یانه‌س ستۆڵتێنبێرگ سكرتێری گشتیی په‌یمانی ناتۆ له كۆتایی كۆنگره‌ی لووتكه‌ی سه‌رانی وڵاتانی ئه‌ندام له ناتۆ له مه‌درید هۆشداری له‌سه‌ر دروستبوونی شه‌ڕێكی فراوانی نێوان ڕووسیا و ناتۆی دا.
ستۆڵتێنبێرگ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ئه‌م شه‌ڕه‌ی ڕووسیا دژ به ئۆكراینا ده‌بێته هۆی مه‌ینه‌تی و زیان به‌ركه‌وتن و مردن و وێرانكارییه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ر و زۆر له‌وه خراپتر له‌وه‌ی ئێستا له ئۆكراینا دیومانه.
سكرتێری گشتیی په‌یمانی ناتۆ گوتی: هه‌ر یه‌ك له فنله‌ندا و سوید دوو ده‌وڵه‌تی خاوه‌نی سه‌روه‌رین و ده‌توانن ڕێگه‌ی خۆیان هه‌ڵببژێرن و له ناتۆ ببن به ئه‌ندام.
یانه‌س ستۆڵتێنبێرگ دووپاتی كرده‌وه كه لووتكه‌ی ناتۆ به‌هێزتركردنی تواناكانی وڵاتانی باڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕێكخراوه‌كه‌یان په‌سه‌ندكرد له‌گه‌ڵ پشتیوانیكردنی ئۆكراینا كه پێویستی به چه‌كی قورس و پێشكه‌وتووه هه‌یه بێجگه پته‌وتركردنی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی ڕیكخراوه‌كه له ئۆقیانووسی ئارام و زیادكردنی بوودجه‌ی ڕێكخراوه‌كه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه شه‌ڕی ڕووسیا دژ به ئۆكراینا قبووڵكراو نییه و كاریگه‌ری نه‌رێنی بۆ هه‌موو جیهان ده‌بێت و داوای له سه‌رۆكی ڕووسیاش كرد هێزه‌كانی له خاكی ئۆكراینا بكشێنێته‌وه.
گوتیشی: كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین كاریگه‌رییه‌كانی شه‌ڕ له‌سه‌ر ئۆكراینا كه‌م بكه‌ینه‌وه و سه‌رله‌نوێ ده‌ست به هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵە له ئۆكراینا بكرێته‌وه. گوتیشی کە ته‌نگژه‌ی خۆراك له جیهاندا ده‌ره‌نجامێكی ڕاسته‌وخۆی شه‌ڕی ڕووسیایه دژ به ئۆكراینا.
ئاشکراشی کرد کە بڕیاری به ئه‌ندامبوونی فنله‌ندا و سوید له ناتۆ وه‌رگیراوه و به‌منزیكانه به فه‌رمی واژۆ ده‌كرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.