دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 04ـی 07ـی 2022 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕێگە بە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی نەدرا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە هۆکارەکەی بۆ کوردستان تیڤی ئاشکرا کرد.
ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕایگەیاند: فڕۆکەیەکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕێگە بە نیشتنەوەی نەدرا کە بڕیاربوو یەکەم گەشتی لەنێوان ورمێ-هەولێر ئەنجام بدات.
سەبارەت بە هۆکارەکەی ڕاشیگەیاند: بەهۆی ئەنجامنەدانی چەند ڕێکارێکی پێویست بوو لەلایەن ئەو فڕۆکەیەوە.
لەبارەی ئەو ڕێکارانەوەش ئەحمەد هۆشیار ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ڕێکارانە بریتی بوون لە پێدانی زانیاری تەواو سەبارەت بە فڕۆکە و سەرنشینەکان و هەندێک ڕێکاری دیکەی پێویست، بەڵام ئەو فڕۆکەیە ئامادە نەبووە کە ئەو زانیارییانە بە فڕۆکەخانەکە بدات و ڕێکارەکان ئەنجام بدات.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر جەختیشی کردەوە کە ماوەی چوار ڕۆژە داوایان لەو فڕۆکەیە کردووە بۆ پێدانی زانیارییەکان کە ڕێکارێکی یاسایی و ئاساییە، بەڵام ڕەتی کردۆتەوە، بۆیە فڕۆکەخانە ڕێگەی بە نیشتنەوەی نەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.