پارێزگاری ههولێر ئاشكرای كرد كه بەهۆی خراپی فرۆشتنی بەنزین و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى 46 بهنزینخانهی تر سزادران.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر ڕایگهیاند: بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بە هاووڵاتیان و لهبهرامبهر دەستکاریکردنى كوالێتی بهنزین، لەماوەی دوو هەفتەدا (46) بەنزینخانەی تر لە هەولێر و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزادراون و ڕێکارى یاسایی لە بەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.
ڕاشیگهیاند: کۆی گشتی ئەو بەنزینخانەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە تاکو ئەمڕۆ پێنجشهم سزادراون (122) بەنزینخانەن.
ئومێد خۆشناو ئاماژهی بهوهش دا كه لەو ژمارەیەشدا (3) بەنزینخانە بەهۆی دووبارەکردنەوەی سەرپێچی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتییهوه، ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە كه بریتین له:-
یەکەم/ بەنزینخانەی فیرارى
دووەم/ بەنزینخانەی هیوا/ تەیراوە
سێیەم/ بەنزینخانەی رۆڤا
پارێزگاری ههولێر هاووڵاتییانی دڵنیا كردهوه كه تیمەکانى لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ بفرۆشنە هاووڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین دەکەن.
ههروهها داواشی لە هاووڵاتییان كرد كه لە کاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنى بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى کوالێتیەکەى، لە زووترین کات ئاگادارى قائیمقامییەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.