بههۆی شەهیدکردنى هەردوو مامۆستاكهی زانكۆی سهڵاحهدین، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماتەمینى سەرتاسەرى لەسەرجەم زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان ڕادەگەیەنێت و چەند بڕیارێکیش بۆ ڕاگرتنی بۆنە و چالاکییە زانستییەکان لە زانکۆ حکوومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دەر دەکات.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەم بە ئامادەبوونى د. ئارام محهمهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و فەرمانبەران و مامۆستایان، ڕێوڕەسمێکى ماتەمینى بۆ شەهیدکردنى هەیەک لە د. کاوان ئیسماعیل ڕاگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین و د. ئیدریس حەمەخان مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچوو.
لە سەرەتاى ڕێوڕەسمە ماتەمینییەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەریەک لە مامۆستایانى شەهید دوو مامۆستا و ئەکادیمى بەتوانا و شارەزا و لێهاتوى زانکۆى سەڵاحەدین بوون و لە ڕووداوێکى چاوەڕواننەکراو و نەخوازراودا شەهید کران، بۆیە وەک وەزارەتەکەمان پرسە و سەرەخۆشى ئاراستەى کەسوکار و خانەوادەى مامۆستایانى شەهید دەکەین و هیواى چاکبوونەوەى خێراش بۆ بریندارەکە دەخوازین.
هەروەها بە توندى ئیدانەى ئەم جۆرە دەستدرێژییانە دەکەین و لەپێناو سەروەرى یاسا و پاراستنى حەرەمى زانکۆکان هەموو ڕێکارێکى یاسایی دەگرینەبەر، هیواشمان وایە هەمو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتى ئەکادیمى زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگ بن بۆ ئەوەى ببینە بەربەست و نەهێڵین ئەم دیارەدە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمى زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت.
د. ئارام محهمهد قادر زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى ڕاسپارد بە داگرتنى ئاڵاى وەزارەت و زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى سێ رۆژ و ڕاگرتنى سەرجەم چالاکییە زانستییەکان و مەراسیم و بۆنە و ئاهەنگەکانى دەرچوون لە سەرجەم زانکۆکانى حکوومى و تایبەت بۆ ماوەى سێ ڕۆژ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.