لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، ئەمڕۆ پێنجشەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دادی کرد و لەلایەن فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد پێشوازی لێ کرا.
پاشان سەرۆکی حکوومەت بە ئامادەبوونی وەزیر و سەرۆکی ئەنجوومەنی شورا و سەرۆکی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دادی کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیری داد کورتەیەکی دەربارەی پەیکەر و بەشەکان و کار و چالاکی و پلانەکانی وەزارەت و کارکردنیان لەچوارچێوەی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد.
دواتر سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا ئاماژەی بە گرینگیی وەزارەتی داد و سەقامگیربوونی دادپەروەری بە گشتی کرد و گوتی، دادپەروەریی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاووڵاتییان بنەمای سەرکەوتن و بەهێزبوون و مانەوەی هەر دەسەڵات و حکومڕانییەکە، بۆیە خوازیارم وەزارەتی داد و هەموو دامودەزگاکانی حکوومەت کار لەپێناو جێبەجێکردنی دادپەروەری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەگشتی و بەبێ جیاوازی بکەن.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرینگیی نەهێشتنی ڕۆتین و بیرۆکراسی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ هاووڵاتییان و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکوومەت کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی حکوومەتی لەگەڵ دادگاکانی کوردستان دەربڕی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەییانە و بە خێرایی ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و لە بە سزاگەیاندنی تاوانباران و سەرپێچیکارانی یاسا بە گشتی و بەتایبەتیش بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، هیچ کەمتەرخەمییەک نەکەن.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت وەڵامی تێبینی و سەرنج و پێشنیاری ئامادەبووانی دایەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.