Erbil 38°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 07:28

سەرۆكی ئەمریكا : سعوودیە 80 ساڵە هاوبەشی ستراتیجیمانە

سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەم بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ و هیوابەخش
کوردستان TV
100%

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، ئاشكرایكرد، ئامانجی لە سەردانەكەی بۆ سعوودیە بەهێزكردنی پەیوەندییە ستراتیجییەكانە لەگەڵ ئەو وڵاتە.
بە ناونیشانی "ئامانجی سەردانەكەم بۆ سعوودیە"، جۆ بایدن گوتارێكی بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسیوە.
بایدن بە ئاماژەدان بەوەی كە سەردانەكەی بۆ ئیسرائیل و كەناری رۆژئاوا و سعوودیە لە 13-16ی تەمووز گرنگە بۆ بەرژەوەندی ناوچەكە و ئەمریكا، گوتی: "هەفتەی داهاتوو سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەم بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ و هیوابەخش لە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ناوچەكە".
سەرۆكی ئەمریكا ئەوەی خەستەڕوو كە سەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ئەمریكایە لە زۆر پرسدا، راشیگەیاند: "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیستادا زۆر سەقامگیرتر و پارێزراوترە لەو كاتەی كە 18 مانگ لەمەوبەر دەستبەكاربووم. كشانەوەی سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بووە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە چالاكییەكانی لە پیتاندنی وزەی ئەتۆمی زیاتر بكات. بەردەوام دەبین لە هەوڵە دیبلۆماتییەكانمان بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ ئەم رێككەوتنە".
بایدن وەبیریهێنایەوە كە راپۆرتی هەواڵگرییان لەسەر كوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی بڵاوكردووەتەوە و لەو رووەوە سزایان بەسەر 76 كەسدا سەپاندووە.
جۆ بایدن بە ئاماژەدان بەوەی كە سعوودیە لە ئێستادا پاڵپشتی لە ئاگربەستی یەمەن دەكات و لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی ئۆپێك كاردەكات بۆ سەقامگیركردنی بازاڕەكانی نەوت، گوتی: "هەر لەسەرەتاوە ئامانجم پچڕاندنی پەیوەندییەكان نەبوو، بەڵكو باشتر كردنی پەیوەندییەكان بوو لەگەڵ ئەو وڵاتە (سعوودیە) كە 80 ساڵە هاوبەشی ستراتیجیمانە".
بایدن ئاشكرای كرد ئەو دەزانێت زۆر كەس ناڕەزایەتیان هەیە بەرامبەر بەم سەردانە، گوتی: "وەك سەرۆكی ئەمریكا، ئەركی منە كە وڵاتەكەمان بەهێز و ئارام بهێڵمەوە. دەبێت بەرامبەر دەستدرێژییەكانی رووسیا بوەستینەوە، خۆمان لە باشترین شوێن دابنێین بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین، كار بۆ سەقامگیری زیاتر بۆ هەموو جیهان بكەین. بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەمانە، پێویستە راستەوخۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا كار بكەین. سعوودیە یەكێكە لەو وڵاتانە. ئامانجم لە كۆبوونەوەكەی رۆژی هەینی بەهێزكردنی هاوبەشی ستراتیجیمان دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و بەرپرسیارێتی هاوبەش".
سەرۆكی ئەمریكا بە ئاماژەدان بەوەی رۆژی هەینی یەكەم سەرۆكی ئیسرائیل بە فڕۆكە گەشت دەكات بۆ جددە، ئاماژەی بەوەكرد ئەم گەشتە دەبێتە هێمایەك بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و جیهانی عەرەبی.
جۆ بایدن ئەوەیشی خستەڕوو كە هێشتا كێشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە وەك بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، شەڕی ناوخۆی سووریا، قەیرانی ئاسایشی خۆراك، تیرۆر، كێشە سیاسییەكان و مافەكانی مرۆڤ لە عێراق و لیبیا و لوبنان، ئاماژەی بەوەشكرد كە لە سەردانەكەیدا لەسەر ئەم پرسانە دەدوێت.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.