ده‌رگامان لێ بكه‌نه‌وه، به‌ڵام هیچ نه‌بوو)... (كه‌وتینه هاوار هاوار. ده‌نگمان جه‌رگی ئاسمانی شه‌قار ده‌كرد و هه‌ندێك له به‌نده‌كان پێڵووی چاویان نیشتبوو، چاوه‌ڕێی مه‌رگیان ده‌كرد). له‌ئه‌نجامدا خدر كه كوڕێكی هه‌رزه‌ی بێ‌تاوان بوو، به‌گه‌ر ره‌شبگیری كه‌وتبوو، گیان ده‌دات.
به‌و جۆره رۆژانێكی تاڵ به‌سه‌ر ده‌به‌ن تا رۆژێك هه‌ندێك لهبهندییهكانی ئه‌و ژووره بۆ ژوورێكی دیكه ده‌گوازنه‌وه. ئینجا چیڕۆكخوێن زیاتر له‌وانی دیكه چاودێری هه‌ڵكه‌وته‌ی ژووره‌كه ده‌كات كه دوو ده‌رگای هه‌یه و یه‌كێكیان به‌ناو ژووری پاسه‌وانه‌كانه و ده‌رگاكه‌ی دیكهشان رووی له‌ده‌ره‌وه‌یه و رۆژانه چه‌ندان جار به‌ڕوویاندا ده‌كرێته‌وه. كه پاسه‌وانه‌كان له‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكه ماوه‌یه‌ك خه‌ریكی سووڕاندنی كێلونه‌كه‌ی ده‌بن. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی پاسه‌وان و ئێشكگرهكانیش زانیاری وه‌ده‌ست ده‌هێنێ و به‌وردیش سه‌رنج ده‌داته كرانه‌وه‌ی ددانی ده‌رگاكه تا شه‌وێك توانی بیكاته‌وه. ئه‌وه‌ش هه‌لێكی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌گیراوه‌كان پلانی جهربهزهییهك تاوتۆ بكه‌ن. به‌و بڕوایه‌ی كه چاره‌نووسیان له‌سێداره‌دان بێت بۆچی هه‌وڵ نه‌ده‌ن؟ هه‌وڵه‌كه‌یان سه‌رده‌گرێت و له‌شه‌وێكدا ده‌توانن ده‌رگاكه بكه‌نه‌وه و چه‌ند تفه‌نگێك به‌ده‌ستبهێنن و به‌سه‌لامه‌تی و بێ ده‌نگی بۆی ده‌ربچن. دواتر چیڕۆكخوێن له‌گه‌ڵ به‌ندییه‌ك كه عومه‌ری ناوه ده‌توانن بگه‌نه ناو شاری كه‌ركووك و له‌وێشدا به‌هاوكاری خه‌ڵكی و به‌سه‌ختی زۆر، قۆناغ به‌قۆناغ رزگاریان ده‌بێت تا ده‌توانێ به‌ته‌نیا بچێته‌وه ناو شاری سلێمانی و له‌وێدا به‌دیداری دایكی ده‌گاته‌وه. دواتر له‌به‌ر مه‌ترسی گیانی، به‌نهێنێ له‌گه‌ڵ كه‌سێك و ده‌لیلێك، كه جووتیاری ناوه رێگه‌ی چیا ده‌گرێته‌به‌ر.
ڕۆمانی سێگۆشه‌ی سنوور
ئه‌و ڕۆمانه له 50 به‌شی كورت پێكهاتووه كه به‌ژماره ریزبه‌ندكراون. ته‌واوكه‌ری رووداوه‌كانی رۆمانی هه‌یئه‌یه. واتا گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی چیڕۆكخوێنه. له‌و شوێنه دهسیتپێدهكات كه (دارا) ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له‌سلێمانی له‌گه‌ڵ جووتیاری ده‌لیل و فازیل به‌گردی سه‌یوان هه‌ڵده‌گه‌ڕێن تاكو بگه‌ن به‌پێشمه‌رگه‌كان. ناونیشانی رۆمانه‌كه سێگۆشه‌ی سنووری ده‌ستكردی نێوان رۆژهه‌ڵات و باشوور و باكووری كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت كه خاڵی جیاكردنه‌وه‌ی سێ وڵاتی (ئێران و ئێراق و توركیا)یه. هۆكاری هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ناونیشانه‌ش بۆ گه‌یشتن به‌ناوچه‌ی خواكوڕك ده‌گه‌ڕێته‌وه كه گروپێك پێشمه‌رگه به‌تاسه و ئاواته‌وه له‌ده‌ورووبه‌ری سلێمانی راده‌سپێردرێن تاكو به‌ره‌و ئه‌و شوێنه بچن به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن بهپێشمهرگهكانی دیكه و پێشوازیكردن له‌گه‌یشتنی ئه‌و چه‌كانه‌ی كه بڕیاربوو به‌نهێنی له‌ڕێگه‌ی كوردستانی رۆژئاوا بگات به‌ده‌ستی شۆڕشگێڕان و به‌هۆیه‌وه چه‌خماغه‌ی شۆڕش گهشترانه لێبدرێت. چونكه دوای نسكۆی شۆڕش، رژێمی به‌عس هه‌وڵی زۆریدابوو چه‌ك له‌كوردستان نه‌هێلێ.
چیڕۆكخوێن له‌پێشه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه دوای گه‌یشتنی به چیا باسی ئازاره‌كانی گه‌ڕان به‌دوای پێشمه‌رگه‌كان ده‌كات، وه‌ك له‌لاپه‌ڕه 176 كه له‌دوای سه‌ختی زۆری ههڵزان و پرسیاركردن له‌وه‌ی كه‌ی ده‌گه‌ن، نووسیویه‌تی (هیچ پرسیاری ترم نه‌كرد. سه‌ره‌وژوور ملمان ده‌نا، ترپه‌ی دڵم به ئاسانی ده‌بیسترا. بن پێم ئازاری ده‌هات كه ئه‌و ته‌ڵاشه به‌رده تیژانه له بن پێم ده‌چه‌قین ته‌زووی ئازار به هه‌موو گیانمدا ده‌هات، پێڵاوی لاستیك دادی نه‌ده‌دا).
دوای گه‌یشتن بهپێشمهرگهكانیش به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی دوژمن به‌شوێنیان نه‌زانێ، وه‌ك كاری ئاسایی پێشمه‌رگه، چه‌ند رۆژێك به‌جه‌وله به‌سه‌رده‌به‌ن. ئه‌وه‌شی له‌لاپه‌ڕه‌ی 201 به‌و جۆره وه‌سفكردووه (ئێمه به‌رده‌وام ده‌ڕۆیشتین و به هه‌ورازدا سه‌رده‌كه‌وتین و داده‌گه‌ڕاین. لێره ژیان وه‌ك ژیان خۆی هه‌وراز و نشێو بوو. چه‌ند سه‌ختیمان ده‌كێشا كه به هه‌ورازدا سه‌رده‌كه‌وتین، هێنده‌ش له داگه‌ڕاندا ئاسووده ده‌بووین).
دواتر كه هێشتا كاریگه‌ری زیندانی هه‌یئه‌ی به‌سه‌ره‌وه مابوو له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه كه 30 كه‌س بوون ئاره‌زوومه‌ندانه به‌ناشاره‌زایی و دوور له‌ئامرازی پێویست، به‌شداری لهسهرچلی گه‌یشتن به‌سێگۆشه‌ی سنوور و گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێگه درێژ و دوور و سه‌خت و پڕمه‌ترسی و دابڕاوه ده‌كات. له‌زۆر شوێنی ئه‌و گه‌شته سه‌خته وه‌سفی حاڵی كردووه، بۆ نموونه له‌لاپه‌ڕه‌ی 237 ئه‌و كاتانه‌ی له‌بناری قه‌ندیل بوون، نووسیویه‌تی (چ شه‌وێكی بی كۆتایی بوو، هه‌ر رۆژ نه‌ده‌هات. هه‌موو له سه‌رماندا هه‌ڵده‌له‌رزین و خه‌ویش تینی بۆ هێنابووین، به‌ڵام كه‌سمان نه‌مانده‌توانی بنووین. زه‌وی ژێرمان ته‌ڕ بوو). ئه‌مه‌و بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی رێبڕێن له‌قه‌ندیل و رووبه‌ڕووبونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رما و زووتر گه‌یشتن به‌شوێنێكی گونجاو، له‌لاپه‌ڕه 254 به‌و جۆره نووسیویه‌تی (له‌كاتی مه‌ترسیدا هیلاكی رۆڵ نابینێ و نه برسێتیش رێگر ده‌بێ، بۆیه هه‌موو به‌و هه‌ستی ترسه‌وه، وزه‌ی نوێ ده‌چووه جه‌سته‌مان).
دواتر له‌شه‌وێكی سارد به‌ده‌لیلی و شاره‌زایی كه‌سێك كه ناوی (خه‌سره‌و)ه رێگای پڕ هه‌ڵكشان و داگه‌ڕان ده‌بڕن. له‌بڕینی زه‌ویه‌كی بێ شوێنه‌وار و رێچكه، رێگا وندهدهن. له‌لاپه‌ڕه 274 به‌و جۆره وه‌سفی حاڵی ئه‌وسای خۆی كردووه (من گومانم نه‌ما كه ئه‌مه رۆیشتنێكی بێ ئاكامه، چونكه هیچ نه‌ده‌بینرا، سه‌ر و خوار و راست و چه‌پمان بۆ جیا نه‌ده‌كرایه‌وه). ئیتر له‌شوێن ئه‌وه‌ی داخیلی باشووربن به‌ره‌و قوڵایی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌ڕابوونه‌وه تا ده‌گه‌نه نزیكی شاری شنۆ. له‌وێشه‌وه سه‌ربازانی حكومه‌تی ئێران ده‌وره‌یان ده‌ده‌ن. پاش بگره‌و به‌رده‌ی زۆر، خه‌سره‌وی رێبه‌ر كه هه‌ست به‌وه ده‌گات گومانی لێده‌كه‌ن، خۆی ده‌كوژێت تاكو رێگای ده‌ربازبوون بۆ ئه‌وانی دیكه ئاسان بكات. به‌و كاره‌ی سه‌رباز و ئه‌فسه‌ره ئێرانییه‌كان هاوكاری و كارئاسانییان بۆ كردن تاكو ده‌گه‌نه سنوور. له‌وێدا ئه‌فسه‌ره ئێرانییه‌كه‌ی ناو هێزه‌كه هاوسۆزی خۆی بۆیان ده‌رده‌بڕێ و پێیان ده‌ڵێت (ئێوه كارێكی مه‌زن ده‌كه‌ن). له‌لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه چیڕۆكخوێن لاپه‌ره 319 نووسیویه‌تی (بۆ ئه‌فسه‌ر له ناو سوپای ئێران‌دا، ئه‌وه كارێكی ئاسان نه‌بوو كه به‌و شێوه‌یه هه‌ستی به‌رامبه‌ر به كورد ده‌ربرێ، به‌ڵام سه‌لماندی كه بوێری زاڵه به‌سه‌ر ترس‌دا و ناتوانێ هه‌ستی كوردایه‌تی خۆی ده‌رنه‌بڕێت)
ئه‌نجام له‌لاپه‌ره 326 نووسیویه‌تی (هه‌ر گه‌یشتنمان به سێگۆشه‌ی سنوور سه‌ركه‌وتنێك بوو بۆ خۆی. به لای منه‌وه یه‌كێك له ئامانجه‌كانمان به‌دی هێنرابوو، ئه‌ویتر چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی چه‌كه‌كان بوو).
پاش ئه‌وه‌ی چه‌كه‌كان وه‌رده‌گرن چیڕۆكخوێن له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه، ئاموژگارییه‌كانی كوێخا موزه‌فه‌ری گوندی گه‌لیشم (خاوه‌نی ئه‌و ماڵه‌ی تێیدا میوان بوون) ی له‌گوێدا ده‌زرینگێته‌وه كه پێیانی وتبوو :"نه‌كه‌ن ئه‌م چه‌كانه دژی یه‌كدی به‌كاربهێنن.....".
رووداوه‌كانی ناو ئه‌و رۆمانه به‌به‌راورد به‌ڕۆمانی هه‌یئه كه‌مترن و به‌خێرایش تێپه‌ڕنابن. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌ویش له‌و رۆمانه‌دا ئازاره‌كانی دووچاری چیڕۆكخوێن ده‌بن له‌لایه‌ن ئه‌شكه‌نجه‌ده‌ران نین به‌لكو له‌لایه‌ن سرووشته. له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌وه‌یاندا چیڕۆكخوێن وه‌ك له‌رۆمانی هه‌یئه، به‌رپرس و فهرماندهرنییه، به‌لكو كه‌سانی دیكه‌ی وه‌ك (ئه‌نوه‌ر و شێخ سه‌دیق و خه‌سره‌و) ئه‌و رۆڵه‌یان گێڕاوه. له‌زۆر شوێنیش چیڕۆكخوێن وه‌ك كه‌سی ئاسایی شارنشینی، نه‌شاره‌زایی خۆی نیشانداوه، چونكه به‌لای ئه‌و باره‌كان و ژینگه‌كان نوێن، ئه‌و كوڕی شاره نه‌ك چیا. هه‌ڵكشان و داكشانیش له‌و شرووشه سه‌خته، ئه‌زموون و پشوو درێژی ده‌وێت.
رۆمانی كاروانی چه‌ك
ئه‌وه‌شیان ته‌واوكه‌ری رۆمانی پێشووه. له 33 به‌شی كورت پێكهاتووه كه هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی دی به‌ژماره ریزبه‌ند كراوه. رووداوه‌كانی له‌سێگۆشه‌ی سنووره ده‌ستپێده‌كات كه له‌وێدا پێشمه‌رگه‌كان گروپ گروپ چهكاكان ده‌گوازنه‌وه. ئه‌و جاره‌یان ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كانی گروپی چیڕۆكخوێن له‌په‌نجا كه‌س زیاتر ده‌بێت. بێگومان له‌و گه‌شته‌شدا كه به‌نهێنی و له‌سه‌ختی وه‌رزی ساڵدا رێگا ده‌بڕن، ناخۆشی زۆر ده‌بینن. سه‌ره‌تا له‌دۆڵی گاده‌ر له‌گه‌ڵ چه‌می گاده‌ر رێ ده‌كه‌ن كه له‌و دۆڵه بیست و پێنج دۆڵی سه‌خت و پێچاوپێچ ده‌بڕن. شه‌وێك كه به‌ناچاری بۆ حه‌سانه‌وه لاده‌ده‌ن، له‌لاپه‌ره 352 وه‌ها وه‌سفی حاڵه‌كه‌ی كردووه (هه‌موو بێده‌نگ بووین، سه‌رمای نێو دۆڵهكهش تا ده‌هات زیاتر دهرزیژهنی جه‌سته‌ی ده‌كردین، به ئاستێك كه هه‌موو هه‌ڵده‌له‌رزین، چونكه هیچ په‌ناو پاسارێكی گونجاوی لێ نه‌بوو كه خۆمانی له‌پاڵدا حه‌شار ده‌ین). بێگومان له‌به‌ر سه‌رما ئه‌و شه‌وه خه‌ویان لێنه‌ده‌كه‌وت. له‌لاپه‌ڕه 354 درێژه‌ی به‌و باره داوه (ئه‌و شه‌وه سه‌رما به ئاستێك بوو كه مۆڵه‌تی ڕازانی به كه‌س نه‌ده‌دا، هه‌موو هه‌ڵده‌له‌رزین، بۆیه چۆقه چۆقی ددانمان له هه‌موو لایه‌كه‌وه به ئاسانی ده‌بیسترا، ئه‌وه‌ش ته‌نیا ده‌نگێك بوو، جگه له هاژه‌ی ئاوی دۆڵه‌كه - كه تا ده‌هات بڵندتر ده‌بوو- هیچی دیكه هێمنی ئه‌و شه‌وه تاریك و نوتهكهی نهدهشڵهقاند)... (ئه‌گه‌رچی هه‌موو برسی و شه‌كه‌ت و بێ حاڵ بووین، به‌ڵام به وره بووین، چونكه چه‌ك و پێداویستییه‌كانی جه‌نگمان بۆ ناوچه‌كانی خۆمان ده‌گواسته‌وه، كه ئه‌وه‌ش ورزه و گوڕوتینێكی به‌هێزی بۆ به‌رده‌وامبوون پێده‌داین).
دواتر ره‌وته‌كه داخیلی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌بێت. ئینجا به‌قاچاغ خۆیان و باره‌كه‌یان بهتراكتۆر و لۆری ده‌گوازرێنه‌وه نێوان سه‌رده‌شت و خانێ، تاكو له‌وێدا جارێكی دیكه به‌وڵاخ بۆ دیوی باشوور بێن. دوای بڕینی گوندی نۆكانی دوا ئاوه‌دانی سنووری رۆژهه‌ڵات، جارێكی دیكه رێگه‌یان سه‌خت ده‌بێت. له‌لاپه‌ڕه 369 له‌و باره‌وه نووسیویه‌تی (تا ملمان ده‌نا هه‌ر شاخی سه‌ختتر ده‌هاته ڕیگه‌مان، بۆیه وڵاخهكانیش كه باره‌كانیان یه‌كجار قورس بوون، ئاو له جه‌سته‌یان ده‌تكا، ئه‌وانیش به ئه‌زیه‌ت ڕه‌وتی سه‌ره‌و ژووریان ده‌كرد). به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی به‌ته‌واوی داخیلی سنوور بن، له‌گه‌ڵ هێزی نه‌یاران (به‌گوته‌ی خۆیان) ده‌سته‌ویه‌خه ده‌بنه‌وه. له‌و ساته‌دا چیڕۆكخوێن ده‌ڵێت ئامۆژگارییه‌كانی كوێخا موزه‌فه‌رم له‌گوێدا ده‌زرینگاوه كه وتبووی : "نه‌كه‌ن ئه‌و چه‌كانه دژی یه‌كتری به‌كاربهێنن". به‌داخه‌وه وا به‌كارهێنرا وه‌ك له‌لاپه‌ڕه‌ی دواتر به‌و جۆره باسی كردووه (یه‌كه‌مین ته‌قه دژی هێزی به‌رامبه‌ر، كه به لای ئێمه به نه‌یاران له قه‌ڵه‌م ده‌دران، كرا). دوای وه‌ستانی ته‌قه، كاروانه‌كه ده‌گاته دێی (شێنی) كه باره‌گای سه‌ركردایه‌تی لێدانرابوو. بۆ رۆژی دواتر به‌ره‌و گوندی هه‌ڵشۆ رێگه ده‌بڕن. ئه‌وسا جارێكی دی رووبه‌ڕووی سه‌ختی سروشت ده‌بنه‌وه. له‌شه‌وێكی سارد و تۆفاناوی و دواتر دابارینی به‌فر. له‌لاپه‌ڕه 374 به‌و جۆره وه‌سفی ئه‌و حاڵه‌ی كردووه (ده‌وروبه‌ر به‌ره‌و تاریكی ده‌چوو، كڵۆی به‌فریش تا ده‌هات ئهستوورتردهبوو، به‌وپێیه‌ش ولاخهكان زۆر به‌ئه‌زیه‌ت ره‌ویان ده‌كرد تا ئاستێك كه وڵاخه‌كان له بێ ڕێگایی و له تاو هیلاكی هه‌موو له جووڵ گه‌وتن، بۆیه هه‌ر چه‌ندمان كرد به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌ده‌چوون، بۆیه فه‌رمانمان بۆ هات كه باره‌كان لهوڵاخهكانمان بكه‌ینه‌وه و هه‌ر له‌جێی خۆی به‌جێی بهێلین و خۆمان و وڵاخه‌كانمان هه‌رچۆنێك بێت رزگار بكه‌ین). به‌وه‌ش خۆیان له‌مه‌رگێكی مسۆگه‌ر رزگار كرد. رۆژی دواتر گه‌یشتنه‌وه سه‌ر چیاكه و باره چه‌كه‌كه‌یان هێنا. ئینجا پێشمه‌رگه‌كان دابه‌شده‌كرێن بۆ گروپی بچوكتر. هه‌ر گروپه‌ی به‌شی خۆی له‌و چه‌كه بۆ شوێنی خۆی ده‌بات. گروپه‌كه‌ی چیڕۆكخوێن به‌ره‌و گوندی نووره‌دین رێگه‌یان گرته‌به‌ر. له‌به‌ر بوونی باره‌گانی سه‌ربازی وریایانه به‌لارێدا رۆیشتن تا به‌ره‌و بناری چیای ئاسۆس. ئینجا گونده‌كانی شینكایه‌تی و سێدهریان بڕی تا گه‌یشتنه گوندی چۆخماخ. له‌وێدا چیڕۆكخوێن بهمهفرهزهكهی پێشووی ده‌گاته‌وه. له‌وساوه رۆڵی ئه‌نوه‌ر وه‌ك فه‌رمانده ده‌رده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌و گه‌شته‌ی چیڕۆكخوێن له‌هێنانی كاروانی چه‌ك، دوو مانگی خایاند. ئینجا له‌نزیك گوندی خه‌مزه له‌گه‌ڵ جاشه‌كان رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه. دواتر به‌هاوه‌ڵی (جوتیار)ی ده‌لیلی پێشوو و پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیكه كه (هاوڕێ) ی ناوبوو، نهێنییانه به‌ره‌و شاری سلێمانی ده‌چێته‌وه. ئه‌وان به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی چالاكی و ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئاوسانی رووخساری كه به‌هۆی رواوهدونانی ئه‌و شه‌وه‌ی گیرابوو و دواتریش لێدانی له‌لایه‌ن ئیستیخباراتی سلێمانی، ئێسكی لووتی شكابوو. له‌وێدا ناتوانرێ به‌نهێنی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بكرێت. هاوكات جووتیار و هاوڕێ له‌مزگه‌وتی دوو ده‌رگا ده‌كه‌ونه كه‌مینی ئیستیخبارات. جووتیار راده‌كات و هاوڕێش به‌زامداری ده‌ستگیرده‌كرێت.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی چیڕۆكخوێن بۆ ناو پێشمه‌رگه‌كان، ئه‌نوه‌ر نامه‌ی پێده‌دات بچێته سه‌ركردایه‌تی له نێوزه‌نگ بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێدا هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بدرێت. ئه‌وسا به‌هۆی راپه‌ڕینه‌كانی ناو ئێران گوزه‌ركردن له‌سه‌ر سنووری رۆژهه‌ڵات ئاسان ببوو. بۆیه له‌ڕێگه‌ی گوندی سیاگوێز ده‌په‌ڕێته‌وه گوندی چه‌مپاراوی دیوی رۆژهه‌ڵات. له‌نێوزه‌نگ نامه‌كه‌ی ئه‌نوه‌ر به‌به‌رپرسی باڵا ده‌دات. ئه‌ویش پێیده‌ڵێت چاوه‌ڕان به تا (م) ده‌گات كه ده‌لیله تاكو له‌گه‌ڵ خۆی به‌ره‌و سوریای به‌رێت. له‌و ماوه‌یه‌ش ئه‌بو زهففاری عه‌ره‌بی كۆمۆنیست ده‌گاته هه‌مان شوێن كه ئه‌ویش دهبهویست بچێته سوریا. له‌و ماوه‌یه‌دا حكومه‌تی عێراقی هێرش بۆ نێوزه‌نگ ده‌هێنێ. چیڕۆكخوێنیش وه‌ك پێشمه‌رگه به‌شداری رووبه‌ڕووبونه‌وه‌كان ده‌كات.
له‌و به‌شه‌شدا چیڕۆكخوێن له‌ته‌ك هاوڕێ نزیكهكهنی (مامۆستا عه‌زیز و شێخ سدیق و ئومێد) وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی و نه‌شاره‌زا خۆی نیشانداوه، به‌تایبه‌تیش له‌كاتی باركردنی كاڵاكان و ناسینی شوێن و رێگاكان.
رۆمانی زیندانی گه‌ڤه‌ڕ
ئه‌وه‌شیان كه له 12 به‌شی به‌ژماره ریزبهندكراو پێكهاتووه. هاوشێوه‌ی رۆمانه‌كانی پێش خۆی ته‌واوكه‌ری رووداوه‌كانه. تێیدا سه‌ره‌تا چیڕۆكخوێن باس له‌به‌سه‌رهاته‌كانی دیكه‌ی ده‌كات، دوای هێرشه سه‌خته‌كه‌ی سوپای عێراقی له‌كانونی یه‌كه‌می ساڵی 1978 بۆ سه‌ر باره‌گاكانی نێوزه‌نگ. دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌بو زهففار و رێبهڕێك به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن بۆ خاكی سوریا، به‌قاچاخ سنووری رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی ده‌بڕن و گونده‌كانی كانی زه‌رد و وه‌رده و بێوران به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه. به‌هۆی گرتنه‌به‌ری رێگای نهێنێ، هاوشێوه‌ی گه‌شته‌كانی دیكه، سه‌ختی زۆر ده‌چێژی وه‌ك له‌لاپه‌ڕه 476 نووسیویه‌تی (سه‌رمای به‌ره‌به‌یان وه‌ك چزوو ده‌چزا به ده‌م و چاو و ده‌ست و په‌لمان). دواتر ده‌گه‌نه شاری سه‌رده‌شت و له‌وێشدا چیڕۆكخوێن ئاشنامان ده‌كات به‌باری شله‌قاوی ئه‌وسای ئێران كه له‌شوێنه جیاجیاكانی ئه‌و وڵاته خه‌ڵكی له‌دژی رژێمی شا هاتبوونه جۆش. له‌ڕێگادا هاوه‌ڵه عه‌ره‌بییه‌كه كه له‌خوارووی عێراق هاتبوو، به‌رده‌وام سه‌رسامی خۆی به‌جوانی سرووشتی كوردستان ده‌رده‌بڕێ، وه‌ك له‌لاپه‌ڕه 473 ده‌ڵێت: "تێستا ده‌زانم بۆ ئه‌وه‌نده كوردستانتان خۆشده‌وێت". دواتر ده‌گه‌نه شاری مه‌هاباد. ئه‌وێش هاتبووه جۆش. له‌وێدا رێبه‌ر به‌قاچاخ به‌ره‌و شاری شنۆیان ده‌به‌ن. ئیتر وه‌ك تۆڕێكی تۆكمه، چاوساغه‌كان یه‌ك ته‌سلیمی یه‌كیان ده‌كه‌ن تا ده‌گه‌نه گوندی زێوێی سه‌رسنوور. له‌وێدا (م) ی ده‌لیل چاوه‌ڕوانیان ده‌كات. كاتێكیش ده‌یانه‌وێت به‌سه‌ر سنوور هه‌ڵگه‌ڕێن خه‌ڵكی دیكه‌ش بۆ یارمه‌تیدان و ئاسانكاری له‌گه‌ڵیان رێگه ده‌بڕن، یه‌كێك له‌وانه (ھ) ی ناوه كه بهفرشكێنی رێگا بوو. له‌ڕۆژێكی یه‌كجار سه‌خت و كڕێوه و به‌فر، به‌وپه‌ڕی زه‌حمه‌ت هه‌وڵی هه‌ڵزنان ده‌ده‌ن. له‌و شوێنه‌شدا ناخۆشی زۆریان تووش ده‌بێت، وه‌ك له‌لاپه‌ڕه 500 وه‌سفی كردووه (گه‌رده‌لوول به‌فره‌كه چه‌ند جارێك لوولی داین و تێكرا سه‌روچاوی هاوه‌ڵه‌كه‌می پڕ ده‌كرده‌وه). له‌لاپه‌ره‌ی دواتریش (هه‌موو سه‌رسام ئه‌بڵه‌ق تێ‌یان ده‌ڕوانیم، له‌وه ده‌چوو چاوه‌ڕێی من بن پێشنیارێك بكه‌م كه (ھ) وتی : با بگه‌ڕێینه‌وه! گه‌ر نا هه‌موو ده‌مرین). ئه‌وسا چه‌ندان كاتژمێر به‌قه‌د چیاكه ههڵزنابوون، عه‌ره‌به‌كه ته‌واو شه‌كه‌ت ببوو و نه‌یتوانی به‌رده‌وامبێت، بۆیه چیڕۆكخوێن بڕیارده‌دات به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ (م) به‌رده‌وامبێت و ئه‌وانی دیكه‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه گوند. له‌لاپه‌ره 502 وه‌ها باسی باری دواتری كردووه (كه له‌وان جیابووینه‌وه ورد ورد به شاخه‌كه‌دا هه‌ڵده‌زناین، ئه‌مجاره‌یان ڕه‌وتمان گه‌لێ سه‌ختتر بوو، زریانی به‌فر له‌گه‌ڵ هه‌ر سهركهوتنێكماندا به‌هێزتر ده‌بوو، جاری وا هه‌بوو چه‌ند مه‌ترێ دهیگێڕاینهوه دواوه). له‌لاپه‌ره‌ی دواتریش به‌و جۆره به‌رده‌وامبووه (به‌رچاوم تاریك بوو، هیچم به باشی بۆ به‌دی نه‌ده‌كرا، یه‌ك دوو جار سه‌رم دای به به‌فره‌كه‌ی به‌رده‌ممدا و خه‌ریك بوو خه‌وی یه‌كجاره‌كیم لێ بخا)
دواتر له‌سه‌ر چیاكه به‌ره‌و دیوی باكووری كوردستان داده‌گه‌ڕێن تا ده‌گه‌نه گوندی گه‌لیشم. دواتر به‌ره‌و گوندی گارێ و ئینجا بۆ شارۆچكه‌ی شه‌مزینان. كاتێك له‌وێش به‌ره‌و شاری گه‌ڤه‌ڕ به‌ڕێ ده‌كه‌ون بێگومان به‌قاچاخی و دوور له‌چاوی جه‌ندرمه‌ی توركی، له‌ڕێگه ئاسوودهنابن، هه‌رچه‌نده بهئوتۆمبیلیش بوون. دڵنیاشكرابوون جه‌ندرمه خه‌ڵكی مه‌ده‌نی راناگرێت، كه‌چی به‌ر له‌وه‌ی بگه‌نه شاری گه‌ڤه‌ڕ، ده‌كه‌ونه بۆسه‌یه‌كی تایبه‌ت كه كۆمه‌ڵێكی زۆری سه‌ربازی كۆماندۆ بۆیان وه‌ستابوون. هه‌ر كه ده‌یانگرن ئازاریان ده‌ده‌ن و كۆتیان ده‌كه‌نه ده‌ست. ئه‌وسا چیڕۆكخوێن له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك به‌عێراقی بناسرێت و به‌عێراقی بسپێرنه‌وه، خۆی به‌سوری ده‌ناسێنێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆنه پاساپۆرتێكی عێراقی و كۆمه‌ڵێك نامه‌ی لێده‌گیرێت كه له‌ناو ئوتومبیله‌كه شاردبوویه‌وه، به‌ره‌و سه‌ربازگه گه‌وره‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ی ده‌به‌ن. له‌وێدا لێپرسینه‌وه‌ی جۆراوجۆری له‌گه‌ڵ ده‌كرێت كه له‌ناویاندا سه‌ركۆنه‌ی كوردبوون و شۆڕشه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ئازایانه ده‌وه‌ستێت. ته‌نانه‌ت رۆژێك كه كۆمه‌ڵێك میت به‌یاوه‌ری وه‌رگێڕێك لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و پرسیار له‌باره‌ی كورد و شۆڕشی باشووری لێده‌كه‌ن، ئه‌و وه‌ك كه‌سێكی ژیر و لێزان وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه. بۆ ره‌وایه‌تیدان به‌شۆڕش و گیانی شۆڕشگێڕیش لای كورد و زلهێزی حكومه‌تی به‌عسیش، نموونه بهڤێتنامییهكان ده‌هێنێته‌وه كه چۆن له‌ناوچه‌كه‌یان ئه‌مه‌ریكیه‌كانیان تووشی سه‌رشۆڕی و ده‌رپه‌ڕاندن كرد.
چیڕۆكخوێن به‌پێچه‌وانه‌ی زیندانی هه‌یئه، له‌ناو ئه‌و زیندانه ئاماژه به‌وه ناكات ئازاری جه‌سته‌یی درابێت. ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه‌له‌پچه‌ی لهدهستدهكرا و لهشۆڤاجیش ده‌به‌ستراوه. كاتێكش سه‌رنج ده‌دات شه‌وانه بۆ ماوه‌ی چه‌ندان كاتژمێر كاره‌بای سه‌ربازگه‌كه ده‌كوژێته‌وه، شه‌وێك به‌لێزانی خۆی توانی كه‌له‌پچه‌كه‌ی ده‌ستی بكاته‌وه تاكو رابكات، به‌ڵام كه ده‌گاته راستی ده‌رگا ده‌بینێ پاسه‌وانی لێیه و ده‌ره‌وه‌ش یه‌كپارچه به‌فره، بۆیه ئه‌و كاره‌ی به‌دروست نه‌زانی. رۆژی دواتر به‌ره‌و دادگه‌ی مه‌ده‌نی شاری ده‌به‌ن. له‌وێشدا دادوه‌ر له‌ڕێگه‌ی وه‌رگێڕ گوێی لێده‌گرێت و بڕیاری 15 رۆژ زیندانی بۆ ده‌دات.
ئه‌و ماوه‌یه له‌زیندانی گه‌ڤه‌ڕ، زیندانییه‌كان و ته‌نانه‌ت به‌رپرسی زیندانییه‌كانیش رێزی ده‌گرن. له‌رۆژانی دیاریكراوی سه‌ردانیكردنی زیندانییه‌كان، ئاماژه به‌وه ده‌كات رۆژێك دۆستێكی سه‌ردانی ده‌كات. ناوی ناهێنێ، به‌ڵام به‌پیاوێكی پروپوچ و بێكهلك ئاماژه‌ی بۆ كردووه. داوای لێده‌كات له‌كاتی سهدارنیكردنهوهی ته‌نیا قوفڵێكی بۆ بهێنێ تاكو به‌هۆیه‌وه پلانی راكردنی به‌جێبگه‌یه‌نێ، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه نایه‌ته‌وه لای. دواتر چیڕۆكخوێن بیر له‌كوشتنی زیندانه‌وانه‌كه ده‌كات كه ئه‌ویان به‌متمانه‌وه شه‌وانه بانگی ده‌كاته لای خۆی له‌ژووره‌كه‌ی تاكو یاری تاوڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات. له‌و كاته‌ی چیڕۆكخوێن ده‌یه‌وێت زیندانه‌وانه‌كه بخنكێنێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ رابكات، ویژدانی رێگای لێده‌گرێت و ده‌ستی ناچێته ئه‌و تاوانه.
دوای ته‌واوبوونی ماوه‌كه به‌ره‌و دادگه‌ی ده‌به‌وه. له‌لاپه‌ڕه 579 به‌و جۆره وه‌سفی ئه‌و ساته‌ی كردووه (هه‌ستم به سه‌رمایه‌كی بێ ئه‌ندازه ده‌كرد، نازانم هی نیگه‌رانیم بوو له داهاتوو، یا ترسی دادگا و بڕیاری نادیاری، یان هه‌ر خۆی ساڵۆنه‌كه ساردبوو). له‌وێدا بڕیاردرا ته‌سلیمی عێراق بكرێته‌وه چونكه تاوانه‌كه‌ی ته‌نیا ئه‌وه‌یه به‌بێ ڤیزا هاتۆته خاكی توركیا. به‌و بڕیاره به‌ڕووكه‌ش ئه‌وپه‌ڕی چاكه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه بۆ عێراق واتا گه‌ڕانه‌وه بۆ چه‌قی كێشه‌كان، گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌رده‌می سێداره. له‌شاری گه‌ڤه‌ڕ عه‌ریفێك و دوو سه‌رباز به‌ره‌و سلۆپی ده‌به‌ن، له‌ڕێگه به‌شاره‌كانی وان و سلیڤان و دیاربه‌كر و ماردین ره‌تده‌بن تاده‌گه‌نه جه‌زیره. له‌و ماوه‌یه چیڕۆكخوێن چه‌ندان جار هه‌وڵی راكردن ده‌دات تا لهجهزیزه ده‌توانێ لێیان رابكات، به‌ڵام ئه‌وان ده‌یگرنه‌وه و ئه‌ویش به‌رده‌وام ده‌بێت لهملنهدان و بوارنه‌دان به كه‌له‌پچه‌كردنی هه‌ردوو ده‌ستی، تا خه‌ڵكی به‌ده‌وریان كۆده‌بنه‌وه، له‌لاپه‌ڕه 595 ئاماژه به‌وه كراوه یه‌كێك له‌ناو خه‌ڵكه‌كه پرسیار ده‌كات : "بۆ ده‌یگرن". ئه‌ویش پڕ به‌ده‌م هاوار ده‌كات : "پێشمه‌رگه‌م!". به‌وه خه‌ڵكه‌كه ده‌خروشێن. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتریش سۆزی ئه‌وان به‌ده‌ستبهێنێ هاوار ده‌كات : "پێشمه‌رگه‌م... پێشمه‌رگه‌ی بارزانی".
دوای ئه‌وه‌ی توانی له‌ده‌ست عه‌ریف و سه‌ربازه‌كان رابكات، كرێكارێك فریای ده‌كه‌وێت. ئه‌ویش كۆمه‌ڵێك كه‌سی بۆ په‌یدا ده‌كات و یارمه‌تی ده‌ده‌ن تا كه‌له‌پچه‌كه‌ی بۆ ده‌پسێنن و دواتریش ده‌یگه‌یه‌ننه شاری نه‌سیبینی به‌رامبه‌ر بهقامیشلی. به‌هۆی پێدانی به‌رتیلیش به‌پاسه‌وانه‌كانی سه‌ر سنوور، چیڕۆكخوێن ده‌توانێت سیم ببڕێت و ئاودیوی رۆژئاوا بێت. به‌و جۆره كۆتایی به‌ڕووداوه‌كانی رۆمانه‌كان هێناوه (به ته‌نیا، قاچاخ، هه‌ڵاتوو، بێ پاره، بی پاسه‌پۆرت و نه‌شاره‌زا به‌ره‌و پارچه‌یه‌كی تری كوردستان ملم نا).
چه‌ند ورده سه‌رنجێك:
* ئه‌و به‌رهه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی باش پێداچوونه‌وه‌ی زمانه‌وانی بۆ كراوه و زۆر به‌زحمه‌ت هه‌ڵه‌ی چاپی تێدا ده‌بینرێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك وشه‌ی تێدا به‌كارهێنراوه مایه‌ی سه‌رنجن، له‌وانه:
1- له زۆر شوێنی رۆمانی هه‌یئه وشه‌ی (به‌ند) یان (به‌نده‌كان) له‌شوێن وشه‌ی (به‌ندی) و (به‌ندییه‌كان) به‌كارهێنراوه.
2- له‌ڕۆمانی سێگۆشه‌ی سنوور دوو جار وشه‌ی سمیرنۆڤ و له‌ڕۆمانی كاروانی چه‌كیش جارێك وشه‌ی سمیرنۆف نووسراوه، مه‌به‌ست لێی چه‌كی (سیمنۆڤ Simonov) ـه.
* له‌لاپه‌ره‌كانی 185 و 198 ی ڕۆمانی سێگۆشه‌ی سنوور، دوو جار به‌یه‌ك شێوه وه‌سفی دێی چینگیان كراوه.
* چیڕۆكخوێن له‌ڕۆمانه‌كانیدا جۆراوجۆرانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناوی كه‌سه‌كان كردووه. له‌پێشه‌وه‌یاندا ناوی راسته‌قینه‌ی خۆی به‌كارنه‌هێناوه. ناوی هه‌ندێك لهكهسهكانیشی ته‌نیا به‌ناوی خۆیان هێناوه، بۆیه ناسینیان ئاسان نییه. هاوكات له‌ڕۆمانی سێگۆشه‌ی سنوور ناوی كه‌سانێكی به‌ته‌واوی هێناوه، له‌وانه (مولازم عومه‌ر و عوسمانی قادر منه‌وه‌ر) كه‌به‌لای خوێنه‌ر ئه‌وانه ناسراون. كه‌سایه‌تی وه‌هاش هه‌یه ناوی نه‌هێناون ته‌نیا ئاماژه‌ی بهپلهیان داوه. بۆ نموونه له‌ڕۆمانی كاروانی چه‌ك، وه‌سفی شێوه و لێهاتوویی كه‌سی فه‌رمانده و قسه‌ڕۆیشتووی ناو كاروانه‌كه‌ی كردووه. به‌هه‌مان شێوه له‌سه‌ركردایه‌تی نێوزهنگیش ئاماژه‌ی به به‌رپرسی باڵا داوه و ناوی نه‌هێناوه. له‌دوا رۆمانیشدا پیته‌كانی (م) و (ھ) بۆ ناوی دوو كه‌س به‌كارهێناوه.
* هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ڕۆمانی هه‌یئه سزای به‌ندییه‌كان ده‌ده‌ن و رووی ره‌شی سته‌مكارانیان به‌رجه‌سته‌كردووه، عه‌ره‌ب و كوردی نه‌زانبوون. هه‌موو فهرمانهكانیشیان به‌زمانی عه‌ره‌بی بوو، به‌ڵام نووسه‌ر بۆ هیچیان ئاماژه‌ی به‌وه نه‌كردووه ئه‌وان به‌عه‌ره‌بی قسه‌یان كردووه. ته‌نیا له دوو شوێنی ئه‌و رۆمانه نه‌بێت باسی قسه‌كردن به‌عه‌ره‌بی كراوه، یه‌كێكیان له‌كاتی گێڕانه‌وه‌ی قسه‌ی غازی و ئه‌وی دیكه‌ش له‌كاتی گیرانی حه‌مه ته‌های پێشمه‌رگه. به‌ڵام له‌ڕۆمانی زیندانی گه‌ڤه‌ڕ ئاماژه به‌بوونی وه‌رگێڕ كراوه.
* له‌هه‌موو ئه‌و شار و ئاواییانه‌ی كوردستان كه چیڕۆكخوێن و پێشمه‌رگه‌كانی دیكه روویان تێكردوون، ئاماژه به‌وه دراوه خه‌ڵكی به‌گه‌رمی میواندارییان كردوون و داڵده‌یان داون و چاوساغیشیان بۆ كردوون.
ئاكۆ عه‌بدوڵا
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.