Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 18:30

سەرۆکی ئۆکراینا داوای چەکی زیاتری لە سەرکردەکانی G7 کرد

کوردستان TV
100%


سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە سەرکردەکانی G7 کرد دژ بە رووسیا هاوکاری چەکی زیاتریان بکەن بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیشەوە.

ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری کرد لە لووتکەی سەرکردەکانی G7دا کە لە کۆشکی ئێلماو لە ویلایەتی باڤاریا-ی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، و گوتارێکی پێشکەش کرد.

زێلێنسکی داوای لە سەرکردەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن کرد چەکی زیاتر بۆ وڵاتەکەی دابین بکەن بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیشەوە.

هاوکات داوای لەو سەرکردانە کرد لە پاڵ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیادا، هاوکاری کیێڤ بکەن لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دانەوێڵەدا و هاوکاری دارایی بکەن بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئۆکراینا.

لەلایەکی دیکەوە، لە کاتێکدا جەنگی رووسیا-ئۆکراینا 124 رۆژە بەردەوامە، جەنگی ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە لەسەر ئاسایشی خۆراک و وزە و ئابووریی جیهانی، لە نێو بابەتە سەرەکییەکانی دووەم رۆژی لووتکەی سەرکردەکانی G7 دەبێت.

بڕیارە ئەمڕۆ سەرکردەکانی G7 لە پێنجەمین دانیشتنیاندا گفتوگۆ بکەن لەبارەی بابەتەکانی وەبەرهێنان لەپێناو داهاتوویەکی باشتر لە بواری کەشوهەوا، وزە و تەندروستییدا.

پاش نیوەڕۆ سەرکردەکان لە ژێر ناوی ''ئاسایشی خۆراکی جیهانی و یەکسانی رەگەز''دا بەشداری دەکەن لە شەشەمین دانیشتندا و، تیایدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ سەرکردەکاندا باسی قەیرانی خۆراکی جیهانی دەکات.

دووەم رۆژی لووتکەکە بە خوانێکی ئێوارە کە تیایدا سەرکردەکان و هاوسەرەکانیان بەشداری دەکەن کۆتایی دێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.