ئەو خۆپیشاندەرانەی دەستیان کردووە بە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە دژی حکوومەتی سریلانکا بەهۆی قەیرانی دارایی و زەحمەتبوونی ژیان، چوونە ناو باڵەخانەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە لە کۆڵۆمبۆی پایتەخت.
هەزاران خۆپیشاندەر کە لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەوە هاتبوون و ئاڵای رەشیان بەرز کردبووەوە، دوای هەڵگرتنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە کە ئێوارەی دوێنێ راگەیەندرابوو، لە کۆڵۆمبۆ گردبوونەوە.
میدیاکانی سریلانکا بڵاویان کردەوە سەدان خۆپیشاندەر ئەو بەربەستانەیان بڕیوە کە لە دەروبەری شوێنی مانەوەی فەرمیی سەرۆکی سریلانکا، گۆتابایا راجاپاسکا و نووسینگەکەی داندرابوون.
هێزە ئەمنییەکانیش بەمەبەستی بڵاوەپێکردن بەو خۆپیشاندەرانەی چوونەتە ناو باڵەخانەی سەرۆکایەتییەوە، گوللەیان به ئاسماندا تهقاندووه.
میدیاکانی ئاسیایش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دوای چوونی خۆپیشاندەران بۆ ناو باڵەخانەی سەرۆکایەتی، سەرۆکی ئەو وڵاتە باڵەخانەکەی جێهێشتووە و چووەتە شوێنێکی پارێزراو.
پۆلیس و سەربازانی ئەرکدار لە کۆڵۆمبۆ دوای ئەوەی خۆپیشاندەران داوایان کرد سەرۆکی وڵات، گۆتابایا راجاپاسکا و سەرۆکوەزیران، رانیل ویکرەمسینگ دەست لەکار بکێشنەوە، رێوشوێنە ئەمنییەکانیان لە دەوروبەری باڵەخانەی سەرۆکایەتی چڕتر کردەوە.
ئەو قەدەغەی هاتوچۆیەی دوێنێ کاتژمێر 9:00 ى شهو راگەیەندرا دوای ناڕازەیەتی دەربڕین لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و پارێزەرانەوە، بەیانیی ئەمڕۆ هەڵگیرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.