بهپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی یەک هەفتەدا 2 هەزار و 528 ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: خواستی هاووڵاتییان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە و بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، 2 هەزار و 528 ئۆتۆمبێل بۆ یەکەمجار تۆمار کراون کە هەزار و 850 ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای هەولێر و 499 لە پارێزگای سلێمانی و 179 لە پارێزگای دهۆک بوون.
ڕاشیگەیاند: گۆڕینی تابلۆی نوێش لە لایەن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە، لەدوای یەکخستنی تابلۆکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق، بووەتە جێگەی بایەخی هاووڵاتییان و تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا هەزار 393 تابلۆی ئۆتۆمبێل گۆڕاوە کە 825 لە پارێزگای هەولێر و 68 لە پارێزگای سلێمانی و 322 لە پارێزگای دهۆک و 129 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 22ـیان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆبوون.
لەبارەی رووداوەکانی هاتووچۆ و سەرپێچی هاتووچۆ ڕوونیشیکردووەتەوە کە سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی شەقامی نوێ و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و دانانی هێماکانی هاتووچۆ و توندکردنەوەی سزاکان بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا 53 ڕووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان ڕوویان داوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.