Erbil 38°C یەکشەممە 06 تشرینی یەکەم 21:18

یاسایەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەرەپێشبردنی ئیشوکارەکان پەسەند کرا

کوردستان TV
100%

یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی 06ـی 2022 لەلایە پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کرا، لەمبارەیەوە وەزیری شارەوانی  جەختی کردەوە کە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردنی ئیشوكارەكانە.

وەزارەتی شارەوانی لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان کە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی تێیدا ئامادەیبوو، یاسای نوێی وەزارەتەکە پەسەند کرا کە یاساكەی پێشوو ماوەی دوازدە ساڵ بوو كاری پێدەكرا بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەمدا بە پێویستیزانی یاسایەكی نوێ كە لەگەڵ سەردەم بگونجێت پێشنیار بكات.

ڕاشیگەیاند: ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە یاسا كۆنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەكات، یاسای ژمارە (12)ی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ساڵی 2020 لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووبوو، واتە ماوەی دوازدە ساڵ بوو كاری پێدەكرا، بۆیە بەهۆی گۆڕانكاری و پێشهاتی نوێ و بۆ بەرەوپێشبردنی ئیشوكارەكان و بۆ ئەوەی دامەزراوە و فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بتوانن خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بكەن، لەم كابینەیەدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە پێویستیزانی یاسایەكی نوێ كە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت، پێشنیار بكات.

ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم یاسا نوێیەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشتر لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕ و شارەزا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كاری تێدا كرا و دوای ئەوەی ڕێكارە یاساییە پێویستەكانی بڕی، نێردرایە پەرلەمان و دواتر لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانەوە گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە كرا و ئەمڕۆش پەسەند كرا.

وەزارەتەکە جەختیشی کردۆتەوە کە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردنی ئیشوكارەكانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.