Erbil 38°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 02:19

نوێترین چاوپێکەوتنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی میسڕی بڵاوکرایەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی (وەفد)ـی میسڕی ئەنجام دا و تێیدا باسی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە دەکات، (کوردستان تیڤی) بەشێکی چاوپێکەوتنەکە بڵاو دەکاتەوە.  

سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (وەفد)ـی میسڕی ڕایگەیاند: بەداخەوە دۆخی ئێستای عێراق سەختە، دووچاری قەیرانێکی قوڵ بووەتەوە بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دروست بووە، لە گفتوگۆ بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.

ڕاشیگەیاند: دوای کشانەوەی سەدر، دۆخەکە هێشتا لە قۆناغێکی سەرەتاییدایە. جەختیشی کردەوە کە ئێمە پەیوەندی دۆستانەمان لەگەڵ سەدر هەیە و پەیوەندی بە هاوپەیمانییەتییەکەمانەوە نییە، بەگشتیش هاوپەیمانییەتییمان لەسەر بنەمای دوژمنایەتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پێکنەهێناوە، بەڵکو ئێمە پێمانوایە کە پێویستە هاوپەیمانییەتییەکان لەسەر بنەما نیشتمانییەکان بنیات بنرێت کە بناغەکەی دەستوور بێت و ئامانجی پاراستنی دەستکەوتەکانی هاووڵاتییان و کارکردن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕۆحێکی تەواو نیشتمانپەروەرانە بێت.

سەرۆک بارزانی سەبارەت بە مافەکانی کورد لە بەغدا ئەوەشی خستەڕوو کە سەرکەوتوو بووین لە داڕشتنی دەستوورێکی باش کە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقییەکان زامن بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا پێیەوە پابەند نەبوونە.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان سەرۆک بارزانی گوتی: بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووانی سەدان گوند، هەروەها بوونەتە ڕێگر لەبەردەم حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، جگە لەوەش بوونەتە هۆکاری کوژران و برینداربوونی سەدان کەسی مەدەنی لەو ناوچانە، بوونەتە بیانووێکیش بۆ داگیرکردنی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیا.

سەرۆک بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکیش سەبارەت بە پێشمەرگە گوتیشی: دامەزراوەیەکی نیشتمانییە کە دەیان ساڵ لەمەوبەر لەناخی خەڵکەوە وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ سەریهەڵدا و خەباتی کرد و هەزاران شەهیدی لەپێناو کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێکهاتە و ئایینەکان بەخشی، هەر بۆیە سەرەڕای ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن بەغداوە بەسەر پێشمەرگە سەپێنرا، بەڵام ئیرادەی تۆکمە و یەکڕیزی پێشمەرگە وایکرد ئازایانە بتوانێ لەگەڵ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئەفسانەی ترس لە تیرۆریستانی داعش تێک بشکێنێت و ببێتە هێمایەک بۆ بەرخۆدان و خۆڕاگری و ئازایەتی.

لەبارەی یاسای نەوت و گازەوە ئاماژەی بەوە دا کە بەداخەوە هێز هەیە کار بۆ ئەوە دەکەن یاساکە بەشێوەیەکی نیشتمانی و بە کۆکبوونی هەموو عێراقییەکان دانەڕێژرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی بابەتەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی. ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسایەک بۆ ئەوەی پرسی وزە ڕێکبخات، نەک تەنیا لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵکو لەنێوان هەموو پارێزگاکان کە بەرهەمی نەوتیان هەیە. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2007ـەوە جددی بووایە لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز، کاتێکی زۆرمان بۆ دەگەڕاوە و زۆربەی کێشەکانیش چارەسەر دەبوون.

سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنەکە ئاماژەی بەوەش دا کە تاکڕەوی لە حوکمدا و دوورخستنەوەی کەسانی دیکە، دەستوەردانی دەرەکی و پەراوێزخستنی دەستوور ئەو شتانەن کە من نیگەران دەکەن، هیوا دەخوازم بتوانین هەمیشە بە ئاشتی بژین.  

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.