Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 13:02

ئەو منداڵانەی لەپشت پەردەكانی شانۆوە گەورەبوون

کوردستان TV
100%


رۆژگارێك پڕ لەیادەوەری پر لەنووسینەوەی یاداشت لەڕۆژە سەختەكانی كاركردنی تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە چ وەك خۆم كە كاری دەرهێنانم كردبێ یان وەك ئەو دەرهێنەرە بەرێزانەی كە لەتیپەكەی ئێمە كاریان كردوە، دەتوانم وێنەیەك لەو ڕۆژانە بەڕوخساری گەشی ئەو منداڵانە بنەخشێنم كە وەك ئێمە لەهۆڵە ساردو گەرمەكانی شانۆدا لەچاوەڕوانیدا بون بۆ ئامێزی گەرمی دایكەكانیان لەپشت كامێرای وێنەگرتنی دراماكانەوە  یان لەتێڕامان و ئەبڵەق بونیان بۆ ئەو جوڵەو دایەلۆگ و ئاماژەو هاوارانەی سەر شانۆ كە ئەوان هیچی لێ تێ نەئەگەیشتن لەسەر شانۆكانی شارەكەم (شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەكان، شانۆی ئامادەیی سلێمانی كوڕان، شانۆی هۆڵی ڕۆشنبیری، شانۆی هۆڵی تەوار، شانۆی سەڵاحەدین، شانۆی سەنتەری گەنجان كە بەداخەوە ئێستا نمایشی تێدا ناكرێ، شانۆی قوتابخانەی خالیدیەی سەركارێز كە ئێستا فەرامۆش كراوە)، هەر شانۆیەك لەهەر گۆشەیەكی شاردا هەبوبێ ئێمە بێ پەروا نمایشمان تێدا كردوەو دەنگ و هاوارو  گریانی ئەو منداڵانەمان لەتەك خۆماندا بەرزكردۆتەوە، چونكە بەمافێكی خۆمی دەزانم كە مێژوی ئەو ئەو منداڵانە بەزر بنرخیێنم ئەوان بەشێك بوون لەمێژوی كاركردنی ئێمە هەر لەمنداڵەكانی خۆمەوە (هەسارەو هە یاس)  و (هۆزاك) نەرمین كاوانی (لارە)ی رۆزا ئومێد و( ئیڤان)ی بەیان بۆمبا و (هانی و لانی) هەواڵ عوسمان و (نازیلە و نامی) بنار نەجمەدین و (كەزی) شادی ئارام  و (سەما)ی پەری ئەحمەد و (هەنی) بەیان عوسمان  و(لاس)ی سۆزان بابە عەلی و (ئورفان)ی بیستان سالار و (ڤینیس)ی لینا عوسمان.
هەمویان چیرۆكێك بوون بەئێستاشەوە تەنها خۆشم لێیان تێ نەدەگەیشتم هەرچەندە دەمزانی كە هەمیشە هەستێك لە ناخیاندایە ئەویش ئەوەیە كە بەزۆر دەهێنرانە هۆڵێكەوە شوێنی ئەوان نەبوو ماڵی یاریكردن و گەمەی ئەوان نەبوو لەسەفەرەكاندا لەشانۆی شارەكانی تردا زۆر كات غەدرمان لەتەمەنی منداڵیان دەكرد،چونكە ئەو كاتانەی هاورێكانیان لە گەرمەی یاریكردندا دەبوون ئەمان لەو شوێنەدا بێدەنگ دادەنیشتن و بێدەنگیش دەكران،  ئەو كاتانە بۆ من چیرۆكێك بوو پڕ لەجوانی و شیرینی و تاڵی و ئازار لە نێوان كاركردن و پێكەنین و گرۆزی و گریان وخەندەی ئەو منداڵانەدا نەم دەزانی چۆن و بەچ شێوەیەك و بە چ ڕەنگێ ئەم وشانە بهۆنمەوە كە چەندەها جار لەهۆڵە گەرم و ساردەكانی پرۆڤەو نمایشدا ئەم منداڵانە یان هێندە ساوا بوون لەكاتی پشوەكاندا دایكە شانۆكارەكان بەپەلە رایان دەكرد و شیریان بۆ ئامادە دەكردن یان خوێندكار بون و ئەركی سەعی كردنیان لەگەڵ جانتای قوتابخانەدا دەهێنایە هۆلەكەوەو كاتەكەیان لەوێ پر دەكردەوە، ڕۆژگارێكی زۆرم بەم شێوەیە بەرێكرد، ئەوەم درك پێ كردبو كە منداڵ گەلێك لە ئامێزی گەرمی دایكانیاندا بەنازەوە گەورە دەبن، هەندێكیش لەنێو شۆستەی سەر شەقامەكاندا ڕۆژدەكەنەوە و زۆرێكیش لەنێو شوێنی بێسەرپەرشتان و هەندێكی تریان لەنێو خێزانە ئاساییەكانداو لەچەندەها شوێن و شوینی تردا منداڵی خۆیان دەنوسنەوە، بەڵام بۆ من ئەم منداڵانە كاتێ ئاوڕم دایەوە زەمەن گەورەی كردبوون بەئێستاشەوە كە دەیان بینمەوە هەندێك لەوانە دووبارە ژیانی شانۆیان هەڵبژاردەوەو وێنەی فیلمی دایكەكانیان دەستپێكردەوەو هەندێكی تریان بەهیچ شێوەیەك بەلای دەرگای هۆڵەكانی شانۆشدا تێ ناپەڕن، هەندێكیشیان تەنها بینەرن و رۆژانی ڕابردویان و ئێستایان پێكەوە بەراورد دەكەن ئەوان ئێستا وەك  نەمام پرن لەگەڵای سەوزی تێر ئاو  بۆنی خاك لەرۆحیان دەبارێ بینینیان بۆ من وێنەی بۆن خۆشی گوڵێكە كە خۆم دەزانم چۆن پەروەدە كراون چونكە ئەو ساتانە دایكەكانیان تەنها ژن نەبوون بەڵكو مرۆڤی بوێر بوون، هاووڵاتی بەئەمەك بوون، شانۆكاری ڕاستەقینە بوون لەخزمەتی خێزان و پەروەردەی منداڵەكانیاندا بۆیە منداڵەكانیان جیاواز لەهەموو منداڵانی تر لەپشت پەردەكانی شانۆوە گەورە بوون، بۆ شانۆكەی من هەمیشە خۆیان و منداڵەكانیان مایەی  شانازین كە خەم خۆرانە بەئازاری دایكایەتیەوە  شانۆكانیان ڕوناك كردۆتەوە.
گەزیزە عومەر

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.