Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 16:27

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا : قۆناغێكی نوێی پشتیوانی ڕۆژئاوا بۆ كیێڤ دەستپێدەكات

ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلاری دیكەی بۆ یارمەتیدانی ئۆكرانیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەشكركێشی ڕووسیا تەرخان كردووە
کوردستان TV
100%

بۆریس جۆنسۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: چەك و مەشق و ڕاهێنانی بەریتانیا بەرگرییەكانی ئۆكرانیا لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا دەگۆڕێت.
حكومەتی بەریتانیا لە میانی كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە مەدرید، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند كە ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلاری دیكەی بۆ یارمەتیدانی ئۆكرانیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەشكركێشی ڕووسیا تەرخان كردووە ، ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەم هاوكارییە سەربازییە نوێیە بە تایبەتی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لەخۆدەگرێت.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە ئەم بڕە زیادەیە دەبێتە 2.3 ملیار پاوەند (نزیكەی 2.8 ملیار دۆلار) كۆی بەهای ئەو هاوكارییە سەربازییانەی لە دوای لەشكركێشییەكەوە لەندەنەوە بە كیێڤ پێشكەشی كردووە.
لە بەیاننامەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە ئەم هاوكارییە "قۆناغێكی نوێ"ی پشتیوانی ڕۆژئاوا بۆ كیێڤ دەستپێدەكات، كە سوپای ئۆكرانیا بەوەوە دەتوانێت هێرشی دژە هێرش بكات.
لە بەیاننامەكەدا لە زاری بۆریس جۆنسن سەرۆكوەزیرانی بەریتانیاوە هاتووە، "لەگەڵ نەگەیشتنی ئەو دەستكەوتانەی كە پلانی بۆ دانابوو و هیوای بۆ دەخواست و هەمووان دڵنیابوون لە بێهودەیی ئەم جەنگە، هێرشەكانی پوتین بۆ سەر خەڵكی ئۆكرانیا زیاتر و زیاتر بەربەری بوون". 
جۆنسۆن جەختی لەوە كردەوە كە "چەك و ئامێر و مەشق و ڕاهێنانی بەریتانیا بەرگرییەكانی ئۆكرانیا لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا دەگۆڕێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە گەڵ گەلی ئۆكرانیا بۆ دڵنیابوون لە شكستی پوتین لە ئۆكرانیا".
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.